
سبەی
بەپێی داتاكان، ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە سێ ملیۆن و 500 هەزار دۆنم زەویی بە گەنم دەچێنرێت، ئەمەش پێداویستی ناوخۆیی پڕدەكاتەوە. هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی كوردستان نزیكەی دوو هێندەی ستانداردی جیهانیی گەنم بەكاردەهێنن.
ساڵانە لە هەرێمی كوردستان، بەپێی شوێن و رێژە و كاتی بارانبارین، لە كۆتایی وەرزی پاییز و سەرەتای وەرزی زستان گەنم دەچێنرێت، ئەگەر زوو باران ببارێت و پەڵە بدات لە ناوەڕاستی مانگی 11 تا ناوەڕاستی مانگی 12 گونجاوترین كاتە بۆ چاندنی گەنم، بەپێی ئەو داتایانەی بڵاوكراونەتەوە، ئەمساڵ پلانی ئەوە هەیە سێ ملیۆن و 568 هەزار و 85 دۆنم زەوی بە گەنم بچێنرێت.
لە سلێمانی، ملیۆنێك و 686 هەزار و 865 دۆنم، لە هەولێر ملیۆنێك و چوار هەزار و 237 دۆنم، لە دهۆك 856 هەزار و 611 دۆنم، لە هەڵەبجەش 112 هەزار دۆنم زەویی بە گەنم دەچێنرێت.
ئەگەر هەموو ئەو زەوییەی بەپێی پلان بۆ چاندنی گەنم ئامادە كراوە، بچێنرێت و رێژەی پێویست باران ببارێت، پێشبینی دەكرێت بەرووبوومی گەنم لە بەشی پێداویستیی ناوخۆ زیاتر بێت.
ئەوەش لەكاتێكدایە، ئەمساڵ بە نرخی پاڵپشتیكراو سێ هەزار و 254 تۆن گەنمی بنەتۆو دراوەتە جووتیارانی پارێزگای هەولێر و نرخی تۆنێكی بە 450 هەزار دینار.
بە هەمان نرخ، ئەم ساڵ لە سلێمانی سێ هەزار و 700 تۆن بنەتۆو دابەشكراوە، هاوكات لە دهۆك دوو هەزار و 320 تۆن و لە هەڵەبجە 222 تۆن بنەتۆ بە نرخی پاڵپشتیكراو دابەشكراوە.
جگە لەو بنەتۆوەی دابەش كراوە، بەشێكی جوتیاران لە بەرهەمی ساڵی پێشوویان بنەتۆو ئامادە دەكەن و بەشەكەی دیكەش لە بازاڕەكاندا دەیكڕن.
بەپێی ستانداردی جیهانی هەر تاكێك بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییە خۆراكییەكانی ساڵانە پێویستی بە بڕی (71) كیلۆگرام گەنم هەیە.
بەڵام هاوڵاتیانی عێراقی بە هەرێمی كوردستانیشەوە نزیكەی دوو هێندەی ستانداردی جیهانی گەنم بەكاردەهێنن كە بۆ هەر تاكێیك تێكڕا (139) كیلۆ گرامە.
