
سبەی
بەهۆی مەترسی بوونی ئامڕازی سیخوڕیکردن، سوپای ئیسرائیل ئۆتۆمبێلی دروستکراوی چین لە ئەفسەرەکانی قەدەغە دەکات و هەڵمەتی وەرگرتنەوەیان 700 ئۆتۆمبێل دەگرێتەوە، لە کاتێکدا پێشتر هاوشێوەی رێککارەکانی هەندێک لە وڵاتانی وەکو ئەمەریکا و بەریتانیا، رێگە نەدراوە ئۆتۆمبێلە چینییەکان بچنە ناو سەربازگە و دەزگا و دامەزراوە ئەمنییە گرنگەکان.
میدیاییەکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە، سوپای وڵاتەکەیان بە فەرمانی ئيال زامیر سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل، هەڵمەتی کشاندنەوە و وەرگرتنەوەی ئۆتۆمبێلە چینییەکانی لە ئەفسەرەکانی دەستپێکردووە.
لەسەر ئەو بابەتە رۆژنامەی "ئیسرائیل هیۆم" بڵاویکردووەتەوە، بڕیارەکە بەهۆکاری ئەوە دراوە، دەزگا ئەمنییەکانی ئیسرائیل گەیشتوون بەو ئەنجامەی کە نیگەرانی راستەقینە سەبارەت بە دزەپێکردنی زانیاریی هەستیار یان سیخوڕیکردن لە رێگەی سیستمی ئۆتۆمبێلەکانەوە دروستبووە.
لە هەواڵی رۆژنامەکەدا هاتووە، فەرمانەکەی سەرۆکی ئەرکای سوپای ئیسرائیل، هەنگاوێکی دیکەیە لە سیاسەتی سنووردارکردنی بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی چینی، لە کاتێکدا پێشتر چوونە ژوورەوەیان بۆ ناو بنکە سەربازی و پێگە ئەمنییە هەستیارەکان لێ قەدەغەکرابوو.
"ئیسرائیل هیۆم" تیشکی خستۆتەسەرئەوەی کە هەڵمەتەکە سەرەتا ئۆتۆمبێلی ئەفسەرانی پۆستە نهێنییەکان یان ئەوانەی دەستیان دەگات بە زانیارییە ئەمنییە هەستیارەکان دەگرێتەوە. قۆناغی دووەمیش بەسەر ئۆتۆمبێلە چینییەکانی سەرجەم ئەفسەران جێبەجێدەکرێت.
بەپێی زانیاریی سەرچاوەکان کە بە رۆژنامەکەیان راگەیاندووە، هەڵمەتەکە تاوەکو کۆتایی چارەکی یەکەمی ساڵی 2026 بەردەوام دەبێت. پێشبینیش دەکرێت 700 ئەفسەری سوپای ئیسرائیل خاوەنی ئۆتۆمبێلی چینی بن. کە زۆربەیان مۆدێلی چێری (Chery)ە، کە ئۆتۆمبێلێکی خێزانی حەوت سەرنشینە.
هاوکات سەرچاوه ئەمنییەکان ئاشکرایان کردووە، هەندێک ئۆتۆمبێلی چینی سیستمێکیان تێدایە، کە پێکهاتووە لە کامێرا و مایکرۆفۆن و تەکنەلۆجیای پەیوەندییەکان و زانیاریی بۆ سەرچاوەی دەرەکی دەگوازنەوە.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، ئیسرائیل رێککارەکانی ئەمەریکا و بەریتانیای دوبارەکردۆتەوە، بەو پێیەی ئەو دوو وڵاتە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی چینیان لە ناوچە هەستیارەکاندا قەدەغە کردووە.
