"کۆتایی سودانى"؛ لیستى نوێی تیرۆر چۆن و کێ بڵاویکردەوە؟

#لیستى تیرۆر#عێراق#سودانى
5 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 5 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • لیستەکە رۆژى 17 ى مانگى رابردوو لە رۆژنامەى فەرمى وەقائیعى عێراقى و لەسەر پێگەى فەرمى وەزارەتى دادى عێراق دووجار بڵاوکراوەتەوە و ئەمڕۆ لە میدیاکان بڵاوکرایەوە، پێش ئەوەى عێراق پاشگەز بێتەوە لە پۆلێنکردنى هەریەکە لە حزبوڵاى لوبنانى و حوسییەکانى یەمەن لە لیستى تیرۆردا کە  76 کەس و 24 گروپی جیاواز لە خۆ دەگرێت.
Primary Asset

سودانى فەرمانیکرد لێکۆڵینەوەى بەپەلە لەبارەى لیستى نوێی تیرۆرەوە بکرێت

سبەى

بڵاوبوونەوەى لیستى نوێی تیرۆر لە عێراق و دواتر پاشگەزبوونەوەى ئەو وڵاتە کاردانەوەى زۆرى بەدواى خۆیدا هێنا، سودانى داواى لێکۆڵینەوەى بەپەلە دەکات و رکەبەرەکانیشى بە کۆتایی چانسى سودانى دادەنێن بۆ وەرگرتنەوەى پۆستەکەى.

لیستەکە رۆژى 17 ى مانگى رابردوو لە رۆژنامەى فەرمى وەقائیعى عێراقى و لەسەر پێگەى فەرمى وەزارەتى دادى عێراق دووجار بڵاوکراوەتەوە و ئەمڕۆ لە میدیاکان بڵاوکرایەوە، پێش ئەوەى عێراق پاشگەز بێتەوە لە پۆلێنکردنى هەریەکە لە حزبوڵاى لوبنانى و حوسییەکانى یەمەن لە لیستى تیرۆردا کە  76 کەس و 24 گروپی جیاواز لە خۆ دەگرێت.

لیستەکە لەلایەن لیژنەیەکى تایبەتمەندى سەربەخۆى بانکى ناوەندییەوە بڵاوکراوەتەوە کە لەژێر دەسەڵاتى حکومەتدا نییە، ئەوەش بەوتەى بەها ئەعرەجى راوێژکارى سەرۆک وەزیرانى عێراق لە تۆڕى ئێکس، کە بڵاوکردنەوەى لیستەکەى بە "هەڵەى تەکنیکى" ناوبردووە و دەڵێت، راستدەکرێتەوە.

لیستى پاڵپشتیکارانی تیرۆر و سپیکردنەوەی پارە، پشتبەستن بە راپۆرتی لیژنەی بلۆککردنی دارایی و پەیوەست بە نوێکردنەوەی ناوی کەسایەتی و گروپەکانی پاڵپشتی تیرۆر و پارەدارکردنیان نوێکراوەتەوە.

لە لیستەکەدا ناوى ئەبومحەمەدی جۆلانی هەموارکراوەتەوە و کراوە بە ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا، کە پێشتر سەرۆکی دەستەی تەحریر شام بووە، ئەوەش پاڵپشت بە بڕیاری لیژنەی سزادانی بەرپرسانی داعش و قاعیدە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.

بڵاوبوونەوەى لیستەکە کاردانەوەى زۆرى لێکەوتەوە، لیژنەى سڕکردنى پارە و سامانى تیرۆریستان لە بانکى ناوەندى عێراق رونکردنەوەیەکى بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لیستە نوێیەکە پێش بژارکردنى بڵاوکراوەتەوە و راستدەکرێتەوە.

جەختیشیکردووەتەوە، لیستە نوێیەکە لەسەر داواکارى مالیزیا و بڕیارى ئەنجومەنى ئاسایش بووە و عێراق تەنها رەزامەندى لەسەر بە تیرۆریست ناساندنى ئەو قەوارە و کەسایەتییانە داوە کە پەیوەندیدارن بە داعش و قاعیدە.

محەمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیرانى عێراق فەرمانیکرد لێکۆڵینەوەى بەپەلە لەبارەى لیستى نوێی تیرۆرەوە بکرێت و دەڵێت پێویستە لایەنى بەرپرس دیارى بکرێت و ئەوانەى کەمتەرخەم بوون سزا بدرێن.

بڵاوبوونەوەى لیستەکە سودانى خستە بەردەم رەخنەى توندى رکەبەرەکانى، لەگەڵ گەرمبوونى ململانێی توند لەسەر پۆستى سەرۆک وەزیرانى داهاتوو کە سودانى هەوڵى وەرگرتنەوەى دەدات.

ئیبتیسام هیلالى پەرلەمانتارى دەوڵەتى یاسا بەسەرۆکایەتى نورى مالیکى دەڵێت، حکومەتى ئێستا بەسەرۆکایەتى سودانى رۆژانە بە بڕیارى “هەڵە” تووشى سەرسوڕمانیان دەکات و پێویستە پاشەکشە بکات لە بڕیارى ناساندنى حزبوڵا و حوسییەکان وەک دوو گروپى تیرۆریستى.

هەروەها یاسر مالیکى ئەمیندارى گشتى بزوتنەوەى بەشائیر لە تۆڕى ئێکس نوسیویەتى “رێزگرتن لە تەرم ناشتنیەتى”، لە ئاماژەیەکدا بۆ کۆتایی هاتنى ویلایەتى سودانى و سوتانى چانسى بۆ وەرگرتنەوەى پۆستەکەى بەهۆى بڵاوبوونەوەى لیستەکەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی