سوپای ئیسرائیل ئامادەکاریی دەکات بۆ وەڵامدانەوەیی هەڕەشەی نوێ لە عێراقەوە

#عێراق#ئیسرائیل#مۆساد#کەتائیبی حیزبوڵڵا#سوپای قودسی پاسداران#سوپای ئیسرائیل
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
جێگر تەیب
پوختە :
  • ئیسرائیل ئامادەکارییەکانی بۆ وەڵامدانەوەی هێرشی نوێ لە عێراقەوە دەستپێکردووە، ئەوەش بەپێی میدیای واڵا لە ژمارەیەک سەرچاوەی فەرماندەیی باکووری ئیسرائیلەوە وەریگرتووە
Primary Asset

چەکدارێکی کەتائیبی حیزبوڵڵا

سبەی

ئیسرائیل ئامادەکارییەکانی بۆ وەڵامدانەوەی هێرشی نوێ لە عێراقەوە دەستپێکردووە، ئەوەش بەپێی میدیای واڵا لە ژمارەیەک سەرچاوەی فەرماندەیی باکووری ئیسرائیلەوە وەریگرتووە.

بەپێی راپۆرتی میدیا واڵا، سوپای ئیسرائیل و دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل ناسراو بە مۆساد، بەشێوەیەکی چڕ ئامادەکارییان دەستپێکردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی نوێ لە عێراقەوە.

بەپێی راپۆرتەکە، هۆکاری ئامادەکارییەکانی سوپای ئیسرائیل و مۆساد بۆ بەهێزکردنەوەی تۆڕی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران دەگەڕێتەوە.

بەپێی وتەی سەرچاوەکانی نێو فەرماندەیی باکووری سوپای ئیسرائیل، سوپا و مۆساد پلانی بەرگریی و هێرشیان بۆ وەڵامدانەوەی هەڕەشەکان ئامادەکردووە. 

ئێران لە رێگەی پارەدارکردن و ناردنی چەک و موشەکەوە گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە خۆی بەهێز و ئامادەکردووەتەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل.

ئامانجی ئێران جووڵە نوێیەکانی لە پڕچەککردنی گرووپە چەکدارەکان بۆ هێرشی درۆنی و موشەکییە بۆ سەر ئیسرائیل، هەر کاتێک فەرمانیان پێبکرێت.

لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی ئێرانیشدا، هەفتەی رابردوو، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودسی پاسداران سەردانی عێراقی کردووە بۆ پتەوکردنی هەماهەنگی زیاتری نێوان گرووپەکان و ئێران و جێبەجێکردنی پلانەکان.

لەوبارەیەوە، رۆژنامەی جیروسلام پۆستی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، ئێران دوو میتۆدی بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل هەیە.

میتۆدی سەرەکی ئێران لە هێرش بۆ سەر ئیسرائیل، هێرشی موشەکی و درۆنییە لە خاکی عێراقەوە دژی ئیسرائیل.

میتۆدی دووەم، هێرشی زەمینییە، ئەوەش لە رێگەی چوونە نێو سوریا و گەیشتن بە سنورەکانی ئیسرائیل و ئوردن.

وەک لە راپۆرتەکەی جیروسلام پۆستدا هاتووە، پشتیوانییەکانی سوپای قودسی پاسداران بە شێوەیەکی سەرەکی بۆ کەتائیبی حیزبوڵڵایە، کە یەکێکە لە گرووپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی.

کەتائیبی حیزبوڵڵا بە یەکێک لە گرووپە سەرەکییەکانی سەر بە ئێران دادەنرێت، ئەوەش بە هۆی پێگەی سیاسی و توانا سەربازییەکانیانەوە لە رووی هەبوونی درۆنی خۆکوژی مەودا درێژەوە. 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی