ئەردۆغان: نەتەنیاهۆ لە کۆمەڵکوژیی خەڵکدا هیتلەری تێپەڕاندووە

#ئەردۆغان#تورکیا#جیهان
8 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 8 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا بە ئاماژەدان بەوەی وڵاتەکەی بە بازنەیەکی ئاگرین گەمارۆ دراوە و هاوسەنگییەکانی هێز سەرلەنوێ دیاری دەکرێنەوە، دەڵێت: " کەس نازانێت سبەی چی ڕوودەدات، کەس ناتوانێت پێشبینیشی بکات".
Primary Asset

سبەی

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا بە ئاماژەدان بەوەی وڵاتەکەی بە بازنەیەکی ئاگرین گەمارۆ دراوە و هاوسەنگییەکانی هێز سەرلەنوێ دیاری دەکرێنەوە، دەڵێت: "کەس نازانێت سبەی چی ڕوودەدات، کەس ناتوانێت پێشبینیشی بکات".

ئەردۆغان، ئەمڕۆ سێشەممە 22ـی تەمموزی 2025 لە میانی بەشداریکردن لە 17ـەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی پیشەسازیی بەرگری لە ئەستەنبوڵ، گوتارێکی پێشکەش کرد.

سەرۆک کۆمار سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە هاوسەنگییەکانی هێز سەرلەنوێ دیاری دەکرێنەوە و دەڵێت: "هەموو ڕۆژێک کە بەخەبەر دێین، قەیرانێکی نوێ ڕوو دەدات. سیستەمێک دروست بووە کە تێیدا 'هەرکەس هێزی بەسەر کێدا شکا' ئەو باڵادەست دەبێت و جێی بەو سیستەمە نێودەوڵەتییە لەق کردووە کە لەسەر بنەمای یاسا بونیاد نرابوو".

ئەردۆغان بەسەر خستنە سەر ئەوەی بە پرۆسەیەکدا تێدەپەڕن کە تێیدا هاوسەنگییەکانی هێز سەرلەنوێ دیاری دەکرێنەوە، دەڵێت: "ناوەندەکانی قورسایی جیهان شوێنیان دەگۆڕێت. کەس نازانێت سبەی چی ڕوودەدات، کەس ناتوانێت پێشبینیشی بکات".

سەرکۆماری تورکیا ئاماژە بەوە دەدات بەهۆی پێگە و مێژووەکەیەوە، تورکیا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە زۆرترین کاریگەریی ئەم دۆخە نوێیەی لەسەرە و دەڵێت: "کۆمەڵکوژییەکەی غەززە، هێرشەکانی ئیسرائیل کە ئامانج لێی تێکدانی سەقامگیری ناوچەکەیە و ئەو گرژیانەی کە لە ناوچەیەکی فراواندا سەریان هەڵداوەتەوە، هەمووی پەیوەندیی بە ئێمەوە هەیە و وا پێویست دەکات ڕێوشوێن بگرینەبەر".

"نەتەنیاهۆ هیتلەری تێپەڕاندووە"

ئەردۆغان تیشک دەخاتە سەر ئەوەی لەخۆوە 'دەوروبەرمان بە بازنەیەکی ئاگرین گەمارۆ دراوە' و دەڵێت: "خەمی ئەو منداڵانەی (غەززە)شمانە کە لە برسان هەر پێست و ئێسقانیان ماوەتەوە".

سەرکۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە دا کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا، پێکدادانەکانی دەوروبەری دەریای ڕەش کێشەی ئەوانیشن، دەڵێت: "لە هەر کوێیەک کێشە و نائارامی هەبێت بە هەستیاری چاودێری دەکەین. ئێمە بەنیازی دەستوەردان و سەپاندنی هەژمونی خۆمان نین بەسەر هیچ وڵاتێکدا، بەڵکوو لەگەڵ هێنانەدی ئاشتی، ئارامی و سەقامگیرین و بۆ ئەمەیش لە ئەرکەکانی سەرشانمان سڵ ناکەینەوە".

ئەردۆغان بانگەشەی ئەوە دەکات کە گوایە لە هەر شوێنێک ستەمێک ببینن، لە بەرامبەریدا دەنگ هەڵدەبڕن و دەڵێت: "بەردەوامین لە هێشتنەوەی کۆمەڵکوژییەکەی ئیسرائیل لە غەززە لە ڕۆژەڤی مرۆڤایەتیدا. پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیشمان لەو پێناوەدا چڕ کردووەتەوە. ئامانجمان ڕاگەیاندنی ئاگربەستە. گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان لە پێشینەی کارەکانماندایە".

ئەردۆغان بانگەشەی ئەوە دەکات کە بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە بە کۆمەڵکوشتنی خەڵکدا ئەدۆڵف هیتلەریشی تێپەڕاندووە و دەڵێت: "نەتەنیاهۆ هیتلەریشی تێپەڕاندووە. تەنانەت لە کاتی هۆلۆکۆستیش لە ئەوروپا، دیمەنی ترسناکی وەک دیمەنەکانی کەرتی غەززە نەبیندران. ناتوانین بەرامبەر مردنی منداڵانی غەززە بێدەنگ بین".

سەرکۆماری تورکیا داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات یەک بگرن بۆ کۆتایهێنان بەو دۆخە سەختەی خەڵکی غەززە تێیدا دەژی و دەڵێت: "وەرن با بەرامبەر ئەو ستەم و دڕندایەتییە دەنگ هەڵببڕین. دەنا ئەم پەڵە خوێنە تەنیا بە دەستی ناتانیاهۆوە نامێنێتەوە، بەڵکو بە دەست و نێوچەوان و ویژدانی هەموو ئەوانەوە دەبێت کە بەرامبەر غەززە بێدەنگن ".

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی