سبەی
لە دوای کۆتایی هاتنی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل، شەپۆلێکی هێرشی درۆنی بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد، زۆرینەی هێرشەکان بۆ سەر کێڵگەکانی نەوت بوون و بەهۆیەوە زیانێکی زۆری ماددی کەوتەوە.
بەپێی ئەو نەخشەیەی بەردەستە، لە کۆتایی مانگی رابردووەوە، زیاتر لە 30 هێرشی درۆنی کراوەتە سەر کێڵگەکانی نەوتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم هێرشەکانیش لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە ئەنجامدراون.
هێرشەکان، کێڵگەکانی نەوتی خورمەڵە، تاوگێ، پیشخابور و سەرسەنگ و عەین سوفنا و کێڵگەکانی دیکەیان بە ئامانج گرتووە، ژمارەیەک درۆنیش ئاڕاستەی بارەگاکانی پێشمەرگە لە سنوری سلێمانی و فڕۆکەخانەی هەولێر و چەند ئامانجێکی دیکە کراون و بەشێکیان پێش گەیشتن بە ئامانجەکانیان تێکشکێنراون.
وتەبێژی سودانی: سەرچاوەی درۆنەکان ئاشکرا کراون
دوێنێ هەینی (18ـی تەمموزی 2025) سەباح نوعمان، وتەبێژ بەناوی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: لەسەر راسپاردەی محەمەد شیاع سودانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە گەورە ئەفسەران و شارەزایان پێکهێنراوە بۆ بەدواداچوونی روداوی بە ئامانجگرتنی رادارەکانی سەر بە هێزە چەکدارەکانی عێراق بەبەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ، کە سیستەمی بەرگریی و ژمارەیەک بنکەی سەربازییان کردە ئامانج، دوای هەوڵێکی زۆری ئاسایشی و هەواڵگریی و هونەریی چڕ گەیشتونەتە ئەنجامی یەکلاکەرەوە.
وتەبێژەکەی سودانی ئاشکرای کرد، دوای دیاریکردنی شوێنی دروستکردنی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە، دەرکەوت کە هەڵگری کڵاوەی جەنگیین بە کێشی جیاواز و لە دەرەوەی عێراق دروستکراون.
بەپێی بەیاننامەکە، بەووردی شوێنی هەڵدانی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە دەرکەوت ئەو فڕۆکانە لەناو خاکی عێراقەوە هەڵدراون، ئەو لایەنانەش ئاشکرا بوون کە تێوەگلاون لە هەماهەنگی و جێبەجێکردنی ئەو کارە دووژمنکارانەیە.
وتەبێژی سودانی دەڵێت: شیکردنەوەی هونەریی تەواو کراوە بۆ سیستمی ئاڕاستەکردن و گەیاندنی فڕۆکەکان و لایەنە هەواڵگرییەکان سەرجەن زانیارییەکانیان بە ووردی کۆکردوەتەوە کە پاڵپشتیی ئەنجامەکانی لێکۆڵینەوەکە دەکات.
لیژنەی لێکۆڵینەوەکەی سودانی گەیشتونەتە ئەو دەرەنجامەی کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانە خۆکوژەکان کە بەکارهێنراون بۆ پێکانی ئامانجەکان یەک جۆرن و لایەنی جێبەجێکاریش یەک لایەنە، رێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە دەگیرێتەبەر کە لە کردەوەکەوە تێوەگلاون و روبەڕووی دادپەروەریی دادگاکانی عێراق دەکرێنەوە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا، وتەبێژ بەناوی محەمەد شیاع سودانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاندووە: ئەو کردەوە دووژمنکارانە ترسنۆکانە پێشێلکارییەی روونی سەروەری عێراقە و رێگە بە هیچ لایەنێکی ناوخۆ و دەرەوە نادەن زیان بە ئاسایش و سەقامگیریی عێراق بگەیەنێت.
شانەی جەنگی: شوێنی هەڵدانی فڕۆکەکان دۆزرانەوە
هەر دوێنێ هەینی (18ـی تەمموزی 2025) شانەی راگەیاندنی جەنگی عێراق بڵاوی کردەوە، دوای ئەنجامدانی ژمارەیەک هێرش و بە ئامانجگرتنی کێڵگە نەوتییەکان و بنکە سەربازییەکان کە ئامانجیان تێکدانی سەقامگیرییە، هێزە ئەمنییەکان ئۆپەراسیۆنێکیان ئەنجامداوە بۆ راوەدونان و لەناوبردنی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت زیان بە بەرژەوەندی گشتی بگەیەنن.
شانەی راگەیاندنی جەنگی بڵاوی کردەوە، بە فەرمانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق، دەزگای روبەڕوبونەوەی تیرۆر، بە هاوبەشی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی رۆژئاوای نەینەوا و سەڵاحەدین، ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشیان لە ناوچەکانی بیابانی حەزەر ئەنجامداوە و ژمارەیەک پەناگە و کۆگا و ئەشکەوت لەناوبراون.
بەپێی راگەیەندراوەکە، پرۆسەکە بەپێی زانیاریی وورد و بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو هەوڵانە بووە کە هێزە ئەمنییەکان و ناوەندی دیکەیان کردوەتە ئامانج، شانەی راگەیاندنی جەنگی زانیاریی زیاتری لەسەر پرۆسەکە و ئامانجەکانی بڵاونەکردوەتەوە، کە ئۆپراسیۆنەکە بۆ سەر چی گروپ و لایەنێک ئەنجامدراوە.
سامانە سروشتییەکان: بەغداد ئەرکی خۆی بەجێبهێنێت
لەبارەی هێرشە درۆنییەکانەوە، وەزارەتی سامانە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستان داوا لە حكومەتی فیدراڵی عێراق دەكات "بە ئەركی خۆی هەڵبستێت و سنورێك بۆ هێرشە درۆنیەكان بۆسەر كێڵگە نەوتیەكان دابنێت".
دەشڵێت "هێرشە درۆنییەكانی 14و 15و 16ـی تەمووزی 2025 بۆ سەر كێڵگە نەوتییەكانی (خۆرمەڵە و سەرسەنگ و بیشخاپوور و عەین سفنی) لە پارێزگای هەولێر و پارێزگای دهۆك و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ زیانی ماددی گەورەی لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت دروست كردووە.
هێرشە درۆنییەكان
هێرشەكان لە 22ـی حوزەیرانەوە دەستیانپێكرد كاتێك لە نزیك گوندی دارەبەنی سەر بە پارێزگای هەولێر، دوو درۆنی بۆمبڕێژكراو تێكشكێندران، ئەوەش پێش رۆژێك لە ئاگربەستی نێوان ئێران و ئیسرائیل.
هێرشەكان لەسەرەتای تەمموزەوە زیاتر بوون و تا ئێستاش بەردەوامن، 1ـی تەمموز لە رێگەی دوو درۆنەوە دوو هێرش ئەنجامدرا كە یەكێكیان لە نزیك ناوچەی نیشتەجێبوون لە سنوری تاسڵوجە كەوتەخوارەوە، ئەوەی دیكەشیان بەدووری چەند كیلۆمەترێك لەنزیك بارەگای فەرماندەیی هێزەكانی 70 ی پێشمەرگە كەوتە خوارەوە، كە فەرماندەییەكە دەڵێت خستویاننەتە خوارەوە.
هەمان رۆژ لە رێگەی درۆنەوە هێرشكرایەسەر سنووری ناحیەی دەركارێی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و زیانی ماددی لێكەوتەوە.
رۆژی 14ـی تەمموز هێرشە درۆنییەكان ئاڕاستەیەكی دیكەیان وەرگرت، كاتێك بە دوو درۆن هێرشكرایە سەر كێڵگەی نەوتی خورمەڵە لە سنوری پارێزگای هەولێر، ئەوەش دوای كەمتر لە 24 كاتژمێر لە خستنەخوارەوەی درۆنێكی دیكە لە نزیك فڕۆكەخانەی هەولێر.
هەروەها رۆژی 15ـی تەمموز لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژكراو هێرشكرایە سەر كێڵگەی نەوتی سەرسەنگ لە ناحیەی چەمانكێ لە پارێزگای دهۆك.
رۆژێك دواتر و سەرلەبەیانی چوارشەممە 6 ـی تەمموز سێ كێڵگەی دیكەی هەرێمی كوردستان رووبەڕووی هێرشی درۆنی بۆمبڕێژكراو بوونەوە، لە پێنجەم هێرشی لەو شێوەیەدا بۆ سەر پێنج كێڵگەی نەوتی لەماوەی سێ رۆژدا.
هێرشی یەكەم لە ڕێگەی دوو درۆنی بۆمبڕێژكراوەوە كرایەسەر كێڵگەی نەوتی DNO لە پێشخابوور لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، هێرشی دووەمیش لە ڕێگەی درۆنێكی بۆمبڕێژكراوەوە كرایە سەر كێڵگەی نەوتی DNO لە تاوكێ لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، هێرشی سێیەم ئەنجامدرا كە لە ڕێگەی درۆنێكی بۆمبڕێژكراوەوە كرایە سەر كێڵگەی نەوتی هاند ئۆیلی ئەمریكی لە باعەدرێ لە قەزای شێخانی سەر بە پارێزگای دهۆك، ئەوەش بەپێی راگەیەنراوی دژەتیرۆری كوردستان.
لێكۆڵینەوەی بەپەلە
وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هەرچەندە هێرشەكان زیانی گیانییان نەبووە، بەڵام زیانێكی زۆری بە ژێرخانی كێڵگەكان گەیاندووە و مەبەست لە هێرشەكان لێدانی ژێرخانی ئابووری هەرێمی كوردستان و دروستكردنی مەترسییە لە سەر سەلامەتیی كارمەندانی مەدەنیی كەرتی وزە.
هەروەها داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان لە حكومەتی فیدراڵی و كومەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات كە بە زووترین كات بێنە سەر خەت بۆ پاراستنی گیانی كارمەندانی مەدەنی و ئەمنیەتی وزە و ڕێگریكردن لە هێرشی دیكە بۆ سەر كەرتی وزەی كوردستان.
ئاڕاستەی هێرشەكان
جەبار یاوەر شارەزای سەربازی و ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە رۆژی چوارشەممە بە "سبەی" راگەیاند، هێرشەكان پەیوەستن بەو هەلومەرجەی كە هەیە، بەتایبەتی رێكنەكەوتنی هەرێم و بەغداد لەسەر بەرهەمهێنان و فرۆشتنی نەوت و ئامانجیان لێدانە لە ژێرخانی وزەی هەرێمی كوردستان.
وتیشی: "تا ئێستا لێكۆڵینەوەی ورد لەو بارەیەوە نەكراون، بەڵام بەپێی ئاڕاستەی و جۆری درۆنەكان كە پارچەكانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە هەڵگیراونەتەوە، پێدەچێت لەناوخۆی عێراقەوە هێرشەكان ئەنجامدرابن، بەتایبەتی لە سنوری موسڵ و كەركوك و دیالەوە".
تائێستا هیچ گروپێك بەرپرسیارێتی لە ئەنجامدانی هێرشەكانی لەئەستۆ نەگرتووە، بەڵام پێشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان گروپە چەكدارەكانی بەچەند هێرشێكی لەو شێوەیە تۆمەتباركردبوو، عێراقیش ئەوەی رەتكردبووەوە.