مەسعود پزشکیان
سبەی
مەسعود پزشكیان سەرۆك كۆماری ئێران لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵێكی ئەمەریكی، هۆشداری دەداتە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی هەڵبژێردراوی ئەمەریكا لە هەڵگیرسانی جەنگ دژی وڵاتەكەی، جەختیش دەكاتەوە كە ئێران هەوڵ بۆ بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمیی نادات.
مەسعود پزشكیان لە چاوپێكەوتنەكەیدا لەگەڵ كەناڵی "ئێن بی سی" ئەمەریكی ڕایگەیاند:"هیوادارم ترەمپ ببێتە هۆكاری ئاشتی ناوچەیی و جیهانی، بەڵام بەپێچەوانەوەشەوە بەشداری لە رشتنی خوێن و هەڵگیرسانی جەنگدا نەكات".
ئەو هۆشدارییەی سەرۆك كۆماری ئێران لەكاتێكدایە كەمتر لە هەفتەیەكی دیكە دۆناڵد ترەمپ وەك 47 هەمین سەرۆكی ئەمەریكا دەستبەكاردەبێت.
واشنتن و تاران نزیكەی 45 ساڵە پەیوەندی دیپلۆماسییان پچڕاندووە، لەمیانی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا، دۆناڵد ترەمپ داوای لە ئیسرائیل كرد هێرش بكاتەسەر وێستگە ئەتۆمییەكانی ئێران.
لەوەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە ئەگەری وەشاندنی گورز لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆسەر وێستگە ئەتۆمیەكانی ئێران، مەسعود پزشكیان ڕایگەیاند:"وەڵامی هەر كارێك دەدەینەوە، ئێمە لە جەنگ ناترسین بەڵام هەوڵنادەین ڕووبدات".
وتەكانی سەرۆك كۆماری ئێران لەكاتێكدایە، بەرپرسانی ئێران ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممە لە جنێف لەگەڵ نوێنەرانی ئەڵمانیا و بەریتانیا و فەرەنسا بە نهێنی كۆبوونەتەوە، گفتوگۆكانیشیان بە ڕاشكاوانە و بنیاتنەرانە وەسف كردووە.
ئەو چاوپێكەوتنە لەگەڵ مەسعود پزشكیان لەكاتێكدایە، 20 ی ئەم مانگە دۆناڵد ترەمپ دەگەڕێتەوە بۆ كۆشكی سپی و چاوەڕوانیش دەكرێت سیاسەتی "فشاری توند" بەرامبەر ئێران بگرێتەبەر.
پزشكیان بەرگریی لە سیاسەتی وڵاتەكەی دەكات و دەڵێت "ئەوەی تائێستا كردوومانە ئاشتیانە بووە، ئێمە هەوڵ بۆ دروستكردنی چەكی ئەتۆمیی نادەین، بەڵام تۆمەتبارمان دەكەن بە هەوڵی دروستكردنی چەكی ئەتۆمیی".
سەبارەت بە هەوڵی کوشتنی ترەمپ، پزشکیان وتی “بەهیچ شێوەیەک ئێرانی هەوڵی کوشتنی ترەمپی نەداوە و هەوڵی لەوشێوەیەش نادات”.
كاتێك پرسیاری ئەگەری گفتوگۆی ڕاستەوخۆیان لە پزشكیان كرد لەگەڵ ترەمپ، سەرۆك كۆماری ئێران گومانی خۆی لەوبارەیەوە دەربڕی و وتی "كێشەكە لە گفتوگۆدا نییە، كێشەكە ئەو پابەندییانەیە كە لە ڕێگەیەوە گفتوگۆ دروست دەبێت". نیگەرانی خۆشی دەربڕی "لایەنی بەرامبەر پابەند نابێت بە بەڵێن و پابەندییەكانیەوە".
ڕێككەوتنی ئەتۆمیی كە ساڵی 2015 ئێران لەگەڵ فەرەنسا، ئەڵمانیا، بەریتانیا، چین، ڕوسیا و ئەمەریكا ئەنجامیدا، بۆ ئەوەبوو كە چاودێری نێودەوڵەتی بخرێتەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی و لەبەرامبەردا سزاكانی لەسەر سوك بكرێت.
بەڵام لەگەڵ ئاڵۆزبوونی پرسی ئەتۆمی ئێران لە ساڵی 2018 ئەمەریكا بەشێوەی تاكلایەنە لە ڕێككەوتنەكە كشایەوە، وەك وەڵامێكیش بۆ كشانەوەی ئەمەریكا، ئێران دەستیكردەوە بە زیادكردنی چالاكییە ئەتۆمییەكانی و پابەندییەكانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم كەمكردەوە.