سبه‌ی
ئاژانسی رۆیته‌رز ده‌ڵێت، ئێستا فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئیسرائیل هێرشده‌كه‌نه‌سه‌ر حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن" و سوپای ئیسرائیلیش خه‌ڵكی یه‌مه‌ن ئاگادارده‌كاته‌وه له به‌نده‌ره‌كانی وڵاته‌كه‌یان دووربكه‌ونه‌وه چونكه هێرشه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن و لێیان ده‌درێت.
ئاژانسی رۆیته‌رز له زاری سه‌رچاوه‌كانی ناو حوسییه‌كانی یه‌مه‌نه‌وه چه‌ند خوله‌كێكی كه‌می له‌مه‌وبه‌ر بڵاویكرده‌وه، ئیسرائیل به‌نده‌ری حوده‌یده‌ی یه‌مه‌ن بۆردومان ده‌كات.
هه‌واڵه‌كه دوای ئاگادارینامه‌كه‌ی ئه‌مشه‌وی سوپای ئیسرائیل بۆ خه‌ڵكی یه‌مه‌ن دێت كه ده‌ڵێت، "له به‌نده‌ره‌كانی ره‌ئس عیسا، حوده‌یده و سڵێف دووربكه‌ونه‌وه چونكه لێیان ده‌ده‌ین".
سوپای ئیسرائیل روو له خه‌ڵكی یه‌مه‌ن راشیگه‌یاند، ئه‌م هۆشداریدانه تا كاتێكی نادیار به‌رده‌وام ده‌بێت، چونكه ئه‌و به‌نده‌رانه له‌لایه‌ن "تیرۆریستانی رژێمی حوسییه‌وه به‌كارده‌هێنرێن بۆ ئه‌نجامدانی چالاكیی مه‌ترسیدار بۆ سه‌ر ئاسایشی ناوچه‌كه و ده‌ریاوانیی نێوده‌وڵه‌تی".
سوپای ئیسرائیل جه‌ختده‌كاته‌وه له‌وه‌ی هێرشه‌كان وه‌ڵام و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ده‌ستدرێژ و دوژمنكارییه به‌رده‌وامه‌كانی حوسییه‌كانن.
هه‌فته‌ی رابردوو دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا دوای به‌رپاكردنی هێرشێكی ئاسمانیی كورتخایه‌ن له‌لایه‌ن فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی و ئیسرائیله‌وه، هێرشه‌كه‌ی راگرت و وتی، "حوسییه‌كان پێیان راگه‌یاندم كه چیتر هێرشناكه‌نه سه‌ر كه‌شتییه‌كان و ئێمه‌ش چیتر لێیان ناده‌ین".