دانەغاز لەبارەی داواکاری سودانی بۆ راگرتنی بەرهەمهێنانی غاز روونکردنەوە دەدات

#دانەغاز#کۆرمۆر#غاز#سودانی#هەرێمی کوردستان#هێرش
6 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 5 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی روونکردنەوە لەبارەی راپۆرتی پێگەیەکی ئەمەریکی دەداتەوە لەبارەی راگرتنی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە و رایدەگەیەنێت، ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە.
Primary Asset

سبەی

کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی روونکردنەوە لەبارەی راپۆرتی پێگەیەکی ئەمەریکی دەداتەوە لەبارەی راگرتنی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەکە و رایدەگەیەنێت، ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە.

کۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی لە رونکردنەوەیەکدا ئەمڕۆ سێشەممە (2ـی کانوونی یەکەمی 2025) بڵاوی کردەوە: هەڵوێستی حکومەتی عێراق زۆر روون بووە لە یەکەم ساتی هێرشە موشەکییەکەی ئەم دواییەوە، سەرۆک وەزیران داوایکرد بە زوترین کات دەست بە بەرهەمهێنلن بکرێتەوە، لە رووی ئاسایشیەوە پاڵپشتی خێرای پێشکەشکرد، سەرەڕای ناردنی شاندێکی باڵای فیدراڵی بۆ کێڵگەکە.

وتەبێژی کۆمپانیای دانەغاز ئاماژەی بەوەکردووە، سودانی پەیوەندی راستەخۆی لەگەڵ دانەغاز ئەنجامداوە و جەختی لەسەر دووبارە بەگەڕخستنەوەی کێڵگەکە کردووەتەوە و ئەو بابەتەی پەیوەست نەکردووە بە کاری لیژنەی لێکۆڵینەوەوە، پاڵپشتی حکومەتیشی دووپاتکردووەتەوە بۆ دابینکردنی پاراستنی زیاتر و گرەنتی بەردەوامی کارکردنی تیمی کۆمپانیاکە بەبێ هیچ بەربەست و رێگرییەک.

دانەغاز، ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوەی لە راپۆرتەکەی ئەلمۆنیتەردا هاتووە سەبارەت بە دواخستنی کارەکان راست نییە و بەغداد بەدواداچوون بۆ لێکۆڵینەوەکان دەکات، سەرەڕای پێشکەشکردنی پاڵپشتی بەردەوامی کارەکانی کۆمپانیا لە رووی هونەرییەوە.

 سەبارەت بە گفتوگۆکانیان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، دانەغاز نوسیویەتی: سوپاسی تایبەتی و سەرجەم کارمەندانی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەکەین بۆ وەڵامدانەوەی خێرا و پشتگیریکردنیان لە بابەتە ئاسایشییەکان و سەردانی دەستبەجێی بەرپرسانی باڵای حکومەتی فیدراڵی بۆ کێڵگەی غازی کۆرمۆر، پابەندبوونیان بە دەرکردنی ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوە لەسەر هێرشەکە و بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو بابەتانەی تێیدا لە راپۆرتی لیژنەکەدا هاتووە بە زووترین کات.

دوای ئەوەی رۆژی چوارشەممەی رابردوو (26ـی تشرینی دووەمی 2025)، كێڵگەی غازی كۆرمۆر لە سنووری پارێزگای سلێمانی كرایە ئامانج و بە هۆیەوە كارەبای لە تەواوی هەرێمی كوردستان كوژاندەوە، بەغداد بڕیاریدا لیژنەكە پێكبهێنرێت بۆ لێكۆڵینەوە لە هێرشەكە و لە ماوەی 72 كاتژمێردا ئەنجامدەرانی ئاشكرا بكرێت، بەڵام سەرەڕای تێپەڕبوونی 72 كاتژمێرەكە، لیژنەكە ئەنجامەكانی ئاشكرا نەكردووە.

بەپێی راپۆرتێكی ئەلمۆنیتەری ئەمەریكی، سودانی فەرمانی بە دانا ‌غاز كردووە، بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەكە دەستپێنەكاتەوە هەتا لیژنەكە كارەكانی تەواو دەكات، ئەوەش بۆ هێشتنەوەی هەرێمی كوردستان لە بێ کارەباییدا.

حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیارەكەی سودانی رەتدەكاتەوە و بڕیار لەسەر دەستپێكردنەوەی بەرهەمهێنانی غاز لە كێڵگەی كۆرمۆر دەدات و كارەبا 24 كاتژمێری دەگەڕێننەوە بۆ هەرێمی كوردستان.

هەرچەندە هیچ گروپێك بەرپرسیارێتی هێرشەكە كۆرمۆری نەگرتووەتە ئەستۆ، بەڵام زۆرینەی لایەنەكان كۆكن لەسەر ئەوەی گرووپێكی نزیك لە ئێران هێرشەكەی ئەنجامداوە. ئەلمۆنیتەر وای نوسیووە.

سەبارەت بە بڕیارەكەی سودانی بە دەستپێنەكردنەوەی بەرهەمهێنانی غاز، سەرچاوەیەكی باڵای هەرێمی كوردستان كە نەیویستووە ناوی ئاشكرا بكرێت قسەی بۆ ئەلمۆنیتەر كردووە و دەڵێت: "توشی سەرسوڕمان بووین بە بڕیارە بێباكانەكەی سودانی، بیربکەنەوە ئەگەر سەركەوتوو بوایە [مەبەستی بڕیاری راگرتنی بەرهەمهێنانی غازە لە كۆرمۆر]، چ دەرەنجامێكی كارەساتباری دەبوو."

وەك لە راپۆرتەكەی ئەلمۆنیتەردا هاتووە، سەرەڕای لاوازكردنی لەلایەن ئیسرائیلەوە، ئێران هێشتا كاریگەری لەسەر سیاسەتە ناوخۆییەكانی عێراق هەیە، هەروەها بە دڵخۆش نییە بە سەقامگیریی كارەبای هەرێمی كوردستان و دابینكردنی كارەبا بۆ بەشێك لە عێراق لە كێڵگەی كۆرمۆر، چونكە ئێران ترسی لە دەستدانی بازاڕی غازەكەی هەیە و دەیەوێت عێراق تەنها پشت بە غازی ئێران ببەستێت.

بەرپرسێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە ئەلمۆنیتەری راگەیاندووە، ئامانجی محەمەد شیاع سودانی "خنكاندنی تەواوەتی" هەرێمی كوردستان بووە، ئەوەش لە چوارچێوەی هەوڵەكانی بۆ بە سەنتەركردنی (مەركەزی) عێراق.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی