دانوستانی ئیسرائیل و سوریا دەستپێدەکاتەوە؛ شەرع سەردانی ئەمەریکا دەکات

#سوریا#ئەمەریکا#شەرع#ترەمپ#باراک
7 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 6 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
بەهادین عەلی
پوختە :
  • ئاژانسێکی ئەمەریکی بەناوبانگ ئاشکرایکردووە، لە دوای سەردانە چاوەڕوان کراوەکەی ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا بۆ واشنتن کە بڕیارە لەم مانگەدا ئەنجام بدرێت، دانوستانەکانی دیمەشق و تەلئەبیب بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئەمنی گشتگیر دەستپێدەکاتەوە. هاوکات پێشبینی دەکرێت سوریا پەیوەندی بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بکات.
  • هاوپەیمانی دژی داعش کە هێزەکانی سوریای دیموکرات لایەنێکی سەرەکی و کاریگەرە لە هاوپەیمانییەکەدا، لە ساڵی 2014دا بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ شکستپێهێنانی داعش پێکهێنرا. لە کاتێکدا لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2017، ئەو گروپە تیرۆریستییە یەک لەسەر سێی خاکی سوریا و عێراقی کۆنترۆڵ کرد. لەو شوێنانەشدا کە یاسای شەریعەتی تێدا سەپاند، داعش ناوبانگییەکی زۆری لە دڕندەییدا پەیدا کرد.
  • دۆناڵد ترەمپ لە مانگی ئایاری رابردوودا بە ئامادەبوونی محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە لە ریاز لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە. ئەوەش بووە یەکەم کۆبوونەوەی سەرۆکەکانی هەردوو وڵات لە ماوەی 25 ساڵدا. لە دیدارەکەدا سەرۆکی ئەمەریکا ئامادەیی خۆی بۆ لابردنی سەرجەم سزاکانی سەر سوریا راگەیاند، ئەویش لە پێناوی بەدیهێنانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە سوریادا. لە مانگی ئەیلولی رابردووشدا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک جارێکی تر کۆبوونەوە.
Primary Asset

ترەمپ و شەرع

سبەی

ئاژانسێکی ئەمەریکی بەناوبانگ ئاشکرایکردووە، لە دوای سەردانە چاوەڕوان کراوەکەی ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا بۆ واشنتن کە بڕیارە لەم مانگەدا ئەنجام بدرێت، دانوستانەکانی دیمەشق و تەلئەبیب بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئەمنی گشتگیر دەستپێدەکاتەوە. هاوکات پێشبینی دەکرێت سوریا پەیوەندی بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بکات.

ئاژانسی ئاکسیۆس لە راپۆرتێکیدا ئاشکرایکردووە، ئەمەریکا کاردەکات لەسەرئەوەی تا کۆتایی 2025، سوریا و ئیسرائیل بگەن بە رێککەوتنێکی گشتگیری ئەمنی. ئاشکراشیکردووە ئەوە ئامانجێکی ئەمەریکایە و دەیەوێت بە واژۆکردنی رێککەوتنێک کۆتایی بە گرژییەکانی نێوان ئەو دوو لایەنە بهێنێت.

لە بەشێکی راپۆرتی ئاژانسەکەدا هاتووە، بەرێوەچوونی خولێکی نوێی دانوستانەکانی نێوان سوریا و ئیسرائیل، لەدوای سەردانە چاوەڕوان کراوەکەی ئەحمەد شەرع بۆ واشنتن پێشبینی کراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە تۆم باراک نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سوریا ئاشکرایکرد، چاوەڕوان دەکرێت ئەحمەد شەرع سەردانی واشنتن بکات. باراک لە پەراوێزی دیالۆگی مەنامە بە رۆژنامەوانانی راگەیاند، هیوادارین سەردانەکەی ئەحمەد شەرع بۆ ئەمەریکا، پەیوەندیکردنی سوریا بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش لێبکەوێتەوە. 

هاوپەیمانی دژی داعش

هاوپەیمانی دژی داعش کە هێزەکانی سوریای دیموکرات لایەنێکی سەرەکی و کاریگەرە لە هاوپەیمانییەکەدا، لە ساڵی 2014دا بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا بۆ شکستپێهێنانی داعش پێکهێنرا. لە کاتێکدا لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2017، ئەو گروپە تیرۆریستییە یەک لەسەر سێی خاکی سوریا و عێراقی کۆنترۆڵ کرد. لەو شوێنانەشدا کە یاسای شەریعەتی تێدا سەپاند، داعش ناوبانگییەکی زۆری لە دڕندەییدا پەیدا کرد.

جەنگی دژی داعش تا ئێستاش بەردەوامە، هەرچەندە لە ساڵی 2019دا بەهاوکاری نێوان هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان و هێزەکانی سوریای دیموکرات، داعش لە دواین مۆڵگەکانی دەرکرا. بەڵام ئەو گروپە تیرۆریستیە بە سود وەرگرتن لە رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردوودا، هەوڵی خۆڕێکخستنەوەی زیاتر دەدات و چالاکی خستۆتەوە ناو شانە چەکدارەکانی.

کرانەوەی ئەمەریکا بە رووی سوریادا

دۆناڵد ترەمپ لە مانگی ئایاری رابردوودا بە ئامادەبوونی محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە لە ریاز لەگەڵ ئەحمەد شەرع  کۆبووەوە. ئەوەش بووە یەکەم کۆبوونەوەی سەرۆکەکانی هەردوو وڵات لە ماوەی 25 ساڵدا. لە دیدارەکەدا سەرۆکی ئەمەریکا ئامادەیی خۆی بۆ لابردنی سەرجەم سزاکانی سەر سوریا راگەیاند، ئەویش لە پێناوی بەدیهێنانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە سوریادا. لە مانگی ئەیلولی رابردووشدا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک جارێکی تر کۆبوونەوە.

بەر لە سێیەم کۆبوونەوەشیان، کۆشکی سپی گوشارەکانی بۆ سەر کۆنگرێس چڕتر کردووەتەوە بۆ هەڵگرتنی ئەو سزایانەی کە هێشتا لە سەر سوریا لانەبراون. هاوکات هۆشداریداوە لەوەی کە مانەوەی ئەو سزایانە، ئەرکی حکومەتی نوێی سوریا ئاڵۆز دەکات، لە کاتێکدا ئیدارەی ترەمپ وەک پێگەیەکی ستراتیجی بەرفراوانی خۆی لە ناوچەکەدا دەیبینێت.

لەگەڵ ئەوەشی ترەمپ فەرمانی دەرکرد، بەجۆرێک زۆربەی سزاکانی هەڵوەشاندەوە و چانسی بوژانەوەی سوریای دا بە دەسەڵاتدارانی نوێی ئەو وڵاتە، لە دوای 10 ساڵ لە جەنگ و کاولکاری. بەڵام توندترین سزاکان کە بە یاسای سزادانی قەیسەر ناسراوە، هەر لە شوێنی خۆیدایە، چونکە هەڵگرتنی پێویستی بە رەزامەندی کۆنگرێس هەیە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی