
سبەى
وەزیرى جەنگى ئەمەریکا هۆشداریی توندیدایە عێراق و هەڕەشەى وەڵامى توندى وڵاتەکەى کرد ئەگەر گروپەچەکدارەکان دەستوەردان بکەن لەئۆپراسیۆنە سەربازییەکانى پنتاگۆن لەناوچەکە.
ئەو هۆشدارییەى پنتاگۆن لەمیانەى پەیوەندییەکى تەلەفۆنیدا هات کە نزیکەى 10 رۆژ لەمەوبەر لەنێوان پیت هێگسێت وەزیرى جەنگى ئەمەریکا و سابت عەباسى وەزیرى بەرگرى عێراق ئەنجامدرا، ئەوەش بەوتەى وەزیرى بەرگرى عێراق.
سابت عەباسى وەزیرى بەرگرى عێراق لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند، نزیکەى 10 رۆژ لەمەوبەر، لەرێگەى کاربەڕێکەرى باڵیۆزخانەى ئەمەریکاوە، لەگەڵ وەزیرى بەرگرى ئەمەریکا بەتەلەفۆن قسەیکردووە، بەئامادەبوونى سەرۆک ئەرکان و جێگرى فەرماندەى ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان، یاریدەدەرى ئۆپراسیۆنەکان و بەڕێوەبەرى هەواڵگرى سەربازى.
دەشڵێت پیت هێگسێت ئاگاداریکردوونەتەوە کە هەندێ ئۆپراسیۆنیان هەیە لەناوچەکە و هۆشداریدا لە دەستوەردان لەو ئۆپراسیۆنانە لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە.
"گوێمان لە هۆشدارییەکە گرت، باسى هیچ وردەکارییەک نەکرد لەبارەى ئۆپراسیۆنەکانەوە، ماوەى پەیوەندییەکە 11 بۆ 12 خولەک بوو، گفتوگۆکان بەو شێوەیە کۆتایی هات".
وەزیرى بەرگرى عێراق باسى لەوەشکرد، پەیوەندییەکە زیاتر ئاگادارکردنەوە بوو کە ئەوان هەندێ کاریان هەیە و پێویستە دەستوەردان نەکەن بەتایبەتى لە سوریا، ئەگەرنا شێوازى وەڵامدانەوەى ئیدارەکەیان دەزانن.
"هیچ شوێنێک بۆ گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نییە"
دواى هۆشدارییەکەى وەزیرى جەنگى ئەمەریکا بۆ عێراق، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ کاروباری عێراق رایگەیاند، هیچ شوێنێک بۆ گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نییە.
مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ عێراق، لە لێدوانێکی فەرمیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردەوە، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا، سەرکردایەتی عێراق هەنگاوی گرنگی ناوە بە ئاڕاستەیەکی راستی سیاسی و ئابوری، وەک دەوڵەتێکی خاوەن سەروەری بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە دەرەکییەکان.
بەپێویستی زانییوە، چەک تەنها لە کۆنترۆڵی حکومەتی شەرعیدا بێت، دەرگا بە رووی کۆمپانیا جیهانییەکان بکاتەوە بۆ ئاوەدانکردنەوەی وڵات و پەرەپێدانی ژێرخانی خراپی وڵاتەکە، بەڵام تائێستا ئەوە نەکراوە، عێراق پێویستی بە پشتیوانیی بەردەوام هەیە بۆ ئەوەی لەسەر ئەو رێگەیە بەردەوام بێت.
نێردەی تایبەتی ترەمپ رایگەیاندووە، حکومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان بە روونی رایگەیاندووە: جێگەیەک بۆ گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت نییە، سەقامگیری عێراق و بوژانەوەی وەستاوەتە سەر یەکخستنی هێزە ئەمنییەکان لەژێر سەرکردایەتی یەک حکومەت و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و لە سایەی یەک ئاڵا کە نوێنەرایەتی سەرجەم عێراقییەکان دەکات.
جەختی کردوەتەوە، بەبێ ئەو یەکێتییە سەروەری و پێشکەوتنی عێراق لە مەترسیدایە، بەرژەوەندی گەلی عێراق و ناوچەکەیەکی بەرفراوان بەندە بە سەروەری عێراقەوە بەبێ دەستوەردانی پیسی دەرەکی، لەناویاندا ئێران و بریکارەکانی. پابەند بوون بە خزمەتکردنی هاوڵاتیان و ژیانی ئاشتییانە لەگەڵ دراوسێیەکانی.
بەوتەی مارک ساڤایا، لەو چوارچێوەیەدا یەکێتی و هەماهەنگی لەنێوان دەسەڵاتی فیدراڵی و هەرێم پێویستە بۆ دەستبەرکردنی ئاسایشی بەردەوام، گەشەی ئابوری و پابەندی نیشتیمانی.
ئاماژەی بەوەکردووە، عێراق وڵاتێکی گرنگی ناوچەکەیە، پێویستە رۆڵی سروشتی خۆی بگێڕێت، پشتیوانی ئاشتی، ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی بکات، نابێت عێراق بگەڕێتەوە بۆ رابردوو و ئەو رێبازانە بگرێتەبەر کە لەمپەرن لەبەردەم پێشکەوتن و یەکگرتوویی.
نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاندووە: ئەرکی منەوە بەناوی سەرۆک ترەمپەوە پەیوەندی بەردەوامم لەگەڵ عێراق هەبێت و پاڵپشتی بکەم بەرەو سەقامگیری و سەروەری و خوشگوزەرانی، عێراق گرنگییەکی گەورەی هەیە بۆ ناوچەکە و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، وەک یەکێک لە بەهێزترین هاوبەشەکانی ئەمەریکا دەمێنێتەوە، پابەندم بە باشترکردنی ئەو پەیوەندییە و ئەو رۆڵە شکۆمەندایە وەک نێردە دەگرمە ئەستۆ، پێویستە جارێکی دیکە عێراق مەزن بکەینەوە.
