
سبەی
تاوانکاری گروپەکانی سەر بە تورکیا لە ژێر چەتری حکومەتەکەی ئەحمەد شەرع لە سوریا بەردەوامە، بە وتەی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ "هاوشێوەی جەلادەکانی رژێمی بەشار ئەسەد، داهێنان دەکەن لە شێوازەکانی ئەشکەنجەداندا".
هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی عەفرین، بەهۆی کاریگەرییەکانی ئەشکەنجەدانی لەلایەن گروپەکانی سەر بە تورکیا، گیانی لەدەستدا. ئەو هاووڵاتییە کە باوکی سێ منداڵە و تەمەنی 42 ساڵە، لە 1/12/2024 لەلایەن گروپێکی سەر بە تورکیا رفێندرا و پاش تێپەڕبوونی 42 رۆژ لە دۆخێکی دەروونی و تەندروستی ناجێگیردا ئازاد کرا.
دوای ئازادکردنیشی لە بارێکی خراپی تەندروستیدا گەیشتە شاری حەلەب و بە وتەی کەسوکارەکەی، پەنجەکانی پێیان بڕیوە و جەستەی سوتێنراوە، دوای ئەوەی گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی حەلەب، راپۆرتی پزیشکیی دەریخستووە، کە جەستەی بەدەست سوتاوییەوە دەناڵێنێت و بەشێک لە ددانەکانیشی لەدەستداوە و لێوەکانیشی تووشی برین بووە، جگە لەوەی شوێنەواری کوژاندنەوەی جگەرە بە جەستەیەوە بووە و هۆشی لەدەستداوە و گەیشتووەتە ئاستێک تووشی ئیفلیجی بووە.
بە وتەی روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەو هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی عەفرین، لەگەڵ خێزانەکەی لە عەفرینەوە بۆ شەهبا ئاوارە بووە و خەریکی کاسبی بووە بۆ پەیداکردنی بژێوی خێزانەکەی و سێ منداڵەکەی، بەڵام یەکی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو لە درەنگانێکی شەو لە ماڵەکەی رفێنراوە و سەرەتا بۆ ماوەی پێنج رۆژ لە زیندانی ئەعزاز بووە و دواتر نێردراوەتە نەخۆشخانەیەکی عەفرین، لەوێش 42 رۆژ ماوەتەوە و بە توندترین شێوە ئەشکەنجە دراوە.
دوای ئەوەی، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا ئەو هاووڵاتییە بەهۆی کاریگەرییەکانی ئەشکەنجەدانییەوە هەست و هۆشی نەما، دواجار گیانی لەدەستدا.
وەک رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاماژەی پێدەکەن، ئەم تاوانەش دەچێتە لیستی درێژی ئەو دڕندەییەی، کە گروپەکانی سەر بە تورکیا لە عەفرین ئەنجامی دەدەن. نموونەیەکی دیکەشە لەو پێشێلکارییە ترسناکەی بەرامبەر هاووڵاتیانی مەدەنی لە زیندانی گروپەکاندا ئەنجامدەدرێت.
لە ساڵی 2018 و 2019 تورکیا و گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لە سوریا، عەفرین و سەرێکانی و بەشێک لە خاکی رۆژئاوای کوردستانیان داگیرکرد، سەرەڕای روخانی رژێمەکەی ئەسەد لەکۆتایی ساڵی رابردوو و پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە سوریا، ئەو ناوچانە هێشتا لەژێر دەسەڵاتی ئەو گروپانەدان.
بەپێی راپۆرتی نەتەوەیەكگرتووەكان و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، دوای دەستبەسەرداگرتنی عەفرین هەڵمەتێكی گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەكە و نیشتەجێكردنی هەزاران خێزانی عەرەب دەستیپێكردووە، سەرەڕای شێواندنی جوگرافیای ناوچەكە و بڕینەوەی دەیان هەزار داری زەیتون، كە سیما و ناسنامەی عەفرین بوو، جگە لەوەی دانیشتوانی كوردی ناوچەكە روبەڕووی ئەشكەنجە و رفاندن و دەستدرێژی دەبنەوە.
