
ژمارەیەک کۆچبەر
سبەی
كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە، توانیویەتی زیاتر لە 300 كۆچبەری دەستبەسەركراو لە لیبیا و تونسەوە بگێڕێتەوە، بەڵام هێشتا نزیكەی 50 كۆچبەر لەو دوو وڵاتە گیریان خواردووە.
بەكر عەلی، سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكانی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لەسەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا، لە رێگەی حكومەتی هەرێم و فەرمانگەی پەیوەندیەكانی دەرەوە، 319 كۆچبەر لە لیبیا و تونسەوە بۆ هەرێمی كوردستان گەڕێنراونەتەوە.
وتیشی: 85 كەس بەمدواییە لە تونس گێڕدراونەتەوە، بەڵام تائێستا 25 كۆچبەر لە لیبیا و حەوت كۆچبەریش لە بولگاریا هەن كە گیریان خواردووە و دەستبەسەرن كۆی گشتیش نزیكەی 50 كۆچبەر گیریان خواردووە.
سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكان داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەو كۆچبەرانەی لە لیبیا و تونس و وڵاتانی دیكە گیریان خواردووە بگەڕێنێتەوە بۆلای كەسوكاریان.
پێشتر دەزگای لوتكە بۆ كاروباری ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان و عێراق، هۆشداری دابوو لە خراپیی دۆخی كۆچبەرانی كورد كە لە لیبیا دەستبەسەرن، كە گۆڕدراوە بۆ كارەسات و بەشێك لەو كەسانەش خەڵكی هەرێمی كوردستانن.
هەفتەیەك لەمەوبەر، ئەحمەد سەحاف، كاربەڕێكەری باڵیۆزخانەی عێراق لە تەرابلسی لیبیا رایگەیاند:"لە رێگەی فڕۆكەیەكەوە كە لە ئیستانبوڵەوە بۆ هەولێر گەشتی كردووە، 40 كۆچبەری عێراقیمان گەیاندەوە بۆ هەولێر، هەوڵەكانیشمان بەردەوامە بۆ گەڕاندنەوەی عێراقیەكان لەو وڵاتە و ئامادەكاری بۆ گەڕاندنەوەی 35 كۆچبەری دیكە دەكەین".
كاربەڕێكەری باڵیۆزخانەی عێراق لە تەرابلس وتیشی "سوپاسی دەزگا ئەمنییەكانی حكومەتی یەكێتی نیشتمانی لیبیا دەكەین، كە خواردن و دەرمان و چاودێری تەندروستییان بۆ كۆچبەرە عێراقیەكان دابین كردووە، بە هەماهەنگی حكومەتی هەرێمی كوردستان بلیتی گەشتكردنمان بۆ ئەو كۆچبەرانە دابین كرد".
بەوتەی كاربەڕێكەری باڵیۆزخانەی عێراق لە تەرابلسی لیبیا، لەوكاتەوەی باڵیۆزخانەكەیان لە 23-12-2023 كراوەتەوە، بەردەوامن لە پێدانی پەیامی هۆشیاركردنەوە لە مەترسیی تۆڕەكانی بە قاچاغبردنی مرۆڤ.
كۆچبەرانی عێراقی و كورد لە لیبیا
پێشتریش بەكر عەلی، سەرۆكی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، نیگەرانیی خۆی لەبارەی كۆچی بەلێشاوی گەنجان و كێشەكانی پەنابەرانی كورد لە وڵاتانی تونس و لیبیا و گەڕانەوەی دیپۆرتكراوەكان لە وڵاتانی ئەورووپا دەربڕی، هۆشداریشیدایە هاوڵاتییان لە مەترسییەكانی ئەم ڕێگەیە و داوای لە حكومەتی هەرێم و عێراق كرد كە چارەسەر بۆ بێكاری بدۆزنەوە، چونكە بە وتەی ئەو بێكاری هۆكاری سەرەكی كۆچكردنیانە.
بەپێی ئامارەكانی كۆمەڵەی پەنابەرە گەڕاوەكان، لە ماوەی نۆ مانگی ڕابردوودا زیاتر لە شەش هەزار هاوڵاتی هەرێمی كوردستان ڕوویان كردووەتە ئەوروپا.
تونس لەگەڵ لیبیای دراوسێیدا بوونەتە دوو خاڵی سەرەكیی دەرچوونی كۆچبەران
لەم ساڵانەی دواییدا، تونس كە بەشێك لە كەناراوەكانی كەمتر لە 150 كیلۆمەتر لە دوورگەی "لامپیدۆسا" ی ئیتاڵیاوە دوورە، لەگەڵ لیبیای دراوسێیدا بوونەتە دوو خاڵی سەرەكیی دەرچوونی كۆچبەران لە باكوری ئەفریقاوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا.
لە ساڵی 2023 تونس بە بەهای 255 ملیۆن یۆرۆ، رێككەوتنێكی لەگەڵ یەكێتی ئەوروپا واژۆكرد، كە نزیكەی نیوەی ئەو پارەیەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆچی نایاسایی تەرخان كرد، بەوەش تا ئاستێك كۆچی نایاسایی لەو وڵاتەوە بەرەو ئیتاڵیا كەمكردەوە.
بەڵام لە سەرەتای 2025 ەوە، نزیكەی 55 هەزار و 976 كەس گەیشتوونەتە كەناراوەكانی ئیتاڵیا، بەشێوەیەك لەسەر ئاستی ساڵانە 2% زیادیكردووە، زۆربەی ئەو كەسانە كە ژمارەیان 49 هەزار و 792 كەس بووە لە لیبیا و ئەوانی دیكەش لە تونسەوە چوون كە ژمارەیان سێ هەزار و 947 كەس بووە.
