سبەى
سەرکردە باڵاکانى پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) لە کۆنگرەى 12 دا هەڵسەنگاندنیان بۆ بڕیارى خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانان کرد، موراد قەرەیلان پرسی چەکدانانى بەستەوە بە گۆڕانکاریی یاسایی لەلایەن تورکیاوە، دوران کاڵکانیش جەختیکردەوە کە ئەوە کۆتایی نییە، جەمیل بایکیش دەڵێت بە جۆشوخرۆشەوە بڕیارەکان وەردەگرێت.
رۆژانى 5-7 ى ئایارى 2025، پارتى کرێکارانى کوردستان پەکەکە لە قەندیل کۆنگرەى 12 هەمینى بەست لەسەر بنەماى بانگەوازى عەبدوڵا ئۆجەلان و بڕیاریدا لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتایهێنان بە خەباتى چەکداری.
قەرەیلان: گۆڕانکاریی یاسایی بەرانبەر چەکدانان
موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەری پەکەکە لە دەستپێکی کۆنگرەکەدا قسەیکرد و باسی لەوەکرد کۆتایهێنان بە تێکۆشانی چەکداری کۆتایی نییە، بەڵکو دەستپێکی سەردەمێکی نوێیە، ئەوەش بەپێی میدیاکانى پەکەکە.
وتیشى "کۆنگرەی ١٢هەمینی پەکەکە کۆنگرەیەکی ئاسایی نییە. ساتێکی زۆر گرنگ و مێژووییە لە مێژووی تێکۆشانماندا. دەوڵەت باخچەلی بەناوی دەوڵەتەوە، یان بەناوی باڵێکی دەوڵەتەوە ئەم بانگەوازەی کردوە. گوتیان لە بەرانبەر ئەو مەترسیانەی ئێستا لەسەر تورکیا هەیە، پێویستە ئاشتی ناوخۆیی خۆمان دروست بکەین. بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ لە ٢٧ی شوبات بانگەوازێکی مێژووییە و بانگەوازێکە بۆ پەرەپێدانی سەردەمێکی نوێ".
"ئەم کۆنگرەیە دەبێت بڕیاری مێژوویی وەربگرێت. بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی دەدات. لانی کەم لە سەرەتادا باوەڕمان بەم شێوەیە. بۆ قۆناغی داهاتوو قۆناغی چەکدانان بەم شێوەیە بە دی دێت، پێویستی بە گۆڕانکارییەکی یاسایی باوەڕدار هەیە".
قەرەیلان جەختیکردەوە، پێش هەموو شتێک پێویستە زیهنیەتی نکۆڵیکردن بگۆڕدرێت، یاساکانیش هەموویان دوژمنانەن. یاساکانی ئێستا زۆربەیان بوونی گەلی کورد ڕەتدەکەنەوە. هەربۆیە تەنها لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی لایەنی دەوڵەت، لەسەر ئاستی یاسایی و دادپەروەرییدا، ئەم تەڤگەر دەتوانێت چەکدانان جێبەجێ بکات. ئەگەر نا ئەمە زۆر سەخت دەبێت.
"ئێمە باوەڕ دەکەین کە ستراتیژیی شەڕی چەکداری کۆتایی پێبهێنین، بەڵام ئەگەر دەوڵەت ئەمە قبوڵ نەکات، بۆ ئەو گۆڕانکارییە یاساییانەی پێویستە، لە چوارچێوەی ئازادی ڕێبەرێیەتی، لە چوارچێوەی کۆتایی هێنان بە شەڕ، کۆتایی هێنان بە دوژمنایەتی، کەسێک کە باوەڕی پێبکات، ئەمە بە دی نایەت"، قەرەیلان وایوت.
دوران کاڵکان: دوایین کۆنگرەی ڕێکخستنی پەکەکە
دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە لە دەستپێکى کارەکانى کۆنگرەى پەکەکە رایگەیاند، هەموو کۆنگرەکانی پەکەکە لەلایەن ئاپۆوە ئامادەکراون. ئەو هەر کاتێک نەیتوانی بێت بە پراکتیکی بەشداری کۆنگرە بکات، هەردەم کۆنگرەی ئامادە دەکرد و بەڕێوەی دەبرد. "رەنگە ئەم کۆنگرەیشمان لە هەموو کۆنگرەکانی تر زیاتر لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە ئامادە کرابێت".
وتیشى "ئەم کۆنگرەیە، وەک ڕێبەر ئاپۆ وتی، لەڕووی ڕێکخستنییەوە دەبێتە دوایین کۆنگرەی پەکەکە. ئەم کۆنگرەمان بێگومان لەوانەی دیکە جیاوازترە. لە لایەک ئەمە لە کۆنگرەی یەکەم دەچێت. لە لایەنی مێژووییەوە ئەمە کۆنگرەی کۆتایی هێنانی پەکەکەیە، کۆنگرەی چەکدانانی پەکەکە لە شوێنی مێژوویی خۆییدا".
"بێگومان ئەمە کۆتایی نییە. بە ئەنجامگرتنێکی بەمشێوەیە دەخوازرێت، بۆئەوەی ڕێگە لە پێش هەنگاوێکی نوێ بکرێتەوە. دەخوازرێت دەرفەتی هەنگاوی نوێ پێشکەش بکرێت. لە دۆخێکی بەم شێوەدا تەڤگەری ئاپۆچێتی ٥٢ ساڵەی ڕێپێوانی بە ناو پەکەکە کۆتایی پێ دێنێت، بێگومان دەبێت لە لایەنی مێژووی ئەم ڕۆڵ، واتا و پێناسەی باش بزانین. بێگومان ناتوانین هەموویان لە هەموو لایەنێکەوە تاوتوێ بکەین. بۆ ئەوە کات نییە".
جەمیل بایک: بە جۆشوخرۆشەوە بڕیارەکان وەردەگرم
جەمیل بایک یەکێک لە دامەزرێنەرانی پەکەکە و هاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە کۆنگرەکەدا هەڵوێستی خۆی دەربارەی بڕیاری کۆنگرەکە دەربڕی و هەڵسەنگاندنی بۆ بڕیارەکان کرد.
وتیشى "کۆنگرەمان بەست و گەیاندمان بە ئەنجام. لەم کۆنگرەیەدا بڕیاردرا لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە و کۆتایهێنان بە تێکۆشانی چەکداری. وەک دامەزرێنەرێکی ئەم تەڤگەرە بە جۆشوخرۆشەوە بڕیارەکان وەردەگرم. چونکە زۆر بەباشی ڕێبەر ئاپۆ دەناسم. هەر هەنگاوێک کە ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئێمە، بۆ گەلەکەمان، بۆ تەڤگەرەکەمان، بۆ مرۆڤایەتی نابێتی، بە سەرکەوتن ئەنجام گیر بووە".
"وەک چۆن بە ناسینی ڕێبەر ئاپۆ ئاشنای خۆم بوو و بەمشێوە درێژەم بە هەنگاوی خۆمدا، گەر جارێکی دیکەش بێمە دنیاوە، دیسانەوە ڕێبەر ئاپۆ بە بنەما دەگرمەوە."، جەمیل بایک وایوت.