سبەی
فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان دوو کەسی لە پێنجوێن کردە ئامانج کە چەکداربوون و لەناو ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیک ئابدا بوون، ئاژانسی رۆیتەرز بڵاوی کردەوە، ئەو کەسانەی کراونەتە ئامانج، ئەندامی پەکەکە بوون. ئاژانسی سی پی تی، ناسنامەی چەکدارەکانی راگەیاند کە گەریلای پژاک بوون.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە (19ـی تەمموزی 2025) بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشکرایە سەر دوو کەس لە گوندی شیوەگوێزانی سنوری پێنجوێن و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و کەسێکی دیکە برینداربوو.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەر پشت بەستن بە دوو سەرچاوەی سەربازیی و ناوخۆیی بڵاوی کردوەتەوە ئەو دوو کەسەی لە سنوری پێنجوێن لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کراونەتە ئامانج ئەندامی پەکەکە بوون، یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و ئەوی تریشیان بە سەختی برینداربووە.
هەر لەو بارەیەوە، کامەران عوسمان، ئەندامی رێکخراوی (سی.پی.تی) رایگەیاند: لە کاتژمێر 8:45 خولەکی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکی، کە لە پشتی گوندی شیوەگوێزانی سەر بە ناحیەی گەرمک لە قەزای پێنجوێن، هێرشی کردە سەر ئۆتۆمبێلێکی جۆری (تۆیۆتا هایلوکس)ی گەریلاکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) و لە ئەنجامدا، گەریلایەک کوژرا و گەریلایەکی تریش بە سەختی برینداربوو.
ئاماژەی بەوەکردووە، هەر بەهۆی ئەو هێرشەوە، ڕەز و باخی گوندنشینان سوتاوە و دوای سێ کاتژمێر لە ڕووداوەکە، ئینجا توانراوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت.
لە دوای مەراسیمی سوتاندنی چەک لەلایەن گروپێک گەریلای پەکەکەوە، تا ئێستا سوپای تورکیا 12 هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجامداوە.