ئامانج لەکاتی بەشداربوونی لە دانیشتەکەدا
سبەی
لە هەرێمی کوردستان، سێ کەس بە تۆمەتی بازرگانی کردن بە مرۆڤەوە (قاچاخچی) دەستگیرکران، ئەو کەسانە تۆمەتبارن بە پەڕاندنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ ئەوروپا و بەریتانیا.
بەپێی هەواڵێکی بی بی سی بەریتانی، گروپێکی سێ کەسی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن ئاسایشی کوردستانەوە دەستگیرکراون بە تۆمەتی هەبونی پەیوەندی لەگەڵ (ئامانج حەسەن زادە) کە ماوەیەک بەر لەئێستا بەهۆی بڵاوبونەوەی ڤیدیۆکەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە بەریتانیا دەستگیرکراو بە 17 ساڵ زیندانیکردن لەلایەن دادگای بەریتانیاوە سزا درا.
بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای نیشتیمانی تاوانی بەریتانی، ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە سێ ئۆپەراسیۆندا، توانیویانە سێ هاوڵاتی هەرێمی کوردستان دەستگیربکەن، یەکێک لەوانە تەمەنی 38 ساڵە و تۆمەتبارە بە گواستنەوەی پەنابەران لە تورکیاوە بۆ یۆنان و ئیتاڵیا لە رێگای بەلەمی بچووکەوە.
یەکێکی دیکە لە دەستگیرکراوەکان پیاوێکی 40 ساڵە کە کاری حەواڵەی بانکی دەکات لەبری (ئامانج حەسەن زادە)، واتە ئەم کەسە نێوەندگیر بووە لەنێوان قاچاخچییەکان و پەنابەران.
کەسی سێیەم، پیاوێکی دیکەی 30 ساڵانە و بە تۆمەتی نێوەنگیریکردن لەنێوان پەنابەران و قاچاخچییەکان لە کاری کردووە، واتە پەنابەری زیاتر بۆ قاچاخچییەکان کۆکردوەتەوە.
بەپێی هەواڵەکەی بی بی سی، هەر سێ دەستگیرکراوەکە لە نێوان 8 بۆ 12ـی ئەم مانگە لە پارێزگای سلێمانی دەستگیرکراون.
ئامانج حەسەن زادە ناسراوە بە (ئامانج زەمان)، هاوڵاتیی هەرێمی کوردستانە تەمەنی 34 ساڵە و لە شاری پریستۆنی بەریتانیا نیشتەجێبووە، سزادراوە لەلایەن دادگای بەریتانیاوە بە تۆمەتی پەڕاندنەوەی پەنابەران لە فەڕەنساوە بۆ بەریتانیا. ئامانج ئەو کاتە ئاشکرا بوو کە لە دانیشتنێکی گۆرانی وتنی میلیدا (گەعدە)، گۆرانیبێژەکە بەندی بەباڵا هەڵدەدات و بە باشترین قاچاخچیی پێناسەی دەکات، ئەو ڤیدیۆیە بوو بە هۆکاری دەسگیرکردن و سزادرانی بۆ ماوەی 17 ساڵ لەلایەن بەریتانیاوە.
بەپێی ئامارەکانی بەریتانیا، تەنها لە 2024 زیاتر لە 70 پەنابەری نایاسایی لە کەناڵی ئینگلیز خنکاون، بۆیە حکومەتی بەریتانیا دەیەوێت بەهەر ڕێگایەک بێت چوونی پەنابەرانی نایاسایی بۆ وڵاتەکەی رابگرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لە ماوەکانی رابردوودا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ژمارەیەک کۆبونەوەیان کرد.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە سەرەتای ساڵی 2020 تا کۆتایی 2024، زیاتر لە 16499 هاوڵاتی عێراقی لە رێگەی بەلەمی بچووک و بەرێگای نایاسایی لە کەناڵی ئینگلیزەوە خۆیان گەیاندوەتە بەریتانیا، بەجۆرێک 12%ی ئەو کەسانەیان پێکهێناوە کە لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا گەیشتونەتە خاکی بەریتانیا.
بەپێی ئامارەکانی حکومەتی بەریتانیا، لە ساڵی 2023 عێراقییەکان لە ریزبەندی پێنجەمی ئەو هاوڵاتیا بیانییانە بوون کە بە بەلەمی بچوک لە فەرەنساوە گەیشتبونە بەریتانیا، ساڵی 2024 ریزبەندییەکەیان دابەزیووە بۆ حەوتەم.
دوێنێ سێشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە گەشتێکی سێ رۆژە گەیشتە بەریتانیا، بڕیارە گفتوگۆی چڕوپڕ لەسەر ئیمزاکردنی ئەو لێکتێگەیشتن و رێککەوتنە بکرێت، کە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی رابردوو ئیڤیت کوبەر وەزیری ناوخۆی بەریتانیا لە سەردانەکەی بۆ بەغداد و هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەسەر کرد و بناغەکەی داڕێژرا، ئەویش تەرخانکردنی بڕە پارەیەکە بەناوی هاوکارییەوە بۆ عێراق، بۆ یارمەتیدانی حکومەتی ئەو وڵاتە بۆ روبەڕوبوونەوەی بازرگانانی مرۆڤ و قاچاخچییەکان.
حکومەتی بەریتانیا دەیەوێت بە ئیمزاکردنی رێککەوتنی هاوبەشی و هەماهەنگی لە بوارەکانی وەبەرهێنان لەرێگەی کۆمپانیا بەریتانییەکان ئەوانەی لە عێراق کاردەکەن دەرفەتی کاری زیاتر لە عێراق دەستەبەر بکات، بەتایبەتی لە پرۆژەکانی ئاو، وزە، پەیوەندییەکان و گەیاندن، ژێرخانی بەرگریی.
دەستگیرکردنی یەکێک لە تۆمەتبارەکان بە ئامادەبوونی دوو ئەفسەری بەریتانی