زیاتر لە دوو هەزار خانەنشین مووچەى پێنج مانگیان پێدەدرێت

#خانەنشینى#مووچە
8 کاتژمێر لەمەوپێش
سبەی
Primary Asset

سبەى

وەزارەتى دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، مانگى داهاتوو زیاتر لە دوو هەزار خانەنشین مووچەى پێنج مانگیان پێدەدرێت، لەکۆى 10 هەزار و 200 خانەنشین کە مامەڵەکانیان تەواوکراوە.

وەزارەتەکە رۆژى سێشەممە لە راگەیەنراوێکدا کە دەست سبەى کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە، بەسەرپەرشتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری و ئامادەبوونی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتیەکانی خانەنەنشین لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەک لەسەر ڕاییکردنی مامەڵەی خانەنشینان بەڕێوەچوو.  

لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی جەختی لەسەر چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ هەرچی زوو تەواو کردنی دۆسیەی خانەنشیان کردەوە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕێکارانەی پێشتر لەلایەن وەزارەتی داراییەوە گیراونەتەبەر کە خۆی لە دابەزاندنی دەسەڵاتەکان و کاراکردنی سیستەم و دابینکردنی فەرمانبەر و زیادکردنی دەوامی بەڕێوەبەرایەتیەکان دەبینیەوە.

بەپێی راگەیەنراوەکە، کاروبارەکانی مامەڵەی خانەنشینان خێراتر کراوە و لەسەرەتای مانگی شوباتەوە تا ئێستا زیاتر لە 10 هەزارو 200 مامەڵەی خانەنشیان تەواو کراوە و بۆ مانگی ئایار زیاتر لە دوو هەزار خانەنشینی تر ناوەکانیان داخڵی لیستی مووچە دەکرێت و مووچەی پێنج مانگیان بۆ خەرج دەکرێت، داواش لە وەزارەت و فەرمانگەکان دەکرێت بەزوویی دۆسیەی ئەو فەرمانبەرانە بنێرن کەبڕیاری خانەنشین بوونیان بۆ دەرچووە.

وەزیری دارایی داوای کرد پەلەبکرێت لە دەرکردنی ڕێنمایی بۆ جێبەجێکردنی یاسای خانەنشینی یەکگرتووی عێراق لەسەر سەرجەم ئاستەکان و گواستنەوەی دۆسیەی خانەنشینانی سەربازی لەوەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ سەر وەزارەتی دارایی.

رۆژی 15ـی كانوونی دووەمی 2025، مەسرور بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، فەرمانێكی واژۆ كرد بۆ كەمكردنەوەی تەمەنی خانەنشینی لە 63 ساڵەوە بۆ 60 ساڵ، ئەوەش وەك بەشێك لە پابەندییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بۆ جێبەجێكردنی یاسای خانەنشینی یەكگرتووی عێراق.

بەپێی فەرمانەكە، تەمەنی خانەنیشینی فەرمانبەرانی كوردستان دەكرێتە 60 ساڵ، لەكاتێكدا پێشتر 63 ساڵ بووە، هەروەها ماوەی خزمەت لە 15ساڵەوە زیاد دەكات بۆ 25 ساڵ بۆ كەسێك ئارەزومەندانە داواكاری خانەنشینی پێشكەش بكات، تەمەنی ئارەزوومەندانەی خانەنشینیش لە 45 ساڵەوە بەرزدەكرێتەوە بۆ 50 ساڵ، ئەگەر كەسێك ئارەزومەندانە بیەوێت خانەنشین بێت دەبێت 25 ساڵ خزمەت و 50 ساڵ تەمەنی هەبێت.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی