كوتان لە هەرێمی كوردستان و عێراق؛ پێداچوونەوە بە هەنگاوەكانی تێكەڵكردنی ڤاكسینی ئەنفلۆنزای وەرزی دەكرێت

#تەندروستی#کوتان#منداڵ#کوردستان#عێراق#تەندروستی جیهانیی
2 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە:وەزارەتی تەندروستی حكومەتی عێراق و وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان بە هاوكاری لەگەڵ ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی وۆركشۆپێكی فراوانی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی بەش و هۆبەكانی كوتان و پتەوكردنی تەندروستی و نەخۆشیە گوازراوەكان لەسەر ئاستی هەردوو وەزارەت ئەنجامدا بۆ تاوتوێكردنی سیاسەتی ڤاكسینی ئەنفلۆنزای وەرزی و پێوەرەكانی كوتان.
Primary Asset

وێنەی وۆرکشۆپەکە

سبەی

لە هەرێمی كوردستان و عێراق، هەردوو وەزارەتەكانی تەندروستی بە چاودێری و هاوكاری تەندروستی جیهانیی، پێداچوونەوە بە پێوەرەكانی "كوتان" دەكەن، بۆ ئەو مەبەستەش وۆركشۆپێكی سێ رۆژە بەڕێوەچوو.

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە:وەزارەتی تەندروستی حكومەتی عێراق و وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان بە هاوكاری لەگەڵ ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی وۆركشۆپێكی فراوانی لەگەڵ بەڕێوەبەرانی بەش و هۆبەكانی كوتان و پتەوكردنی تەندروستی و نەخۆشیە گوازراوەكان لەسەر ئاستی هەردوو وەزارەت ئەنجامدا بۆ تاوتوێكردنی سیاسەتی ڤاكسینی ئەنفلۆنزای وەرزی و پێوەرەكانی كوتان.

بەوتەی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی د. ڕیاز عەبدولئەمیر ئەلحەلفی، بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی گشتیی لە وەزارەتی تەندروستی عێراق و د. ئاسۆ زەنگەنە بەڕێوەبەری پاراستنی تەندروستی لە وەزارەتی تەندروستی هەرێم و  د.جەمیلە ئەلرابیعی نوێنەری ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی لە عێراق بەڕێوە چووە.

لە كۆبوونەوەكەدا "كە ماوەی سێ ڕۆژی خایاند چەند بابەتێكی گرنگی پەیوەست بە كوتان تاوتوێكرا، دیارترینیان پێداچوونەوە بە هەنگاوەكانی تێكەڵكردنی ڤاكسینی ئەنفلۆنزای وەرزی لە بەرنامەی فراوانكراوی نیشتمانیدا سەبارەت بە كوتان، هەروەها ڕاهێنان لەسەر پەرەپێدانی پلانی ساڵانە و دیاریكردنی پێداویستییەكانی ڤاكسینی ئەنفلۆنزا و ڤاكسینەكانی دیكە. هەروەها باشترین ڕێگاكان بۆ بەردەوامبوونی خواستی ڤاكسین و دروستكردنی متمانەی كۆمەڵگا تاوتوێ كرا". وەزارەتی تەندروستی وا دەڵێت.

بەپێی خشتەیەك منداڵان دەكوترێن ،كە لە ١٣ جۆر نەخۆشی گواستراوەی جیاواز دەیانپارێزێت كەپێویستە ھەموو دایك و باوكێك كاتەكانی بزانن و پشت گوێی نەخەن، دكتۆر رەزا پزیشكی پسپۆری نەخۆشی مناڵان و تازە لەدایكبووان لەم بابەتەدا ڕونیكردۆتەوە.

-خشتەكە بەمجۆرەیە:

ھەفتەی یەكەم ، دوومانگی، چوار مانگی ، شەش مانگی ، نۆ مانگی، پانزە مانگ ، ھەژدە مانگی، ٤-٦ ساڵان.

كوتان منداڵ نەخۆش دەخات؟

نەخێر، تەنھا ھەندێ نیشانەی لاوەكی وەكو سوربونەوەو ئازار لەشوێنی دەرزیەكە، تاو گیان ئێشە، كە ئەمانەش كاتین و  ئاسایین.

ئەو ھەڵانە چین زۆرجار لە سەنتەرەكانی كوتان دەكرێن؟

زۆر جار دەبینین لەبەر ھەندێ حاڵەتی ناپێویست كوتانیان بۆ منداڵەكە نەكردوە لەوانە،زەردوویی مناڵی كۆرپە، بەھیچ جۆرێك پێویست ناكات لەبەر زەردوویی  ھیچ دۆزێكی كوتان نەكرێت یان دوا بخرێت بەتایبەت ئەگەر مناڵەكە شیرخواردنی باش بێ و وریا بێ .

ھیچ كوتانێك نابێ نەكرێت لەبەر پەتای وەرزی و سكچونی كەم، بەتایبەت ئەگەر تای زۆر بەرزی نەبێ.

نابێ ھیچ كوتانێك دوابخرێت بەبیانووی كەم كێشی یاخود نەبەكامی مناڵ ، تەنھا كوتانی ڤایرۆسی جگەر جۆریB ،كە لەھەفتەی یەكەم دەكرێت و دوادەخرێت تا یەك مانگ یان تا كێشی دەبێت بەدوو كیلۆ.

-لەچ كاتێكدا نابێ كوتان بكرێ یاخود دوا بخرێ؟

1-ئەگەر منداڵەكە ھەستیاری توندی ھەبێ بەیەكێ لەژەمەكانی كوتان.

2-ئەگەر نەخۆشی بەرگری لەش، نەخۆشی درێژخایەنی وەكو دڵ و سییەكان و گورچیلەی ھەبێت.

3-ئەگەر ھەندێ دەرمانی وەكو كیمیایی و ستیرۆید وەربگرێت.

4-ئەگەر خوێنی تێكرابێت، یان ھەر پێكھاتەیەكی تری خوێنی وەرگرتبێ.

-ئایا منداڵی نەبەكام دەبێت بكوترێ؟

بەڵێ ، دەبێ بەپێی ھەمان خشتە بكوترێن ، تەنھا ڤاكسینی  ڤایرۆسی جگەر جۆری B دەبێ دوابخرێ تا كێشی مناڵەكە دەگات بەدوو كیلۆ.

-نابێت هیچ ژەمێكی ڤاكسین پشتگوێ بخرێت.

چونكە زۆربەی ڤاكسینەكان پێویستیان بەدوو ژەم یان زیاترە تاكو بەرگری و دژەتەن دروست ببێت.

نابێت ھیچ ژەمێك لەچوار رۆژبۆ ھەفتەیەك زیاتر دوا بخرێت، چونكە خشتەی كوتانەكەی تێكدەچێت.

-لەچ كاتێكدا  سەردانی پزیشكی منداڵان بكەم ؟

1-ئەگەر هەستیاری ، هەستیاری دروست بوو، وەكو سوربونەوەی زۆری پێست و ئاوسانی دەمو لێوو پێڵووی چاو و كۆكە.

2- تێكچوونی هۆش و گەشكە.

هەروەها هەر یەكێك لەم نیشانانە ئەگەر دروست بوو، دەبێ تۆمار بكرێ و بزانرێت بۆكام ژەمی كام جۆر ڤاكسینە دروست بووە، چونكە نابێت ژەمی تری هەمان جۆری بۆ بكرێتەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی