
سبەی
دوای زیاتر دو مانگ مانەوەی لە نەخۆشخانە، بێستون عەبدوڵڵا یەکێک لە خۆبەخشانی ژینگەدۆست، کە لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەی پێنجوێن بریندارببوو، گیانی لەدەستدا.
هێمن ئیبراهیم قائیمقامی قەزای پێنجوێن رایگەیاند: شەهیدی پاراستنی ژینگە بێستون عەبدوڵڵا دانیشتووی گوندی کواوای قەزای پێنجوێن، بەهۆی بەشداریکردنی خۆبەخشانە و دڵسۆزانەی لە کوژاندنەوەی ئاگرەکەی سنوری پێنجوێندا، بەسەختیی برینداربوو؛ ئەمڕۆ یەکشەممە کۆچی دواییکرد.
پێشتریش لە 24ـی ئەیلولی ئەمساڵ، ئالان یوسف ئەحمەد کواوای، یەکێکی دیکە لە بریندارانی ئاگرکەوتنەوەکەی گوندی هەڵاڵاوا و قەڵای کچێی سنوری قەزای پێنجوێن، دوای 25 رۆژ مانەوەی لە نەخۆشخانە، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
کۆتایی مانگی ئابی ئەمساڵ ئاگرێکی گەورە لە سنوری قەزای پێنجوێن کەوتەوە، هاوشانی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە، ژمارەیەکی زۆر لە ژینگەدۆستان و خۆبەخشان هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکانیان کرد بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە.
بەهۆی بەرفراوانی ئاگرەکە و سەختی ناوچەکە، ئالان ئەحمەد و بێستون عەبدوڵڵا کە دانیشتوی گوندی کواوا بوون وەک دوو گەنجی ژینگەدۆست و خۆبەخش بەشداریی کوژاندنەوەی ئاگرەکەیان کرد، بەهۆی ئاگرەکەوە بەشێکی جەستەیان سووتا، دوای ماوەیەک مانەوەیان لە نەخۆشخانە، رۆژی 24ـی ئەیلولی 2025 ئالان گیانی لەدەستدا و ئەمڕۆ یەکشەممە 2ـی تشرینی دووەمی 2025، بێستونیش گیانی لەدەستدا.
رۆژی (25ـی ئابی 2025) ئاگر لە گوندەکانی سنوری گوندەکانی (هەڵاڵاوا، مەسۆ، کێلو، نزارە، دەرەگورگان) لە سنوری قەزای پێنجوێن کەوتەوە و زیاتر لە سێ رۆژ بەردەوام بوو.
رۆژی (28ـی ئابی 2025) ئالان یوسف و بێستون عەبدوڵڵا هاوشانی پۆلیسی دارستان و ژینگە و تیمەکانی بەرگری شارستانی و خۆبەخشان هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرەکەیان دەدا، بەشێکی زۆری جەستەیان سوتا و رەوانەی نەخۆشخانە کران.
پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بڵاوی کردەوە، بەهۆی سەختی ناوچەکە و مەترسی هەبوونی مین کاری تەواوی تیمەکان سەخت بووە، بەهۆی ئەو ئاگرەوە ژمارەیەک بریندار هەیە کە دوو هاوڵاتی دڵسۆز و خۆبەخشن لەگەڵ بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی پێنجوێن و خراونەتە ژێر چاودێری تەندروستییەوە.
تەنها ئەمساڵ چوار گەنج بەهۆی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگری شاخەکان لە هەرێمی کوردستان گیانیان لەدەستداوە، دوو گەنجەکەی دیکە لەکاتی کوژاندنەوەی ئاگرەکەی سنوری پارێزگای هەڵەبجە بەهۆی سوتانەوە گیانیان لەدەستدا.
