
وەزیرانی دەرەوەی گروپی حەوت
سبەی
وەزیرانی دەرەوەی گروپی حەوت داوای گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمەریكا دەكەن، داواش دەكەن ئێران پابەندییەكانی خۆی بە پێی بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و پەیماننامەی قەدەغەكردنی چەكی ئەتۆمی بە تەواوی جێبەجێ بكات.
وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت، وڵاتانی (كەنەدا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتالیا، ژاپۆن، بەریتانیا، ئەمەریكا) و رێكخەری سیاسەتی دەرەوەی یەكێتیی ئەوروپا، ئێوارەی رۆژی چوارشەممە (12-11-2025) لە كۆتایی كۆبوونەوەی دوو رۆژەی خۆیان لە كەنەدا بەیاننامەیەكی هاوبەشیان بڵاوكردەوە و داوایان لە كۆماری ئیسلامی ئێران كرد بچێنە دانوستانی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریكا.
لە بەیاننامەكەدا كە لە ماڵپەڕی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیاشدا بڵاوكراوەتەوە، هاتووە: داوامان لە ئێران كردووە پابەندییەكانی خۆی بە پێی بڕیارەكانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و پەیماننامەی قەدەغەكردنی چەكی ئەتۆمی بە تەواوی جێبەجێ بكات.
وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت راشیانگەیاندووە: ئێران پێویستە هاوكاری تەواوەتی خۆی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەست پێ بكاتەوە، پێویستە رێگەش بدات پشكەنەرانی ئاژانسەكە سەردانی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی وڵاتەكەی بكات.
لە بەیاننامەكەدا داوا لە تاران كراوە، بە پشتیوانی ترۆیكای ئەوروپی كە لە ئەڵمانیا، فەرەنسا و بەریتانیا پێكهاتوون، بچێتە گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریكا.
"پابەندبن بە جێبەجێكردنی سزاكانی سەر ئێران"
لە بەیاننامەكەیاندا وەزیرانی دەرەوەی گروپی حەوت، داواشیان لە هەموو وڵاتانی ئەندامی نەتەوە یەكگرتووەكان كردووە پابەندبن بە جێبەجێكردنی سزاكانی سەر ئێران.
هەفتەیەك لەمەوبەر، مەسعود پزشكیان سەرۆك كۆماری ئێران، رایگەیاند: وڵاتەكەی بەنیاز نییە بەردەوام لەگەڵ جیهان لە ململانێ دابێت، ئامادەیی وڵاتەكەشی بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكان بۆ چارەسەری كێشە و ئاڵۆزییەكان دووپات كردەوە.
سەرۆك كۆماری ئێران ئاماژەی بەوەشدابوو، تاران ئامادەیە لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەكان دانوستان بكات، بە ئامانجی ئاسایش و ئاشتی بۆ ژیانی هاوڵاتیانی وڵاتەكەی.
ئەوەش لە كاتێكدایە، عەلی خامنەیی رێبەری كۆماری ئیسلامی ئێران، چەند رۆژێك پێشتر رایگەیاندبوو "جیاوازی نێوان ئێران و ئەمەریكا تاكتیكی نییە، بەڵكو سروشتییە و لە ناتەبایی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و سروشتی خۆبەزلزانی واشنتۆن و دژایەتییەكەی لەگەڵ سەربەخۆیی ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت".
خامنەیی لە بەشێك لە وتەكانیدا راشیگەیاندبوو " دروشمی مەرگ بۆ ئەمەریكا ئاماژەیەكە بۆ روبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەژموونی ئەمەریكا". دووپاتیشیكردەوە "هاوكاری ئێران لەگەڵ ئەمەریكا ئەستەمە، تا ئەو كاتەی واشنتۆن پشتیوانی لە رژێمی زایۆنیستی بكات و كۆتایی بە بوونی سەربازی لە ناوچەكە نەهێنێت".
ئەو قسانەی عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئێران، وەڵامێك بوو بۆ قسەكانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا كە پێشتر لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "سی بی ئێس" رایگەیاندبوو "ئێران هێشتا دەیەوێت رێككەوتن لەگەڵ ئەمەریكا بكات، بەڵام بە ئاشكرا نایڵێت".
پرسی هاوكاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم
جەختكردنەوەی وەزیرانی دەرەوەی گروپی حەوت لەسەر پێویستی هاوكاری نێوان كۆماری ئیسلامی ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم، لە نیگەرانییەكانی ئەو وڵاتانە سەبارەت بە پیتاندنی یۆرانیۆم لەلایەن ئێرانەوە سەرچاوە دەگرێت.
ئەوەش لە كاتێكدایە، ئاژانسەكە لە راپۆرتێكی نهێنیدا رۆژی چوارشەممە (12ی تشرینی دووەم) رایگەیاند "هێشتا نەیتوانیوە لە دۆخی كۆگاكانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران دڵنیا بێتەوە".
بەپێی دوایین راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە مانگی ئەیلولدا، ئێران خاوەنی 440.9 كیلۆگرام یۆرانیۆمە كە تا 60% ی پیتێنراوە، ئەمەش ئاستێكە كە لە رووی تەكنیكییەوە تەنیا هەنگاوێكی كورت لە "پلەی یۆرانیۆمی پێویست بۆ دروستكردنی چەك واتە پیتاندن بە رێژەی (90%) دوورە".
پێشتریش رافائیل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی رایگەیاندبوو، ئەم بڕە یەدەگی یۆرانیۆمە دەتوانێت بەس بێت بۆ دروستكردنی " 10 بۆمبی ئەتۆمی" ئەگەر ئێران بڕیاری بە میلیتاریزەكردنی بەرنامە ئەتۆمیەكەی بدات.
ئێران هەمیشە بانگەشەی ئەوەی كردووە كە بەرنامە ئەتۆمییەكەی لە سروشتدا "ئاشتیانە"یە، لە كاتێكدا رۆژئاوا تاران بە هەوڵدان بۆ بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی تۆمەتبار دەكات، جەخت لەوەش دەكاتەوە پیتاندنی یۆرانیۆم لەم ئاستەدا بۆ بەكارهێنانی بەمەبەستی ئاشتیخوازانە پێویست نییە.
