
هاکان فیدان
سبەی
چاوەڕوان دەكرێت سبەینێ یەكشەممە هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا سەردانی عێراق بكات، بەرپرسانی توركیا ئامانجی سەردانەكەیان ئاشكراكردووە، باس لەوەدەكەن ئامانجی سەرەكیی "پرسی ئەمنییە".
بەوتەی چەند سەرچاوەیەكی بەرپرسی توركیا بۆ رۆژنامەی "دەیلی سەباح" ی توركی، سەردانەكەی هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ پرسی ئاو و ئەمنییە، بۆ ئەو مەبەستەش چاوی بە بەرپرسانی باڵای عێراق دەكەوێت.
وەك ئەو رۆژنامە توركییە ئاماژەی پێداوە، چاوەڕوان دەكرێت هاكان فیدان داوای هەماهەنگی لە ئاستی باڵا بۆ "پرسی تیرۆر" لە بەرپرسانی عێراق بكات، بۆ پشتیوانی لە پرۆسەی "توركیای بێ تیرۆر" جگە لە بەرپرسیارێتی هاوبەشی سەرچاوە ئاوییەكان لەنێوان هەردوو وڵات.
سەردانی وەزیری دەرەوەی توركیا دوای سێ هەفتە دێت لە سەردانی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ توركیا، بە یاوەری وەزیری سەرچاوە ئاویەكانی عێراق كە رۆژی 10 ی تشرینی یەكەمی 2025 ئەنجامدرا.
بەوتەی رۆژنامە توركییەكە، فیدان چاوی بە بەرپرسانی باڵای عێراق دەكەوێت و پرسی دۆخی ناوچەكە و هەماهەنگییان لەگەڵ تاوتوێ دەكات.
رۆژنامەی "دەیلی سەباح" نوسیویەتی "فیدان سوپاسی توركیا بە لایەنی عێراقی دەگەیەنێت كە پشتیوانی پرۆسەی توركیای بێ تیرۆریان كردووە، كە ئامانج لێی كۆتاییهێنانە بە چوار دەیە لە خوێن رشتن، دوای ئەوەی كۆتایی ئەم مانگە پەكەكە هەنگاوێكی دیكەی نا و گەریلاكانی بۆ قەندیل كشاندەوە ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو پرۆسەیەی لە كۆتایی ساڵی رابردوو لە توركیا دەستیپێكردووە و بەهۆیەوە عەبدوڵڵا ئۆجەلان رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو حزبە و چەكدانانی كرد".
لە سەردانەكەیدا بۆ عێراق، چاوەڕوان دەكرێت وەزیری دەرەوەی توركیا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق پرسی ئاو تاوتوێ بكات، لەگەڵ پرسی هێڵەكانی بۆری نێوان هەردوو وڵات، جگە لە پرسی شەڕی غەززە و چەند پرسێكی دیكەی ناوچەیی.
سەردانی وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ عێراق لەكاتێكدایە، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا لە نیسانی 2024 سەردانی عێراقی كرد و چاویكەوت بە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەو سەردانەش 27 رێككەوتنی نێوان هەردوو وڵاتی لێكەوتەوە، لەبوارەكانی ئەمنیی، بازرگانیی، كشتوكاڵی، رۆشنبیری، گواستنەوەو سەرچاوە ئاوییەكان.
دوای سەردانەكەی ئەردۆغان بۆ عێراق، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە ئایاری 2025 سەردانی توركیای كرد، ئەویش بە مەبەستی ئامادەبوون لە كۆبوونەوەی لوتكەی ئەنجومەنی هاریكاری ستراتیژی و لەوێش 11 رێككەوتنی ئەنجامدا.
دوایین سەردانی هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا بۆ عێراق، لە رۆژی 26 ی كانوونی دووەمی 2025 بوو.
