ئەگەر ئەمەریكا رێبازی خۆی بگۆڕێت؛ عەراقچی: ئێران دەرگای دانوستانی بە كراوەیی هێشتۆتەوە

#ئێران#ئەمەریکا#دانوستان#ئەتۆمیی
7 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، وڵاتەكەی دەرگای دانوستانی بە كراوەیی هێشتۆتەوە، ئەگەر ئەمەریكا رێبازی خۆی بگۆڕێت.
  • عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند: ئەزموونی رابردووی دانووستان لەگەڵ ئەمەریكا ئەرێنی نەبووە، بەڵام ئێران دەرگای دانووستانی بە كراوەیی هێشتۆتەوە بۆ رێككەوتنێك كە بەرژەوەندیی هەموو لایەنەكان بپارێزێت.
  • ئەمەریكا لە رێگەی سعودیەوە پەیامێكی نهێنی ئاڕاستەی ئێران كردووە، تەنها لە حاڵەتێكدا ئامادە دەبێت بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان، ئێران سێ داواكاری قبووڵ بكات
Primary Asset

عەراقچی

سبەی

وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، وڵاتەكەی دەرگای دانوستانی بە كراوەیی هێشتۆتەوە، ئەگەر ئەمەریكا رێبازی خۆی بگۆڕێت.

عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند: ئەزموونی رابردووی دانووستان لەگەڵ ئەمەریكا ئەرێنی نەبووە، بەڵام ئێران دەرگای دانووستانی بە كراوەیی هێشتۆتەوە بۆ رێككەوتنێك كە بەرژەوەندیی هەموو لایەنەكان بپارێزێت.

عەراقچی ئاماژەی بە پابەندبوونی وڵاتەكەی بە پەیمانی قەدەغەی بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی كرد و راشیگەیاند: تاران هەروەك ژاپۆن مافی تەواوی بۆ پەرەپێدانی وزەی ئەتۆمی بۆ مەبەستی ئاشتییانە هەیە.

وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەشكرد "هەر پێشكەوتنێكی دیپلۆماسی پەیوەستە بە گۆڕینی رێبازەكەی واشنتۆن، ئەگەر رێڕەوی خۆی بگۆڕێت و خۆی بۆ رێككەوتنێكی هاوسەنگ و قازانجی هاوبەش ئامادە بكات، ئێرانیش ئامادەیە".

عەراقچی هۆشداری دا لەوەی "ئەو هێرشانەی ئەمەریكا و ئیسرائیل لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا دژی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران ئەنجامیان داوە، رەنگە ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی تیشكی زیانبەخش لە دەوروبەریان".

"ئەم پیسبوونە ئەگەرییە دەتوانێت بارودۆخەكان ناپارێزراو بكات، بۆ گەڕانەوەی پشكنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و رێگری بكات لە دەستپێكردنەوەی چالاكییەكانی چاودێریكردن لە ماوەی داهاتوودا". وەزیری دەرەوەی ئێران وای وت.

هەفتەیەك لەمەوبەر، سایتی ئێران ئینتەرناشناڵ، لە زاری سەرچاوەیەكی باڵا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاوە بڵاوی كردووەتەوە، مەسعود پزشكیان، سەرۆك كۆماری ئێران داوای لە محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە كردبوو كە لە سەردانەكەی بۆ واشنتن نێوەندگیری لە نێوان تاران و واشنتن بكات.

بە گوێرەی سەرچاوەكە، ئەمەریكا لە رێگەی سعودیەوە پەیامێكی نهێنی ئاڕاستەی ئێران كردووە، تەنها لە حاڵەتێكدا ئامادە دەبێت بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان، ئێران سێ داواكاری قبووڵ بكات كە لە خولی پێشووی دانوستانەكانیشدا لەگەڵ ئێران جەختی لێكردوەتەوە.

ستیف ویتكۆڤ، نوێنەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێشتر داوای لە ئێران كردبوو بە تەواوی دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمییەكەی بێت، لەوانەش پیتاندنی یۆرانیۆم هەروەها پێویستە ئێران دەستبەرداری پشتیوانیكردنی گروپە چەكدارەكانی ناوچەكە بێت و بەرنامە مووشەكییەكەی سنووردار بكات.

ئەوە لە كاتێكدایە دوای زیاتر لە دوو مانگ لە دانوستان و رەتكردنەوەی ئەو داواكارییانە لەلایەن تارانەوە، لە كۆتایی ئەو وادەیەی كە ترەمپ داینابوو، ئیسرائیل هێرشی بەربڵاوی لەدژی دامەزراوە سەربازی و ئەتۆمییەكان و كەسانی پەیوەست بە بەرنامە ئەتۆمی و موشەكییەكانی ئێران دەستپێكرد.

سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن دوابەدوای داواكاری ئەم دواییەی پزشكیان لە شازادەی جێنشینی سعودیە، ئەمەریكا جارێكی دیكە بە بیری كۆماری ئیسلامی ئێرانی هێناوەتەوە وتووێژ تەنها لە كاتێكدا دەكرێت كە ئەو مەرجانە قبوڵ بكرێن.

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی