"سەرەتایەكی خراپە"؛ پرۆژەی رووناكیی كێشەی تێدەكەوێت

#رووناکی#هەولێر#کوردستان
8 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 8 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • بەوتەی بەرپرسانی وەزارەتی كارەبا، بڕی بەكارهێنانی كارەبا لەو شوێنانەی سیستمەكە تێیاندا خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە بەڕێژەی لەسەدا 30 كەمبووەتەوە و بەشێكی زۆر لە هاووڵاتییان بڕە پارەیەكی كەمیان بۆ هاتووەتەوە.
Primary Asset

پرۆژەی روناکیی

سبەی

لە گەڕەكێكی شاری هەولێر كە پرۆژەی رووناكی بۆ دانراوە كێشەی تێكەوتووە، یەكێك لە دانیشتوانی گەڕەكەكە دەڵێت "بگۆڕی زۆربەی ماڵەكان سوتا و داوایان لێكردین بیگۆڕین بۆ ئەوەش 32 هەزار دینارمان دا".وەزارەتی کارەباش دەڵێت “ئاگاداری ئەو کێشەیە نین”.

مەریوان نەقشبەندی كە پێشتر وتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی كوردستان بوو، لە پۆستێكدا لە فەیسبووكی خۆی نوسیویەتی:" لەیەكەم هەفتەی بەكاركەوتنی پرۆژەی(رووناكی)لەگەڕەكەكەی ئێمە لەشاری هەولێر كارەبای زۆربەی ماڵەكانی كۆڵانەكەی ئێمە بەهۆی كێشەی سستمەكە كوژایەوە و (بگۆڕ)ی زۆربەی ماڵەكانمان سوتا و بەشی (صیانە)ی پرۆژەكەش داوایان لێكردین كە(كۆنداكتەر-بگۆڕ)ی ماڵەكانمان بگۆڕین تا جارێكی تر كارەبامان بۆ بگەڕێتەوە،بۆ گەرانەوەی كارەبای ماڵەكانمان هەریەكەمان 32000دینارمان لەسەركەوت بەبێ ئەوەی هێشتا پسولەی كرێی كارەبای یەكەم مانگی ئەم پرۆژەیەمان بۆبێت".

مەریوان نەقشبەندی دەشڵێت "كەواتە هەر ماڵێكمان پێشەكی 32000دینار باجی كێشەی تەكنیكی پرۆژەی (رووناكی)مان دا لەكاتێكدا دەبوو پرۆژەكە خۆیان تەحەمولی ئەم زیانەیان بكردایە كە جگە لە 32000دینار بۆ گۆڕینی (كۆنداكتەر) كە هەر ماڵێكمان داوێتی،نزیكەی هەشت كاتژمێریش لەم گەرمایەدا بەبێ كارەبا بوین، بەراستی ئەمە سەرەتایەكی خراپە".

بۆ گەیاندنی ئەو كێشەیە بە وەزارەتی كارەبا، "سبەی" پەیوەندی بە ئومێد ئەحمەد وتەبێژ و بەڕێوەبەری كۆنترۆڵی وەزارەتی كارەباوە كرد، بەڵام ناوبراو وتی “ئاگاداری کێشەکە نین”.

پێشتر بەرپرسانی كارەبا لەوباریەوە چییان وتووە؟

بەوتەی بەرپرسانی وەزارەتی كارەبا، بڕی بەكارهێنانی كارەبا لەو شوێنانەی سیستمەكە تێیاندا خراوەتە بواری جێبەجێكردنەوە بەڕێژەی لەسەدا 30 كەمبووەتەوە و بەشێكی زۆر لە هاووڵاتییان بڕە پارەیەكی كەمیان بۆ هاتووەتەوە.

چاوەڕواندەكرێت ئەم هەفتەیە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دەنگ لەسەر نرخی نوێی كارەبای 24 كاتژمێری بدات، سەرۆكی حكومەتی هەرێمیش دڵنیایی دەدات كە نرخەكە بۆ زۆرینەی هاوڵاتییان "گونجاو" دەبێت.

بڕیاربوو هەفتەی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیار لەسەر نرخی نوێی پڕۆژەی رووناكی بدات، بەڵام بەبێ ئاشكراكردنی هۆكارەكەی كۆبوونەوەكە و تاوتوێكردنی ئەو پرسە بۆ كۆبوونەوەی ئەم هەفتەیە دواخرا.

مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژی یەكشەممە لە سەردانێكیدا بۆ چەند گەڕەكێكی دهۆك كە پڕۆژەكەیان پێگەیشتووە دڵنیاییدا كە نرخی كارەبا بۆ زۆرینەی هاووڵاتییان نرخێكی "گونجاو" دەبێت و كەمتر دەبێت لە نرخی ئێستای كارەبای موەلیدە و نیشتمانی.

" زیادەڕۆیی لە بەكارهێنانی كارەبادا نەكەن"

داواشی لە هاووڵاتییان كرد زیادەڕۆیی لە بەكارهێنانی كارەبادا نەكەن و بەپێی پێداویستیی خۆیان بەكاری بهێنن و بەفیڕۆی نەدەن.

بەپێی ئامارەكانی پڕۆژەی رووناكی، تا ئێستا 600 هەزار هاووڵاتی لە پڕۆژەی رووناكی و كارەبای 24 كاتژمێری سوودمەند بوونە و بڕیارە تا كۆتایی ئەم مانگە، ژمارەكە بگاتە یەك ملیۆن سوودمەند. لە كۆتاییی ئەمساڵیش، سەنتەری سەرجەم شارەكان دەبێتە 24 كاتژمێری و كۆتایی 2026 یش پڕۆژەكە هەموو هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.

بەپێی پێگەی فەرمی حكومەتی هەرێم، حكومەت چەندین ئاسانكاری و هاریكاریی تایبەت بە كارەبا بۆ هاووڵاتییان ڕادەگەیەنێت.

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە پڕۆژەی رووناكی بۆ سبەی، نرخی نوێی كارەبا بەشێوەیەك دەبێت كە حكومەت پاڵپشتی بەشێك لە نرخەكە بۆ هاووڵاتیان دەكات، لەكاتێكدا بنەماكانی دیاریكردنی نرخ وەك خۆیان دەمێننەوە.

سەرچاوەكە ئاماژەی بەوەكرد، هەوڵی دیاریكردنی نرخی نوێی كارەبا بەو ئاڕاستەیەیە كە حكومەت بە بڕی 51 دینار بۆ هەر كیلۆ واتێك پاڵپشتی هاووڵاتیان بكات، بەبێ گۆڕانكاریی لە نرخی ئەزموونی پڕۆژەكە كە بەم شێوەیە دیاریكراوە: 

100-600 كیلۆوات: 19 تا 60 هەزار دینار

600-750 كیلۆوات: 60 تا 80 هەزار دینار 

750-900 كیلۆوات: 80 تا 105 هەزار دینار

900 كیلۆوات زیاتر: 105 هەزار زیاتر دەگەڕێتەوە

پرۆژەی رووناكی لە 17ـی مانگی 10ـی ساڵی رابردوو لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمەوە راگەیەنرا. نرخی ئەزموونی كارەبا بەپێی پڕۆژەكە ناڕەزایی بەرفراوانی بەدوای خۆیدا هێناوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی