#سەرژمێری گشتی دانیشتوان
#سەرژمێری 2024
سبەی
کاتژمێر حەوتی سەر لەبەیانی ئەمڕۆ پڕۆسەی کرداریی دەیەمین سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق لە رێوشوێنی قەدەغەی هاتوچۆدا دەستیپێکرد، تا سبەینێ کاتژمێر 12ی شەو پڕۆسەکە بەردەوام دەبێت.
بژمێرەکان لەماوەی چوار رۆژی رابردوودا، تۆماری سەرەتایی خێزانەکانیان وەرگرتووە و ئەمڕۆ و سبەینێ تۆماری کۆتایی خێزان و سەرجەم داتا و زانیارییەکانی ناو فۆڕمی سەرژمێری کۆدەکەنەوە، بۆ دروستکردنی تۆمارێکی ووردی کۆمەڵایەتی، ئابوریی، نیشتەجێ بوون، بە ئامانجی پەرەپێدان و نەخشەسازیی ئاوەدانی.
رۆژی شهممهی رابردوو 16ـی تشرینی دووهمی 2024 قۆناغی یەکەمی پرۆسهی سهرژمێریی گشتیی دانیشتووان له عێراق دهستیپێكرد، کە یەکەم جارە لە ماوەی 37 ساڵی رابردوودا، سهرژمێریی گهشهپێدان بۆ دانیشتووان دهكرێت، وەزارەتی پلاندانان لەوبارەیەوە بڵاوی کردەوە: گرنگیی ئهم جۆره سهرژمێرییهش لهوهدایه نهخشهی گهشهپێدان بۆ حكومهتی ئێستا و حكومهتهكانی دواتر دیاری دهكات و پێشكهشكردنی خزمهتگوزاری و پڕۆژهكان به هاوڵاتییان دهستنیشان دهكات، سهقامگیرییش بۆ دانیشتووانیش دهستهبهر دهكات.
له ساڵی 1997ـهوه سهرژمێریی بۆ دانیشتووانی عێراق نهكراوه و دوایینیان كه لهو ساڵهدا بهبێ ههرێمی كوردستان ئهنجامدراوه، دهریخستووه دانیشتووانی عێراق بهبێ ههرێمی كوردستان زیاتر له 22 ملیۆن كهس بوون، لهو ساڵهدا ژمارهی دانیشتووانی ههرێمی كوردستان سێ ملیۆن كهس بوون.
ئهگهرچی بڕیاربوو دوای 10 ساڵ و له ساڵی 2007ـدا سهرژمێرییهكی دیكه بۆ دانیشتووانی عێراق بكرێت، بهڵام بههۆی خراپیی دۆخی ئهمنیی ئهو كاتهی عێراقهوه، ئهنجامدانی سهرژمێرییهكه بۆ ساڵی 2009 دواخرا، لهو ساڵهشدا به بڕیارێك بۆ ماوهی 10 ساڵ دواخرا، هەروەها ساڵی 2019 بههۆی بڵاوبوونهوهی پهتای كۆرۆنا و قهیرانی داراییهوه، جارێكی دیكه ئهنجامدانی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان دواخرا.
لە سەرژمێرییەکەی ئەمڕۆدا، 120 هەزار بژمێر و توێژەر پرۆسەکە بەڕێوەدەبەن و حکومەتی فیدراڵیش بڕی 459 ملیار دیناری بۆ سەرخستنی پرۆسەکە تەرخانکردووە.
#
سبەی
قۆناغی سێیەم و تەواوکاری و مەیدانی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق بەڕێوەدەچێت لەماوەی دوو رۆژدا زۆرترین داتا لە چوارچێوەی زیاتر لە 70 پرسیار و وەڵامدا لە هەر خێزانێک کۆدەکرێتەوە.
دوای چەند جارێک لە دواخستن و چەند ساڵێک لە ئامادەکاریی، رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە (20و21)ی مانگ گەورەترین و فراوانترین پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق لە سەرتاسەری وڵات بەڕێوەچێت، کە بە گەورەترین پڕۆسە لە مێژووی عێراقدا دادەنرێت، بۆ سەرژمێری دانیشتوان و ئاوایی.
مەهدی عەلاق، راوێژکاری نیشتیمانی بۆ سەرژمێری گشتی رایگەیاندوە: کارمەندانی مەیدانی ئەمڕۆ دەست بە پڕۆسە گشتییەکەی سەرژمێری دەکەن، پڕۆسەکە ئەلیکترۆنییە و لە رێگەی تابلێتی تایبەت و پڕۆگرام کراوەوە داتا و زانیاریی کۆدەکرێتەوە و تۆمار دەکرێت و دەنێردرێت بۆ ناوەندی سەرەکی داتاکان، ئەوەش رێگە خۆشکەرە بۆ ئەوەی زانیارییەکان بە زوترین و خێراترین کات کۆبکرێتەوە، تایبەت بە تایبەتمەندی دیمۆگرافی و کۆمەڵایەتی و ئابوریی و لایەنەکانی ژیان.
پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە مانگی ئەیلولەوە، قۆناغی یەکەم بە گەمارۆسازی و ژمارە لێدان دەستیپێکرد، قۆناغی دووەم لە16ی مانگەوە دەستی پێکردوە کە دروستکردنی تۆماری خێزانییە، قۆناغی سێیەم و گرنگترینیش ئەمڕۆ چوارشەممە دەست پێدەکات کە تەواوکردنی تۆماری خێزانی و سەرجەم داتاکانی ناو فۆڕمی سەرژمێرییەکەیە سبەینێ پێنجشەممە 12ی شەو تۆماری خێزان دەدەخرێت و دواتریش پڕۆسەکە تا 10/12/2024 بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی پلاندانان بۆ چەندەیەمین جار دڵنیایی داوە بە هاوڵاتیان کە سەرجەم زانیارییەکان تەنها بۆ پلاندانان و گەشەپێدان بەکاردەهێنرێت بەبێ هیچ مەرامێکی دیکە، بۆ زانینی ژمارەی وردی خێزان، دانیشتوان، ئاستی هەژاری، ئاستی خزمەتگوزاریی و بابەتی کۆمەڵایەتی و ئابوری، بەدەر لە هەر مەرامێکی دیکەی سیاسی.
بەپێی فۆڕمی سەرژمێری زانیاریی وورد کۆدەکرێتەوە لەسەر خێزان، ژمارەی ئەندامانی خێزان، رەگەز، تەمەن، بڕوانامە و خوێندەواری، کار و وەزیفە، کارمەندی کەرتی گشتی و تایبەتی، باری کۆمەڵایەتی، ئایین، تەندروستی، نیشتەجێ بوون، باڵەخانە و بیناکان، ئامێری کارەبایی و ئەلیکترۆنی، ئۆتۆمبێل، پێداویستییەکانی ناو ماڵ.
بۆ باشتر بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە، کاتژمێر 12ی شەوی رابردوو قەدەغەی هاتووچۆ دەستی پێکرد و بۆ ماوەی 48 کاتژمێر و کاتژمێر 12ی شەوی پێنجشەممە کۆتایی دێت و دوای ئەوەش تۆماری خێزانیی دانیشتوان دادەخرێت، بۆیە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان داوا لە هاوڵاتیان دەکەن لە ماڵەکانیان بمێننەوە و هاوکاریی تیمەکانی سەرژمێری بکەن و زانیاری وردو راست بدەن بە تیمەکان، بۆ دەستکەوتنی ئاماری ورد و راست، تا لەسەر ئەو بنەمایە نەخشە و پلاندانان بۆ قۆناغی داهاتوو دابنرێت.
لیژنەی باڵای ئەمنی، حاڵەتی ئەوپەڕی ئامادەباشیی (ج) رادەگەیەنێت لەماوەی 48 کاتژمێری قەدەغەی هاتوچۆدا و رێگە بە کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و فریاکەوتن و رۆژنامەنوسان و نەخۆشخانە و پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و کەرتی خزمەتگوزاریی دەدات کە هاتوچۆی سنوردار بکەن، لەگەڵ ئەوەشدا دەرمانخانە و شوێنەکانی فرۆشتنی کەرەستەی خۆراکی و نانەواخانە و سەمونخانەکان لە گەڕەک و شوێنەکانی نیشتەجێ بوون کراوە دەبن.
عەبدولزەهرە هنداوی وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئاشکرای کرد: بۆ پڕۆسەی سەرژمێری گشتی 120 هەزار بژمێر و توێژەر پرۆسەکە بەڕێوەدەبەن و حکومەتی فیدراڵیش بڕی 459 ملیار دیناری بۆ سەرخستنی پرۆسەکە تەرخانکردووە.
#مووچە
#کوردستان
#بەغداد
#پارە
سبەی
ڕێکارەکانی ئەنجامدانی سەرژمێری، دابەشكردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان زیاتر دوادەخات، تا هەفتەی داهاتوو بەغداد ناتوانێت پارە بۆ هەولێر بنێرێت.
بەهۆی ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتوانەوە، ماوەی دوو ڕۆژ قەدەغەی هاتووچۆ و پشوو لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوە.
ئەگەرچی ماوەی پشووی سەرژمیری تەنها دوو ڕۆژە بەڵام بەهۆی ئەوەی هەینی و شەممە ڕۆژانی یەکەم و دووەمی دوای تەواوبوونی پشووەکەن تا چوار ڕۆژی دیکە دەوامی فەرمی دەستپێنکاتەوە.
ئەم ڕێکارانەی سەرژمێری هەموو ئەو بانگەشانەی هەڵوەشاندوەتەوە کە باسیان لەوە دەکرد، لەم هەفتەیەدا بەغداد پارەی مووچەی مانگی تشرینی دووەمی فەرمانبەران و مووچەخۆران ڕەوانەی هەرێمی کوردستان دەکات.
بەپێی خشتەی ڕۆژانی پشوو، بەغداد تا ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو کە دەکاتە 24ـی تشرینی دووەمی 2024، حکومەتی عێراق ناتوانێت هیچ ڕێکارێک بۆ ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان ئەنجام بدات.
ئێستا فەرمانبەران و مووچەخۆران لە دابەشكردنی مووچە لەم هەفتەیەدا نائومێدبوون، چاوەڕوانن هەفتەی داهاتوو لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوام هەواڵی دڵخۆشکەری خۆیان لەسەر مووچە ببیستن.
مووچەخۆران چاوەڕوانی مووچەن
20 ڕۆژی مانگی تشرینی دووەم تێپەڕیووە بەڵام تا ئێستا فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگی تشرینی یەکەمی 2024یان وەرنەگرتووە.
تا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق هیچ ڕونکردنەوەیەکی فەرمیان لەسەر هۆکاری نەناردنی پارە و دابەشنەکردنی مووچە بڵاونەکردوەتەوە.
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کورد لە بەغداد، لە سەرەتای ئەم مانگەوە چەند جارێک وادەی ناردنی پارەیان لەلایەن بەغدادەوە دیاریکردووە بەڵام وادەکان تێپەڕیوون و پارە نەنێردراوە.
قسەی جیاواز لەسەر نەناردنی پارە و دابەشنەکردنی مووچە هەیە، بەشێک لە نوێنەرانی کورد لە بەغداد هەرێمی کوردستان بەهۆکاری کێشەکە دەزانن بەڵام بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوە ڕەتدەکەنەوە.
کۆتا مووچە لە هەرێمی کوردستان
کۆتا مووچە لە هەرێمی کوردستان دابەشکرابێت، مووچەی مانگی ئەیلول بوو کە لە 18ـی تشرینی یەکەمەوە دەست بە دابەشکردنی کرا و ڕۆژی 24ـی تشرینی یەکەم کۆتاییهات.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان، مووچەی هەر مانگێکی سەرجەم فەرمانبەر و مووچەخۆران پێویستی بە 998 ملیار دینارە و پێویستە بەغداد دابینی بکات.
#سەرژمێری گشتی
سبەی
لە سەرەتای دامەزراندییەوە تا ئێستا لە عێراقدا نۆ سەرژمێریی دانیستوان ئەنجامدراوە. سەرژمێرییەکان لایەن حکومەتە جیاوازەکانی عێراق و بەریتانیاوە سەرپەرشتیکراوە. هەندێک لە سەرژمێرییەکان پێش ئەوەی کۆتاییان پێبهێنرێت راگیراون بە هۆکاری جیاواز.
لە ساڵی 1920 یەکەم سەرژمێریی ئەنجامراوە، کۆتا سەرژمێرێش لە ساڵی 1997. لە ئێستاشدا سەرژمێریی دانیشتوانی دەیەم دەستی پێکردوە و لەلایەن حکومەتی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
سەرژمێریی دانیشتوانی عێراق ساڵی 1920
دوای کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم و شکستی عوسمانییەکان، بەریتانییەکان توانیان عێراق داگیربکەن و عوسمانییەکان دەربکەن و حوکمی عێراقیان گرتە دەست. هەر لەو کاتەوە دەوڵەتی عێراق دامەزرا بە سیستمی پاشایەتی. لە ساڵی 1920 بەسەپەرشتی بەریتانییەکان یەکەم سەرژمێریی دانیشتوان کە عێراقی نوێدا ئەنجامدرا و دانیشتوانی عێراق بە 2 ملیۆن و 849 هەزار و 282 کەس دانرا.
سەرژمیری دانیشتوانی عێراق ساڵی 1927
حەوت ساڵ دوای ئەنجامدانی یەکەم سەرژمێری دانیشتوان، دووەم سەرژمیری دانیشتوانی عێراق لە تشرینی یەکەمی ساڵی 1927 دەستی پێکرد و پرۆسەکە لە کۆتایی هەمانساڵدا کۆتایی هات. پرۆسەی سەرژمێرییەکە تەنها شارەکانی گرتەوە و لەلایەن ژمارەیەک لیژنەی جیاوازەوە لە قوتابخانە. مزگەوت و ژمارەیەک شوێنی حکومی ئەنجامدەدرا. سەرژمێرییەکە شکستی هێنا و نەتوانرا پرۆسەکە تەواو بکرێت و هەڵوەشێنرایەوە.
تا کۆتایی پرۆسەکە ژمارەی دانیشتوانی عێراق بە 2 ملیۆن و 968 هەزار و 54 کەس دانرا.
سەرژمێریی دانیشتوانی عێراق ساڵی 1934
دوای نزیکەی شەش ساڵ جارێکی دیکە پرۆسەی سەرژمێریی لە عێراقدا، لە مانگی ئەیلولی 1934 دەستیپێکرد دوای مانگێک لە سەرژمێرییەکە کۆتایی پێهات، بەڵام مانگەکانی ئاب و ئەیلولی ساڵی دواتردا دووبارە دەستکرایەوە بە پرۆسەکە. پرۆسەی سەرژمێرییەکە لە ساڵی 1935 کۆتایی پێهات و دانیشتوانی عێراق بە 3 ملیۆن و 213 هەزار و 174 کەس خەمڵێنرا.
سەرژمیری دانیشتوانی عێراق 1947
چوارەم سەرژمیری دانیشتوان لە عێراقدا لە مانگی تشرینی یەکەمی 1947دا دەستی پێکرد، هەرچەندە پرۆسەکە لەلایەن ژمارەیەک تیمی کۆکردنەوەی زانیاری و داتاوە ئەنجامدراوە، بەڵام نەتوانرا هەموو دانیشتوانی عێراق لە سەرژمێرییەکەدا تۆماربکرێت. بەپێی سەرژمێرییەکە دانیشتوانی عێراق بە 4 ملیۆن و 816 هەزار و 185 کەس خەمڵێنرا.
دواتر و بەپێی یاسایەک لە ساڵی 1947 بڕیاردرا هەموو 10 ساڵ جارێک سەرژمێریی دانیشتوان ئەنجامبدرێت.
سەرژمێریی دانیشتوانی عێراق 1957
دوای 10 ساڵ، سەرژمێریی ساڵی 1957 ئەنجامدرا، کە بە باشترین و دروستترین سەرژمێریی دادەنرێت کە لە عێراقدا ئەنجامدرابێت. لەو کاتەدا بەهۆی نەبوونی ئامێری ئەلیکترۆنی پێشکەوتووەوە، سەرژمێرییەک 100% بەدەستی ئەنجامدراوە.
بەهۆی نەبونی خوێندەوارییەوە بەشێکی زۆری دانیشتوان تەنانەت بەرواری لەدایکبونی خۆشیان نەزانیوە، لەبەرئەوەشە بەرواری لەدایکبونی بەشێکی زۆری دانیشتوان بە یەکی تەمموز دانراوە. سەرژمێریی 1957 لە تشرینی یەکەمی ئەو ساڵەدا دەستیپێکرد و دانیشتوانی عێراق بە 6 ملیۆن و 536 هەزار و 109 کەس دانرا.
سەرژمێریی دانیشتوانی عێراق 1965
سەرژمێریی ساڵی 1965 پێشخرا بەهۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە کە بڕیاروابوو لەساڵی 1967 ئەنجامبدرێت. سەرژمێریی دانیشتوانی عێراقی ساڵی 1965 جیاواز بوو لە سەرژمێرییەکانی پێشتر، چونکە پرسیاری نەتەوەی لە خۆگرتبوو. لەو سەرژمێرییەدا دانیشتوانی عێراق بە 8 ملیۆن و 261 هەزار و 527 کەس خەمڵێنرا.
سەرژمێریی 1977
سەرژمێریی دانیشتوانی عێراقی ساڵی 1977 لە تشرینی یەکەمی ئەو ساڵەدا دەستپێکرا. سەرژمێریەکە لەلایەن نوسینگەی ناوەندی ئاماری وەزارەتی پلاندان سەرپەرشتی دەکرا. سەرژمێرییەکە هەموو عێراقی گرتەوە. بەپێی ئەنجامی کۆتایی سەرژمێرییەکە دانیشتوانی عێراق بە 12 ملیۆن و 497 کەس خەمڵێنرا.
سەرژمێریی 1987
دوای 10 ساڵ، سەرژمێریی دانیشتوانی عێراق لەساڵی 1987 ئەنجامدرا و هەموو پارێزگاکانی عێراقی گرتەوە جگە لە ناوچە سنوریییەکانی عێراق و ئێران، چونکە لەو کاتەدا هەردوو وڵات لە شەڕدا بوون؛ بۆیە لە سەرژمێریی 1987دا دانیشتوانی ئەو ناوچانە هەژمارنەکران.
دانیشتوانی عێراق بەپێی سەرژمێریی 1987 بە 16 ملیۆن و 335 هەزار و 199 کەس خەمڵێنرا.
سەرژمێریی 1997
دواین سەرژمێریی دانیشتوان لە تشرینی یەکەمی 1997دا ئەنجامدرا لەلایەن مەکتەبی ناوەندی ئاماری سەربە وەزارەتی پلاندانان سەرپەرشتیکراوە. ئەو سەرژمێرییە تەنها لە 15 پارێزگای عێراقدا ئەنجامدرا بەبێ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان. لەو سەرژمێرییەدا دانیشتوانی عێراق بە 22 ملیۆن و 46 هەزار و 244 کەس خەمڵێنراوە.
سەرژمێریی 2024
پڕۆسەی سەرژمێریی گشتی دانیشتوان لە ناوەڕاستی ئەمساڵەوە قۆناغی یەکەم بە گەمارۆسازی و ژمارە لێدان دەستیپێکرد، قۆناغی دووەم لە 16ی مانگەوە دەستی پێکردوە کە دروستکردنی تۆماری خێزانییە، قۆناغی سێیەم و گرنگترینیش سبەینێ دەست پێدەکات کە تەواوکردنی تۆماری خێزانی و سەرجەم داتاکانی ناو فۆڕمی سەرژمێرییەکەیە و دواتریش پڕۆسەکە تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
بۆ پڕۆسەی سەرژمێری گشتی 120 هەزار بژمێر و توێژەر پرۆسەکە بەڕێوەدەبەن و حکومەتی فیدراڵیش بڕی 459 ملیار دیناری بۆ سەرخستنی پرۆسەکە تەرخانکردووە.
#عێراق
#هەرێمی کوردستان
#سەرژمێری
#بەشە بودجە
سبەی
عێراق ئەنجامی سەرژمێری دەکاتە بنەمای دیاریکردنی بەشە بودجە هەرێم و پارێزگاکان، هەرێمی کوردستان دەوێت ڕێژەی بەشە بودجەکەی لە یاسای بودجەی عێراق تا 15% زیاد بکات و بە ئاوارەکانەوە بگەیەنێتەوە 17%ـی کۆی بەشە بودجەی عێراق.
پرسی بەشە بودجەی هەرێم و پارێزگاکانی عێراق یەکێکە لە گرنگترین خاڵەکانی پەیوەست بە ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
بەپێی یاسا ئەنجامی سەرژمێری دەکرێتە بنەمای دابەشکردنی بەشە بودجەی عێراق بەسەر هەرێم و پارێزگاکانی عێراق، بۆیە هەرێمی کوردستان دەیەوێت لە ڕێگەی سەرژمێرییەوە بەشە بودجەکەی لە یاسای بودجەی عێراق بەرز بکاتەوە.
لە ساڵی 2006 تا ساڵی 2017 عێراق وەک پشکی هەرێمەکە ساڵانە 17% کۆی بودجەی عێراقی بۆ هەرێمی کوردستان دەنارد، بەڵام لە ساڵی 2018 بە دواوە پشکەکە بۆ 12.67% کەمکرایەوە.
عێراق لە کەمکردنەوەی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان پشتی بە داتاکانی وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی بازرگانی بەست و داتاکانی ناو کۆبۆنی بەشەخۆراک کرانە بنەمای ژمارەی دانیشتوان.
هەرێمی کوردستان بڕیارەکەی بە سیاسی دژ بە خۆی وەسفکرد، ڕۆژی 14ـی تشرینی دووەمی 2024، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە ئەنجامی سەرژمێری ئەو زوڵمە ڕاست دەکەینەوە کە دژ هەرێمی کوردستان لە کەمکردنەوەی بەشە بودجەکەی کراوە.
هەرێمی کوردستان چاوی لە زیادبوونی بەشە بوجەکەیەتی
ماوەی 37 ساڵە سەرژمێری دانیشتوان لە هەرێمی کوردستان ئەنجام نەدراوە، بە پشت بەستن بە داتا و ژمارەکان و زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان، هەرێمی کوردستان دەیەوێت بەشە بودجەکەی لە بودجەی گشتی عێراق زیاد بکات.
سیروان محەمەد سەرۆکی دەستەی ئامار و بریکاری وەزارەتی پلاندانی هەرێمی کوردستان بە "سبەی" ڕایگەیاند، ئەنجامی سەرژمێری كاریگەریی گرنگی لەسەر پشکی هەرێمی كوردستان لەناو بودجەی عێراق دەبێت و بەپێی ژمارەکان بەشە بودجەی هەرێم زیاد دەکات.
بریکاری وەزارەتی پلاندانی هەرێمی کوردستان بە ژمارە ڕونیکردەوە، ئێستا پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق ڕێژەی 12.67%ـە بەڵام بەپێی خەمڵاندنەکان بۆ زیادبوونی ژمارەی دانیشتوان دەبێت ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بگاتە 15%ـی کۆی ڕێژەی دانیشتوانی عێراق.
بەپێی داتاکانی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان بۆ "سبەی" 700 هەزار و حەوت هاوڵاتی ناوچەکانی دیکەی عێراق وەک ئاوارە لە هەرێمی کوردستانن.
بە وتەی بریکاری وەزارەتی پلاندانی هەرێمی کوردستان ئەگەر ئاوارەکان لە سەر هەرێمی کوردستان هەژمار بکرێن ڕێژەی بەشە بوجەی هەرێمی کوردستان دەگاتەوە 17%.
ئەنجامی سەرژمێری بۆ چی ساڵێکی دارایی دەکرێتە بنەما؟
عێراق یاسای بوجەی بۆ سێ ساڵی دارایی (2023 - 2024 - 2025) ئامادەکردووە و بەشی هەرێمی کوردستانی بە ڕێژەی 12.67% دیاریکردووە.
بە ئەنجامدانی سەرژمێری لە ئەمساڵدا، ئەنجامەکان بۆ یاسای بودجەی 2026 عێراق دەکرێتە بنەمای دیاریکردنی بەشە بودجەی نوێی هەرێم و پارێزگاکانی عێراق.
چیرۆکی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان
ساڵی 2006 دوای ڕوخانی ڕژێمی بەعس و ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، عێراق لە ئەنجامی ڕێککەوتنێکی سیاسی لەگەڵ کورد ڕێژەی 17% وەک پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەدا دیارییکرد.
ئەگەرچی تا ساڵی 2017 پشکی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی 17% لە یاسای بودجەی عێراق دیاریکرابوو، بەڵام بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەردەوام نیگەرانیان لە نەناردنی تەواوی ئەو پشكە نیشان دەدا.
ساڵی 2018 کێشە داراییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق چوونە قۆناغێکی نوێووە و بۆ یەکەمجار پشکی هەرێمی کوردستان لە ڕێژەی 17% بۆ ڕێژەی 12.67% کەمکرایەوە.
بڕگەیەکی یاسای بودجەی عێراق هۆکاری کەمکردنەوەی پشكی هەرێمی کوردستان بوو کە داوای دەکرد، ژمارەی دانیشتووان بکرێتە پێوەری دابەشکردنی بودجەی هەرێم و پارێزگاکان.
عێراق داتاکانی وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی بازرگانی لە ناو کۆبۆنی بەشەخۆراکی مانگانە کردە بنەمای دیاریکردنی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان و ژمارەی دانیشتوانی هەرێمەکەی بە ڕێژەی 12.67%ـی کۆی دانیشتوانی عێراق دیاریکرد.
لە ساڵی 2018ـەوە تا ساڵی 2022 هەمان ڕێژە بەشە بودجە بۆ هەرێمی کوردستان دیاریکرا، لە ساڵی 2023یشدا کە یاسای بودجەی بۆ ماوەی سێ ساڵی پەسەند کراوە بەهەمان شێوە پشکی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی 12.67% دیاریکراوە.
ئەنجامدانی سەرژمێری
ئەمساڵ دوای 37 ساڵ بۆ یەکەمجار لە هەرێمى کوردستان و عێراق پێکەوە سەرژمێری گشتی دانیشتوان ئەنجام دەدرێت.
پڕۆسەکە 20 ڕۆژ دەخایەنێت، بەڵام تەنها ڕۆژانى 20 و 21ى تشرینى دووەمی 2024 تیمەکانى سەرژمێرى سەردانى خێزانەکان دەکەن و قەدەغەی هاتوچۆ دەبێت.
دوایین سهرژمێری بۆ دانیشتووانی عێراق، ساڵی 1997 بەبێ هەرێمی کوردستان ئهنجامدرا و بڕیاربوو دوای 10 ساڵ و له ساڵی 2007 سهرژمێرییهكی دیكه بكرێت، بهڵام بههۆی خراپیی دۆخی ئهمنیی ئهو كاتهی عێراقهوه بۆ ساڵی 2009 دواخرا، لهو ساڵهشدا به بڕیارێك بۆ ماوهی 10 ساڵ دواخرا، هەروەها ساڵی 2019 بههۆی بڵاوبوونهوهی پهتای كۆرۆنا و قهیرانی داراییهوه نەکرا.
#سەرژمێری گشتی
#دەزگای هەواڵگری ئەمەریکا
#سەرژمێری 1957
سبەی
لە بەڵگەنامەکەی دەزگای هەواڵگریی ئەمەریکادا زیاتر لە 64 ساڵ لەمەوبەر هاتووە: ناسەقامگیریی سیاسی لە عێراقدا، هاندەرە بۆ کوردەکان بۆ ئەوەی داوای سەربەخۆیی بکەن؛ بەوەش عێراق بەشێکی زۆر لە دانیشتوانەکەی لەدەست دەدات، بەڵام نەبونی سەرکردایەتییەکەی یەکگرتوو لەنێو کوردەکاندا وای کردوە ئەو گۆڕانکارییە دیمۆگرافییە بە مەحاڵ ببینرێت.
سەرژمێریی 1957 بە یەکێک لە سەرژمێرییە دروستەکان دادەنرێت لە مێژووی عێراقدا، کە زۆرترین زانیاری و داتای لەسەر دانیشتوان تێدایە.
لە بەڵگەنامەکەی دەزگای هەواڵگریی ئەمەریکا ناسراو بە سی ئای ئەی (C.I.A) کە لە تشرینی یەکەمی 1960 دا بڵاوکراوەتەوە خوێندنەوەیەکی ورد دەکات بۆ سەرژمێریی گشتی دانیشتوانی عێراقی لەو ساڵەدا دەکات.
لە بەڵگەنامەکەی دەزگای هەواڵگریی ئەمەریکادا هاتووە کە لە ساڵی 1957 رێژەی کورد 18%ـی کۆی گشتی دانیشتوانی عێراقی پێکهێناوە. پێکهاتەی عەرەبیش 77% کۆی گشتی دانیشتوانی عێراقی پێکهێناوە. تورکمان، ئێرانی، ئاشوری، ئەرمەنی، جوو، یەزیدی، مەندایی و پێکهاتەکانی دیکە بە هەموویانەوە 5% دانیشتوانی عێراقیان پێکهێناوە.
بەپێی بەڵگەنامەکە؛ لەو سەرژمێرییەدا کورد زۆرینەی پارێزگاکانی هەولێر، موسڵ، کەرکوک، سلێمانی و باکوری پارێزگای دیالەیان پێکهێناوە.
رێژەی دانیشتوان لە پارێزگا زۆرینە کوردەکان بەم شێوەیە بووە:
هەولێر: 272 هەزار و 526 کەس
کەرکوک: 388 هەزار و 912 کەس
سلێمانی: 299 هەزار و 978 کەس
کۆی گشتی دانیشتوانی عێراق بەپێی سەرژمێرییەکە 6 ملیۆن و 274 هەزار و 579 کەس بووە.
بەپێی بەڵگەنامەکەی دەزگای هەواڵگریی ئەمەریکا، ژمارەی دانیشتوانی تورکمان لە عێراق لەو سەردەمە تەنها 100 هەزار کەس بووە.
رێژەی دانیشتوانی شار و گوند لە سەرژمێرییەکەدا ئاماژەی پێکراوە. هەولێر 73% دانیشتوانی نیشتەجێی گوندەکان بوون و27% نیشتەجێی شارەکە بوون. لە کەرکوک رێژەکە جیاوازە؛ نیشتەجێی گوندەکان 61% بووە و شارەکەش 39% بووە. رێژەی گوندنشینان لە سلێمانی 74% بووە، شارنشینانیش تەنها 26% بووە.
لە بەڵگەنامەکەی سی ئای ئەی-دا هاتووە، 46.6% دانیشتوانی عێراق رەگەزی مێ بوون، لە بەرامبەردا 53.4% دانیشتوانی عێراق رەگەزی نێر بوون.
لە بەڵگەنامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە لە سەرژمێریی1957 باری کەسی ئاشکرا نەکراوە بۆ رای گشتی، بەڵام لە سەرژمێریی 1947 باری کەسیی ئاشکرا کراوە.
بەپێی بەڵگەنامەکە لە سەرژمێریی 1947دا، 56%ـی دانیشتوانی عێراق کە تەمەنیان لەسەروو 10 ساڵەوە بووە، ژیانی هاوسەرگیرییان پێکهێنابوو، 10%ـیان بە بەهۆکاری جیاواز وەکو جیابونەوە یان مردن بێ هاوسەربوون.
هەر لە بەڵگەنامەکەدا هاتووە، 8% پیاوان زیاتر لە یەک هاوسەریان هەبووە. لەو ژمارەیە 90% دوو هاوسەریان هەبووە، 8% سێ هاوسەریان هەبووە، 2% چوار هاوسەریان هەبووە.
لە بەڵگەنامەکەی دەزگای هەواڵگریی ئەمەریکادا هاتووە: "ناسەقامگیریی سیاسی لە عێراقدا، هاندەرە بۆ کوردەکان بۆ ئەوەی داوای سەربەخۆیی بکەن؛ بەوەش عێراق بەشیکی زۆر لە دانیشتوانەکەی لەدەست دەدات، بەڵام نەبونی سەرکردایەتییەکەی یەکگرتوو لەنێو کوردەکاندا وای کردوە ئەو گۆڕانکارییە دیمۆگرافییە بە مەحاڵ ببینرێت".
گەشەی دانیشتوان لە ماوەی 10 ساڵدا لە 1947وە تا 1957 2.9% بووە. لەماوەی ئەو 10 ساڵەدا یەک ملیۆن و 722 هەزار کەس بۆ دانیشتوانی عیراق زیاد بوون.
#سەرژمێری گشتی دانیشتوان
#سەرژمێری 1957
سبهی
لهم سهروبهندهی ئهنجامدانی سهرژمێریی دانیشتوواندا، پرسێك بووهته یهكێك له باسه گهرمهكان، ئهویش لایهنه ئهرێنی و خاڵه بههێزهكانی پرۆسهی سهرژمێریی ساڵی 1957ـی دانیشتووانی عێراقه كه به زانستییانهترین و بابهتییانهترین سهژمێریی دانیشتووان دادهنرێت له كۆی ئهو نۆ سهرژمێرییهی له مێژووی وڵاتهكهدا كراون.
بهشداریكردنی كوردانی ناوچهكانی دهرهوهی ئیدارهی ههرێمیش له سهرژمێریی 2024ـی دانیشتوواندا، به گرنگ دادهنرێت بۆ دیاریكردنی چارهنووسی ناوچهكانیان، بهو پێیهی سهرژمێریی ساڵی 1957 دهكرێت به بنهما بۆ جیاكردنهوه و دیاریكردنی نهتهوهكان.
بۆچی سهرژمێریی 1957 بهو جۆره ئهرێنییه ههڵسهنگاندنی بۆ دهكرێت؟
سەرژمێریی ساڵی 1957ـی دانیشتووانی عێراق لە 12ـی تشرینی یهكهمی ئهو ساڵهدا ئەنجامدرا و زۆرترین زانیاریی تێدا کۆکرابووەوە لهبارهی ژمارەی دانیشتووان، جۆری ڕەگەزیان، نهتهوه، هێزی کار، ههڵگرانی بڕوانامهی خوێندن، نەخوێندەواران و تهواوی زانیارییهكانی دیكهی پهیوهست به دۆخی ئابوریی دانیشتووان.
جیاواز لهو سهرژمێرییه، ئهو ههشت سهرژمێرییهی دیكه كه له ساڵانی (1920، 1927، 1934، 1947، 1967، 1977، 1987 و 1997)ـدا بۆ دانیشتووانی عێراق كراون، به ورد و دروست دانانرێن، بهو پێیهی ههندێكیان نهگهیهندراون به دوا قۆناغ و ئهنجامی كۆتایی، بهشێكیشیان داتا و زانیاریی ورد و دروستیان لهبارهی دانیشتووانهوه كۆنهكردووهتهوه.
ئهگهرچی سهرژمێریی ساڵی 1957 لە سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتیدا كرا و سەرباری نزمیی ئاستی هۆشیاریی بەشێک لە دانیشتووان کە زۆرینەیان ناسنامە و ڕەگەزنامەیان نەبوو، تەنانەت ساڵی لەدایکبوونیان نەدەزانرا بە تایبەتیی دانیشتووانی ناوچە دوورەدەستەکان و نەبوونی ئامێری پێشکەوتوو و کەرەستەی جیاکردنەوە و پۆلێنکردنی زانیارییهكان و ئهنجامدانی سهرژمێرییهكه بە ڕێژەی 100% بە دەست و بهبێ بهكارهێنانی ئامێر، سهرباری ههموو ئهوانه سهرژمێریی ساڵی 1957 سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنا و بووە بناغەیەکی گەورە بۆ عێراق لە ڕووی ئامار و داتاوە.
بۆچی بهشێك له هاوڵاتییان 1/7 به ڕۆژی لهدایكبوونیان دیاریكراوه؟
لە سەرژمێریی ساڵی 1957ـی دانیشتووانی عێراقدا، کاتێک فەرمانبەرانی حکومی بۆ ئەنجامدانی سەرژمێرییەکە سەردانی ماڵانیان دهكرد، زیاتر لە 70%ـی دانیشتووان زانیارییان لهبارهی ڕۆژ و ساڵ و مانگی لەدایکبوونیانهوه نەبوو، دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەی زۆرینەی شارەزایانی بواری کۆمەڵایەتی و دانیشتووان، حکومەتی عێراق بڕیاری دا ئەو کەسانەی کە ڕۆژ و مانگی لەدایکبوونیان نازانن، ڕۆژی 1/7 وەک ڕۆژی لەدایکبوونیان دیاریبكرێت.
كورد و كهركوك له سهرژمێریی 1957ـدا
له سەرژمێریی ساڵی 1957ـی دانیشتووانی عێراقدا، له كۆی شهش ملیۆن و 536 ههزار و 109 كهس كه كۆی دانیشتووانی عێراقیان پێكدههێنا، دانیشتووانی كهركوك 388 ههزار و 829 كهس بوون و ڕێژهی 5.9%ـی دانیشتووانی عێراقیان پێكهێناوه.
بهپێی سهرژمێرییهكهی ساڵی 1957، ژمارهی كورد له كهركوك 187 ههزار و 593 كهس بوون و ڕێژهی 48.2%ـی دانیشتووانی پارێزگاكهیان پێكهێناوه. عهرهب 109 ههزار و 620 كهس بوون و ڕێژهی 28.2%ـی دانیشتووانی پارێزگاكهیان پێكهێناوه. توركمان 83 ههزار و 371 كهس بوون و ڕێژهی 21.4%ـی دانیشتووانی پارێزگاكهیان پێكهێناوه. كلدانی و سریانهكانیش ژمارهیان ههزار و 605 كهس بووه و ڕێژهی 0.4%ـی دانیشتووانی پارێزگای كهركوكیان پێكهێناوه. جووهكان 123 كهس بوون و 0.03%ـی دانیشتووانی پارێزگاكهیان پێكهێناوه و ئهوانی دیكهش سهر به نهتهوه و وڵاتی دیكه بوون و نیشتهجێی كهركوك بوون و ژمارهیان شهش ههزار و 545 كهس بووه، پێكهوه ڕێژهی 1.77%ـی كۆی دانیشتووانی پارێزگاكهیان پێكهێناوه.
گرنگیی سهرژمێریی 2024ـی دانیشتووان بۆ كورد و ناوچەکانی 140
سهرباری ئهوهی له سهرژمێریی ئهمساڵی دانیشتوواندا، نهتهوهی كهسهكان تۆمارناكرێت و دیاریی ناكرێت هاوڵاتییهكه سهر به كام نهتهوهیه، هێشتاش به سهرژمێرییهكی گرنگ بۆ كوردانی ناوچهكانی دهرهوهی ئیدارهی ههرێمی كوردستان و دیاریكردنی ژمارهیان دادهنرێت، بهو پێیهی له دوای سهرژمێرییه گشتییهكهی ساڵی 1957ـی دانیشتووانی عێراقهوه، لهو چوار سهرژمێرییهی كه له ساڵانی (1967، 1977، 1987 و 1997)ـدا ئهنجامدراون، ژمارهی كوردانی كهركوك و ناوچهكانی دیكهی سنووری ماددهی 140ـی ئێستای دهستور به شێوهیهكی بابهتییانه و ڕاستهقینه دیارینهكراوه، به تایبهت دوایین سهرژمێریی دانیشتووان كه له ساڵی 1997ـدا كرا.
له سهرژمێرییهكهی ساڵی1997ـدا بههۆی گۆڕینی پێكهاتهی دانیشتووانی كهركوك و ناوچهكانی دیكه و پهیڕهوكردنی سیاسهتی به عهرهبكردنهوه، ژمارهی كورد له كهركوك گۆڕانكارییهكی گهورهی بهسهردا هێنرا و 21%ـی دانیشتووانی پارێزگاكهیان پێكدههێنا، له كاتێكدا عهرهب بههۆی هاوردهكردنی دهیان ههزار كهسیان له ناوچهكانی ناوهڕاست و باشوری عێراقهوه ڕێژهیان له كهركوك بۆ 72% بهرزبووبووهوه، توركمانیش لهو سهرژمێرییهدا 7%ـی دانیشتووانی پارێزگای كهركوكیان پێكدههێنا.
ئێستاش سهرباری ئهوهی نهتهوهی هاوڵاتیی له سهرژمێریدا دهستنیشان ناكرێت، ئهوا بهشداریكردنی هاوڵاتییانی ناوچهكانی دهرهوهی ئیدارهی ههرێمی كوردستان لهم سهرژمێرییهدا و گهڕانهوهی ئهو هاوڵاتییه كوردانهی كه خهڵكی ئهو ناوچانهن و ژمارهیان زیاتر له 200 ههزار كهسه و نیشتهجێی شار و ناوچهكانی دیكهن، ههروهها بهشداریكردنیان له سهرژمێریدا له زێدی خۆیانهوه، ڕۆڵی دهبێت له دیاریكردنی ڕێژهی كورد لهو ناوچانهدا، بهوپێیهی لهسهر داواكاریی كورد، ئهنجومهنی وهزیرانی عێراق بڕیاریداوه داتا بنچینهییهكانی سهرژمێرییهكهی ساڵی 1957 كه پهیوهستن به نهتهوهوه، له سهرژمێریی 2024ـدا لهبهرچاوبگیرێن.
دارا ڕەشید وەزیری پلاندانانی ههرێمی كوردستان دهڵێت :"یەکەم جارە لە دوای پەسەندکردنی دەستوورەوە لە ساڵی 2005ـەوە ڕێککەوتنی لەو شێوەیە بکرێت کە سەرژمێریی 1957 بکرێتە بنەما بۆ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ماددەی 140، یەکێک لە گرنگییەکانیشی ئەوەیە بووەتە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق کە هێزی یاسایی هەیە و سەرجەم لێکەوتەکانی دیکەی سەرژمێرییەکانی عێراق بە تایبەتی سەرژمێریی 1997 ڕەشدەکاتەوە و سەرژمێریی 2024 لە ناوچە کوردستانییەکان لەسەر بنەمای 1957 دەبێت، ئەوەی باوک و باپیری لەو ساڵەدا لە ناوچە کوردستانییەکان بووە دەگەڕێتەوە سەر تۆماری 1957 و تۆمارێكی تایبەت دەکرێتەوە بۆ سەرژمێریی ئەو ناوچانە".
بهپێی وتهی وهزیری پلاندانان، دوای تەوابوونی پرۆسەی سەرژمێریی گشتی، لە لایەن هەردوو وەزارەتی پلاندانانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە، ئەو تۆمارە تایبەتە دەکرێتە بنەما بۆ ئەو ناوچانە و بەراورد دەکرێن و ئەوە بە "دەستکەوتێکی گەورە بۆ پێکهاتە ڕەسەنەکانی ئەو ناوچانە" دەزانێت و دهڵێت، "سەرجەم مافەکانیان بۆ دەگەڕێتەوە، چونکە دوای ساڵی 1957 بە تەرحیل و تەعریب ئەو ناوچانە شێوێندراون".
#سەرژمێری گشتی
#ئەنجامی سەرژمێری
سبەی
سەرژمێری گشتیی لە عێراق بەردەوامە و ئەمڕۆ و سبەینێ قۆناغی تەواوكاری پرۆسەكە بەڕێوەدەچێت.
بەوتەی مەحمود عوسمان بەڕێوەبەری جێبەجێكاری سەرژمێری گشتی دانیشتوان لە هەرێمی كوردستان، بۆ "سبەی" ئەنجامی سەرژمێری لەدوای 48 كاتژمێر لە بەڕێوەچوونی پرۆسەكە ڕادەگەیەنرێت، واتە لەدوای كاتژمێر 12 ی ڕۆژی پێنجشەممە 21-11-2024 ەوە".
بەپێی دواین خەمڵاندنی وەزارەتی پلاندانانی عێراق لە ساڵی 2020 دا ژمارەی دانیشتوانی عێراق 42 ملیۆن و 248 هەزار و 883 كەس بووە، ڕێژەی گەشەكردنی دانیشتوانیش 2.5% بووە.
قۆناغی سێیەمی سەرژمێری ڕۆژی چوارشەممە و پێنجشەممە واتە 20 و 21 ی ئەم مانگە، بەڕێوەدەچێت و بەشێوەی ئەلیكترۆنییە 70 پرسیار بۆ هەر خێزانێك ئامادەكراوە، بەڵام مەرج نییە لەم قۆناغەدا هەموو پرسیارەكانی ئاراستە بكرێت چونكە سەرژمێرییەكە تا 10 ی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
لەسەر ئاستی عێراق و لە هەر 19 پارێزگاكە 120 هەزار بژمێر بەشداری لە پرۆسەكەدا دەكەن.
بودجەی تەرخانكراو لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ سەرژمێری 459 ملیار دینارە.
بەوتەی مەكی غازی سەرۆكی دەستەی سەرژمێری و ڕێكخستنی زانیاریی جوگرافی لە وەزارەتی پلاندانان سەرژمێرییەكە سێ قۆناغی بنەڕەتییە.
قۆناغی یەكەم ژمارەلێدان و گەمارۆسازییە و لەیەكی ئایاری ئەمساڵ دەستیپێكرد و تا یەكی ئەیلول بەردەوام بوو.
لەو قۆناغەدا 40 هەزار فەرمانبەر بەشدارییان كرد.
قۆناغی دووەم لە یەكی ئەیلول دەستیپێكرد و پرۆسەی جیاكردنەوەی زۆنەكان بوو بە بەكارهێنانی تەكنەلۆجیای مانگی دەستكرد و هەر گەڕەكێك بۆ پێگەیەكی جوگرافی ورد دیاریكرا.
لە پرۆسەكەدا كە 120 هەزار بژمێر بەشداری دەكەن هەر بژمێرێك زانیاریی 120 خێزان وەردەگرن
لە گوندەكانیشدا هەر بژمێرێك 40 خێزانی بەردەكەوێت.
لە نێوان 14 بۆ 20 ی ئەم مانگە بژمێرەكان چوونەتە ناوچە جوگرافییە دیاریكراوەكان، بەپێی ئەو زۆنانەی جیاكراونەتەوە و هەوڵیان داوە هەر خێزانێك دیاری بكەن و بیناسن و زانیارییەكان تۆمار بكەن بۆ نمونە سەرۆكی خێزان و ژمارەیان و رێژەی نێر و مێ تێیاندا لەگەڵ تەمەنەكانیان.
ئەوەی بژمێرەكان 20 و 21 ی ئەم مانگە دەستیانپێكردووە، وردبینییە لەو زانیارییانەی پێشتر لەسەر هەر خێزانێك تۆماریان كردووە و پێداچوونەوەش بە زانیارییەكان، زانیاریی لەسەر هەر گۆڕانكارییەكی ئەو خێزانانە تۆمار دەكەن وەكو مردن و لەدایكبوون و گۆڕانكاری لە پێكهاتەی خێزان.
لە رۆژی 21 ی ئەم مانگەوە تا ڕۆژی 10 ی كانوونی یەكەم سەرجەم فۆرمە تایبەتەكان پرۆسەی تەواوكارییان بۆ ئەنجام دەدرێت.
پرۆسەكە جیاكردنەوەی تایبەتمەندی كۆمەڵایەتی و تەمەن و تەندروستی و ئەو كەلوپەل و شێوازە ژیانەی هەیانە دەگرێتەوە، جگە لە هەندێك زانیاریی دیكە كە لەلایەن بژمێرەكانەوە تۆمار دەكرێن لەسەر خێزانەكان و تاكی خێزانەكان و جۆری ژیان و ئەو پێداویستیانەی بەكاریدەهێنن.
دواین سەرژمێری لە عێراق ساڵی 1997 ئەنجامدرا كە هەرێمی كوردستانی نەگرتەوە، لەو سەرژمێریەدا دانیشتوانی عێراق 22 ملیۆن و 33 هەزار كەس بوون.
بەپێی دواین خەمڵاندنی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، كە لە ساڵی 2023 ئەنجامیداوە، ژمارەی دانیشتوانی عێراق بە نزیكەی 43 ملیۆن كەس خەمڵێنراوە.
بەپێی ئەو خەمڵاندنە ڕێژەی نێر لە عێراق 50.5% و مێ 49.5% بووە.
بەپێی دواین خەمڵاندنی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئەو كەسانەی لە عێراق تەمەنیان لەنێوان 15 بۆ 64 ساڵە 56.5 ی دانیشتوان پێكدەهێنن، لە 40.4% ی دانیشتوانی عێراقیش تەمەنیان لە یەك بۆ 14 ساڵە، ئەوانەشی تەمەنیان لە سەروو 65 ساڵە 3.1% ی دانیشتوانن.
تائێستا 10 سەرژمێری بەم سەرژمێرییەی ئەمساڵ بەڕێوەدەچێت لە عێراق كراوە.
یەكەم سەرژمێری لە عێراق ساڵی 1920 لەلایەن ئیدارەی بەریتانییەكانەوە كرا.
دووەم سەرژمێری لە 1927 كرا بەڵام بەهۆی زۆریی هەڵەكانیەوە كار بە ئەنجامەكەی نەكرا.
سێیەم سەرژمێری لە 1934 بەمەبەستی هەڵبژاردن ئەنجامدرا.
چوارەم سەرژمێری لە 1947 كرا لەلایەن حكومەتی پاشایەتی عێراقەوە ئەنجامدرا و بڕیاریشدرا هەر 10 ساڵ جارێك سەرژمێری بكرێت.
پێنجەم سەرژمێری ساڵی 1957 هەر لەلایەن دەسەڵاتی پاشایەتییەوە كرا.
شەشەم سەرژمێری لە عێراق لەساڵی 1967 لەسەردەمی كۆماریدا كرا.
حەوتەم سەرژمێری لە ساڵی 1977 كرا.
هەشتەم سەرژمێری لە ساڵی 1987 كرا.
نۆیەم سەرژمێری لە ساڵی 1997 كرا.
دەیەم سەرژمێری لەساڵی 2024 دەكرێت.
بەپێی ئەو خەمڵاندنانەی پێشووی وەزارەتی پلاندانانی عێراق و بە لەبەرچاو گرتنی ئاستی گەشەی دانیشتوان، لە سەرژمێری 2024 ی عێراق پێشبینی دەكرێت ژمارەی دانیشتوان 45 ملیۆن كەسی تێپەڕاندبێت.
#
سبەی
حکومەتی عێراق گەورەترین پڕۆسەی سەرژمێری لە دوای ساڵی 1997ەوە لە عێراق بەڕێوەدەبات، ئەمجارە پێچەوانەی سەردەمی بەعس، پڕۆسەکە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، کە لە 1987ەوە هیچ سەرژمێرییەکی تێدا نەکراوە.
ڕۆژانی 20 و 21ی تشرینی دووەمی 2024، بە هۆی پڕۆسەکەوە، پێویستە خێزانە عێراقییەکان لە ماڵەکانیان بمێننەوە و لە تەواوی عێراق قەدەغەی هاتوچۆ و پشوو ڕاگەیەندراوە.
بەشێک لە کەسایەتی و لایەنە کوردییەکان نیگەرانن لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە لە پارێزگای کەرکوک و پێیان وایە مەترسی ئەوە بەدوای خۆیدا بهێنێت، کە شەرعیەت بە گۆڕانکارییەکانی دیموگرافیا لە ناوچەکە دروست بکات.
تەنیا کەرکوک نییە ڕوبەڕوی کێشەی گۆڕانی دیموگرافیا بووەتەوە و بەشێکی بەرچاوی ناوچە سوننە نشینەکانی ناوەڕاستی عێراق و پارێزگاکانی دیالە و سەلاحەدین و نەینەوا دیارترین ئەو پارێزگایانەن، کە لە زیانی کورد و بەرژەوەندی عەرەب ڕوبەڕوی گۆڕانی دیموگرافی بوونەتەوە.
بە لەبەرچاوگرتنی نیگەرانی لایەنە کوردییەکان، حکومەتی عێراق بڕیاری داوە خانەی پرسیار لە بارەی نەتەوە و مەزهەب لە فۆرمی سەرژمێرییەکەدا لاببرێت و ئەمەش ئەوەی لێدەکەوێتەوە، کە سەرجەم عێراقییەکان تەنیا یەک ناسنامەیان هەیە، ئەویش عێراقی بوونە.
عەلی تەمیمی، شارەزای یاسایی ڕای وایە، پڕۆسەکە ئامانج لێی کۆکردنەوەی زانیاریی ژمارەییە لە پێناو ڕەنگڕێژکردنی داهاتووی ئابووری عێراق و دانانی پلانی گەشەپێدان.
وتیشی :"ئەو پڕۆسەیە هیچ کاریگەرییەک لەسەر دۆسیەی ماددەی 140 دروست ناکات، چونکە بە بڕیاری ژمارە 73ی ساڵی 2010ی دادگای باڵای فیدڕاڵی، سەرژمێری گشتیی نابێتە جێگرەوەی جێبەجێکردنی ناوەڕۆکی ماددەی 140ی دەستور، کە سێ قۆناغی هەیە و بریتین لە ئاساییکردنەوە و سەرژمێری و ڕاپرسی".
ئاماژەی بەوەشدا، سەرژمێرییەکە بۆ دیاریکردنی گەشەی دانیشتوانە و بە گوێرەی ماددەی 49ی دەستور، بڕگەی یەکەم، هەر 100 هەزار کەسێک نوێنەرێکی لە ئەنجومەنی نوێنەران دەبێت و لەسەر ئەو بنەمایە پێویستە ژمارەی نوێنەران لەتەک ژمارەی دانیشتوان بگونجێندرێت.
پڕۆسەی سەرژمێری چییە؟
لە ڕووی زانستییەوە، سەرژمێری دانیشتوان پڕۆسەیەکی سیستماتیکی و گشتگیرە، واتە پڕۆسەی کۆکردنەوە و هەڵسەنگاندن و شیکردنەوە و دواتر بڵاوکردنەوەی زانیارییە دیموگرافی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی سنورێکی دیاریکراوی جوگرافییە، لە وادەیەکی دیاریکراودا.
ئامانجی سەرەکی پڕۆسەکە کۆکردنەوەی زانیارییە لە بارەی قەبارە و دابەشبوونی دانیشتوان و پێکهاتە و تایبەتمەندییە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانیان. بە گشتیی سەرژمێری ئامرازێکی گرنگی بەڕێوبردنی وڵاتە، بە تایبەت بۆ ئەو وڵاتانەی ڕوو لە گەشەن، یاخود لە پڕۆسەی گەشەکردندان.
حکومەتەکان بە پشتبەستن بە سەرژمێری گشتیی دانیشتوان، هەوڵی تێگەیشتن لە گۆڕانکارییە دیموگرافییەکان و داڕشتنی سیاسەتیی گشتیی وڵات دەدەن.
بنەماکانی سەرژمێری
پێویستە هەر پڕۆسەیەکی سەرژمێری لە هەر کاتێکدا بەڕێوەبچێت، خاوەنی چەند بنەما و تایبەتمەندییەکی زانستیی بێت لەوانە: گشتگیربوونی پڕۆسەکە و ژماردنی هەموو ئەو کەسانەی لە ناوچەیەکی دیاریکراوی جوگرافی دەژین و دەستنیشانکردنی تایبەتمەندییەکانیان، هەروەها پێویستە پڕۆسەکە لە یەک کاتی دیاریکراودا بەڕێوەبچێت و پێویستە زانیارییەکان پارێزراو بن و نهێنی تاکەکەسەکان بپارێزرێت. دواتر دەبێت هەر پڕۆسەیەک وردبینییەکی زانستیی بۆ بکرێت و بەوپەڕی متمانەوە زانیارییەکان کۆبکرێنەوە.
ئەم پڕۆسەیە پێویستی بە چەند مەرجێکە بۆ سەرکەوتنی و بەدەستهێنانی ئامانجەکانی، مەرجەکانیش بریتین لەوەی: دۆخی وڵات سەقامگیر بێت، لایەنی پەیوەندیدار بەوپەڕی ئامادەییەوە پڕۆسەکە جێبەجێ بکات و توانای مرۆیی بەردەست هەبێت و هاوڵاتیانیش ئامادەییان هەبێت بۆ ئەوەی زانیارییە دروستەکان پێشکەش بکەن.
ئامرازەکانی سەرژمێری
پڕۆسەی سەرژمێری بە چەند ڕێگە و ئامرازێک جێبەجێ دەکرێت، لەوانە: چاوپێکەوتنی ڕاستەوخۆ، پڕکردنی فۆرمی پرسیار و گەڕاندنەوەی بۆ لایەنی پەیوەندیدار، پەیوەندیکردن لە ڕێگەی تەلەفۆن و ئیمەیڵەوە، هەروەها ڕێگەی بەکارهێنانی کۆمپیوتەر و ئامێری تۆمارکردنی داتا لە کاتی چاوپێکەوتنی کەسیدا، یەکێکی دیکەیە لە ڕێگەکانی کۆکردنەوەی زانیاری.
ئامانجەکانی سەرژمێری
پڕۆسەی سەرژمێری دانیشتوان لە هەر ناوچەیەکی دیاریکراوی جوگرافیدا بکرێت بۆ بەدیهێنانی چەند ئامانجێکە لەوانە:
* دەستخستنی زانیاریی ژمارەیی لە بارەی گۆڕانی دیموگرافیا و دابەشبوونی کۆمەڵایەتیی دانیشتوان.
* بەردەستخستنی ئامار و داتای پێویست بۆ هاوڵاتیان، زانا و شارەزایان و هەموو ئەو لایەنانەی پێویستیان بە زانیارییەکانە.
* دەستەبەرکردنی زانیاری بناغەیی و ژمارەیی بۆ پلاندانانی ئابووری و دیاریکردنی ڕەوتی جوڵەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە.
ئاڵنگارییەکانی پڕۆسەی سەرژمێری 2024
پڕۆسەکە، دوای چەند قۆناغێکی ناهەموار لە ژیانی سیاسیی و ئەمنی و ئابووری و کۆمەڵایەتی هاوڵاتیانی عێراق دێت. بەوپێیەی لە 1997ەوە عێراق ئەو پڕۆسەیەی نەکردووە، خەڵکی عێراق تا 2003 لە ڕەوشێکی خراپی ئابووریدا بوون.
لە دوای 2003ەوە وڵاتەکە بە دۆخێکی ڕاگوزەری پڕ لە خوێن و توندوتیژی تائیفی و مەزهەبی و سیاسی و ئایدۆلۆژیدا تێپەڕ بووە.
ناوچەکانی دانیشتوان بە تایبەتی ناوچە سوننە نشینەکان ڕوبەڕووی گۆڕانی دیموگرافی بوونەتەوە و بۆ کورد، کەرکوک و ناوچەکانی سنووری 140 بە دۆخێکی ناجێگیر و ئاڵۆزدا تێدەپەڕن.
وێڕای ئاوارە ناوخۆییەکان، عێراق دەرگای بۆ پەنابەرانی سوریا و لوبنان کردووەتەوە و هاوکات لە دوای 2003ەوە دەیان هەزار تاک و خێزانی عێراقی وڵاتەکەیان بەرەو دەرەوە بەجێهێشتووە.
هەموو ئەم هۆکارانە نەبوونەتە ڕێگر لە بەردەم بەڕێوەچوونی پڕۆسەکەدا، ئەمەش ئەگەرچی خاڵی بەهێزی پڕۆسەکە بێت، بەڵام کەلێنی گەورە لە ڕووی ژێرخانی زانیاری ژمارەیی لە عێراق دروست دەکات.
لە هەرێمی کوردستان بەردەوام داوا لە خەڵکی ناوچەکانی سنووری ماددەی 140 دەکرێت، بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان بۆ ئەوەی لە پڕۆسەی سەرژمێریدا لەوێ تۆمار بکرێن، بە تایبەت ئەو کەس و خێزانانەی بە هۆی هەلومەرجی ژیانی سیاسی و ئەمنیی ناوچەکانەوە ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە.
هەندێک لەوانەی لێدوان لە بارەی پڕۆسەکەوە دەدەن، پێیانوایە ئەوەی دەگوزەرێت، مەترسی لە دوایە، بە تایبەت بۆ دۆخی کەرکوک و ئاییندەی ناوچەکە، بەو پێیەی دەیان هەزار ماڵی عەرەب لە شارەکە گیرساونەتەوە و لە بەرامبەردا کوردە ئاوارەکان نەگەڕاونەتەوە بۆ زێدی خۆیان.
پڕۆسەکانی سەرژمێری لە عێراقدا
لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا عێراقی خاوەن دوو ڕوبار و ئەو پانتاییە فراوانەی ڕووبەری زەوی کشتوکاڵی تەنیا یەک ملیۆن و 25 هەزار دانیشتووی هەبووە، ئەو کات ویلایەتەکانی بەغداد، موسڵ و بەسرە لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکان بوو. لە 1884دا، ژمارەی دانیشتوانی گەیشتووەتە یەک ملیۆن و 400 هەزار کەس، لە 1897دا بە ملیۆنێک و 550 هەزار کەس خەمڵێندراوە. لە 1913دا ژمارەی دانیشتوانی گەیشتووەتە 2 ملیۆن و 371 هەزار کەس.
بە گوێرەی سەرچاوە مێژووییەکان، لە کاتی داگیرکردنی عێراق لە لایەن بەریتانیاوە لە 1920دا دانیشتوانی عێراق 2 ملیۆن و 849 هەزار و 282 کەس بووە.
لە دوای دامەزراندنی دەسەڵاتی پادشایەتی لە عێراق، ساڵی 1927، سەرژمێری لە عێراق دەستی پێکرد و تا کۆتایی هەمان ساڵی خایاند. پڕۆسەکە لە شار و شارۆچکەکان کرا، حکومەتی پادشایەتی درکی بە شکستی پڕۆسەکە کرد و ئەنجامەکەی هەڵوەشاندەوە، کە ژمارەی دانیشتوان بە 2 ملیۆن و 968 هەزار و 54 کەس خەمڵێندرابوو.
لە 1935 سەرژمێری کرایەوە و دەرکەوت ژمارەی دانیشتوان گەیشتووەتە 3 ملیۆن و 213 هەزار و 174 کەس. لە 1947دا، سەرژمێری کرا ژمارەی دانیشتوان بە 4 ملیۆن و 816 هەزار و 185 کەس دەستنیشانکرا. لە 1957دا سەرژمێرییەکی ورد بۆ دانیشتوان کرا و ژمارەی دانیشتوان گەیشتە 6 ملیۆن و 536 هەزار و 109 کەس.
بۆ دەساڵی دواتر واتە 1967 پێویست سەرژمێری بکرێت، بەڵام پێشخرا و لە 1965 سەرژمێری گشتیی کرا و ژمارەی دانیشتوان بە 8 ملیۆن و 261 عیزار و 527 کەس دیارکرا.
هەموو ئەو سەرژمێریانەی پێشتر لە لایەن بەڕێوبەرایەتی ناسنامەی باری شارستانی ڕێکخرابوون، بەڵام یەکەم سەرژمێرییەک کە دامەزراوەیەکی تایبەتمەند بە سەرژمێری کردی، ئەویش سەرژمێری 1977 بووو دەزگای ناوەندیی ئامار پڕۆسەکەی بەڕێوەبرد. ژمارەی دانیشتوان 12 ملیۆن و 497 کەس بوو.
بە دوای ئەودا سەرژمێری1987 بەڕێوەچوو، کە بە هۆی شەڕی عێراق و ئێرانەوەو نەتوانرا ڕووماڵی ناوچە سنوورییەکان بکرێت و خەڵکەکەیان تۆمار بکرێت و ژمارەی دانیشتوان بە 16 ملیۆن و 335 هەزار و 199 کەس دانرا.
دوا سەرژمێری لە عێراق کراوە، سەرژمێری 1997 بوو، کە دەزگای ئامار کردی و تەنیا سەرژمێری دانیشتوانی 11 پارێزگای عێراق کرا و هەرێمی کوردستانی نەگرتەوە و ژمارەی دانیشتوان گەیشتبووە 11 ملیۆن و 46 هەزار و 244 کەس.
سەرژمێرییەکان دەریدەخەن گەشەی دانیشتوان لە نێوان ماوەکانی سەرژمێریدا هەڵبەز و دابەزی زۆری بە خۆوە بینیوە، بە جۆرێک ساڵی 1927 گەشەی دانیشتوان 4٪ بووە، کەچی لە 1934 ڕێژەکەی 8٪ و لە 1947 ڕێژەکەی 50٪ و لە 1957 ڕێژەکەی 36٪ و لە 1977 ڕێژەکەی 45٪ و لە 1987 ڕێژەکەی 36٪ و لە 1997 ڕێژەکەی 35٪ بووە.
داتاکانی تایبەت بە کورد
بە گوێرەی سەرژمێرییەکان، داتای فرەچەشن لە بارەی ژمارەی کورد لە عێراق و شێوازی نیشتەجێبوونی تۆمار کراوە. بە نموونە لە سەرژمێری 1987دا دابەشبوونی جوگرافی دانیشتوان بە پێی گوند و شار بەم جۆرە بووە:
هەولێر: 77٪ شارنشین، 23% لادێ نشین.
سلێمانی: 71% شارنشین، 29% لادێ نشین.
دهۆک: 75% شارنشین، 25% لادێ نشین.
کەرکوک: 70% شارنشین، 25% لادێ نشین.
هەر بەپێی ئەو سەرژمێرییە ژمارەی کورد لە پارێزگاکان بەم جۆرە بووە:
هەولێر: 1.095.992 کەس. 5%ی دانیشتوانی عێراق.
سلێمانی: 1.362.739 کەس. 6%ی دانیشتوانی عێراق.
دهۆک: 402.970 کەس. 2%ی دانیشتوانی عێراق.
ڕێژەی ژمارەی کورد لە هەرێمی کوردستان بەراورد بە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، دەبێتە بناغەی دەستنیشانکردنی پشکی کورد لە بودجەی گشتیی عێراق بەو پێیەی لە دوای 2003ەوە پشکی کورد لە بودجە بە 17% دەستنیشان کرابوو. هاوکات لە ڕووی ژمارەی کورسی پارێزگاکانی هەرێمیش بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، ئەو سەرژمێرییە دەبێتە بناغەی دابەشکردنی کورسییەکانی ئەنجومەن بەسەر پارێزگاکاندا.
هەر سەبارەت بە بودجە، بەشێک لە دانیشتوانی ناوچەکانی سنوری ماددەی 140 لە هەرێمی کوردستان دەژین و بۆ سەرژمێری گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و دوای سەرژمێری دەگەڕێنەوە بۆ هەرێم، لەسەر ئەو بنەمایە ئەو هاوڵاتیانە پشکی بودجەکەیان دەخرێتە سەر پارێزگاکانیان، بەڵام ئەوان لە هەرێم دەژین و ئەمەش قورسایی دەخاتە سەر بودجەی هەرێم و بە پێچەوانەشەوە پشکەکەیان لە پارێزگاکانی خۆیان لە سودی ئیدارەی پارێزگاکان دەبێت، بەو پێیەی پشکی بودجەکە بۆ خەڵکێکی کەمتر لە ژمارەی ڕاستەقینەی پارێزگاکە خەرج دەکرێت.
سەرچاوەکان:
1- دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان، پێشبینییەکانی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی پارێزگاکان و قەزاکان 2021 – 2040. ساڵی بڵاوبوونەوە 2022.
2- د. ماجد عوسمان، ڕاپۆرتی شیکاریی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان – عێراق، 2021.
3- د. هەندرێن عەبدوڵڵا تاهیر، ئاریان عومەر محەمەد ڕەسوڵ، سەرژمێری گشتیی دانیشتوان (توێژینەوەی زانستیی بۆ پێشبینی ژمارەی دانیشتوانی عێراق و شیکاری سەرژمێرییەکانی ساڵانی 1884 - 1997)، لە بڵاوکراوەکانی درەومیدیا.
#
سبەی
لەگەڵ بەڕێوەچوونی سەرژمێریی گشتیی دانیشتوان لە عێراق، پرسیاری ئەوە دێتە كایەوە كە ئایا ئەو كەسانەی زانیاریی ناڕاست دەدەنە بژمێرەكان یاخود سوكایەتییان پێدەكەن سزاكەیان چی دەبێت؟.
حاڵەتی ڕێگریكردن و پێدانی زانیاریی نادروست دەقی یاساییان لەسەرە، ئەوانیش یاسای سەرژمێری دانیشتوان ژمارە 40 ی ساڵی 2008، هەروەها یاسای دەستەی ئاماری عێراق ژمارە 32 ی ساڵی 2023.
لە حاڵەتی ڕێگریكردن لە ئەنجامدانی پرۆسەكە لەلایەن خاوەن ماڵ یان كەسێكی ئەو ماڵە سزاكەی زیندانیكردنە بۆ ماوەی سێ ساڵ، یاخود سزای دارایی لە سێ بۆ پێنج ملیۆن دینار.
بە بژمێرەكان وتراوە لەهەر ماڵێك ڕوبەڕووی سوكایەتی یاخود ڕێگریكردن بوەوە ڕاستەوخۆ سەرووی خۆی ئاگادار بكاتەوە، دوای لێكۆڵینەوە و پشتڕاستبوونەوەی یەكسەر خاوەن ماڵ یاخود ئەو كەسەی سوكایەتی و ڕێگری كردووە سكاڵای لەسەر تۆمار دەكرێت.
ئەمڕۆ لە هەولێر خاوەن ماڵێك سوكایەتی بە بژمێرێك كردووە، بژمێرەكەش سەرووی خۆی ئاگادار كردووەتەوە و دواتر ئاسایش ئاگادار كراوەتەوە.
ئەگەر هاتوو كەسێكیش بە مەبەست زانیاریی ناڕاست بدات بە بژمێرەكان یاخود سوكایەتییان پێبكات سزای لەسەرە، جگە لەوەی بەپێی هەمان یاسا هاوڵاتی پابەند كراوە كە دەبێت بەشداری سەرژمێری گشتیی دانیشتوان بكات.
پارێزەر نەریمان ئەحمەد، بە "سبەی" وت:"بڕیارەكە یاساییە و لەچوارچێوەی ماددەیەكی یاسای سزادانی عێراقە، ئەویش ماددەی 229 یە كە دەڵێت هەر كەسێك هێرش بكاتەسەر فەرمانبەرێكی دەوڵەت
یان كەسێك لەلایەن دەوڵەتەوە كارێكی پێسپێردرابێت، بژمێرەكانیش كاری گشتییان پێ سپێردراوە، سزاكەشی بە غەرامە یان زیندانیكردن بە سێ ساڵ دەبێت و بەپێی ئەو ماددە لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو كەسانە دەكرێت.
هاوڕێ تۆفیق، شارەزای بواری یاسایی، لەبارەی ئەو كەسانەی بەشداریی پرۆسەی سەرژمێری ناكەن، ڕایگەیاندووە:"لە رووی یاساییەوە، پرۆسەی سەرژمێری بە دوو یاسا رێك خراوە، یاسای سەرژمێری دانیشتوان ژمارە (40)ی ساڵی 2008و هەموارەكەی لەگەڵ یاسای دەستەی ئاماری عێراق ژمارە (32 )ی ساڵی 2023 ئەمەی دووەمیان یاسایەكی زۆر گرنگ و سەرەكییە، لەو یاسایەدا هاووڵاتی پابەند كراوە كە دەبێت بەشداریی سەرژمێری بكات و بە پێچەوانەوە سزای قورسی زیندانیكردن و پێبژاردنی دارایی هەیە، سزاكان بەم شێوەیەن.
1- ئەگەر هاووڵاتی ڕێگریی كرد سەرژمێری بكەن، بە گوێرەی یاسای دەستەی ئامار ژمارە (32)ی ساڵی 2023 ماددەی (18) برگەی (چوارەم) ، سزا دەدرێت بە زیندانیكردن بۆ ماوەیەك كە لە (سێ) سێ ساڵ زیاتر نەبێت و سزادانی دارایی كە لە (سێ) ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و لە (پێنج) ملیۆن دینار زیاتر نەبێت.
2- ئەگەر هاووڵاتی زانیاریی ناڕاستی بە مەبەست پێشكەش كرد، بەگوێرەی هەمان یاسا، پاڵپشت بە مادەی (19) برگەی (یەكەم) هاووڵاتی زیندانی دەكرێت بۆ ماوەیەك كە لە (حەوت) ساڵ زیاتر نەبێت و لەگەڵیدا سزادانی دارایی كە لە (پێنج) ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و لە (10) ملیۆن دیناری عێراقی زیاتر نەبێت.
بە هەر هۆكارێك ڕۆژی سەرژمێری تۆمار نەكرایت، ئەوا مافی ڕەگەزنامەت لێ وەرناگیرێتەوە، هەروەها ڕەوەندی كوردستانی و عێراقی لە دەرەوەی هەرێم پاش سێ مانگی تر لە ڕێگەی كونسوڵخانەكانی عێراق لە دەرەوەی وڵات تۆمار دەكرێن، ئەویش بەپێی یاسای دەستەی ئامار ژمارە 32 ی ساڵی 2023 لە ماددەی 12 ی بڕگەی یەكەمدا هاتووە "دەبێت هاوڵاتی عێراقی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات سەرژمێری بكرێن".
#
سبەی
بەشێك لەو بژمێرانەی بەشداری سەرژمێری گشتییان كردووە لە پارێزگای بەسرە لە باشوری عێراق، باس لەوەدەكەن زۆربەی ئەو ژنانەی قسەیان لەگەڵ كردوون پرسیاری ئەوەیان دووبارە كردووەتەوە "ئایا هاوسەرەكانمان ژنی دیكەی هەیە؟.
بەشێك لە بژمێرەكان بە میدیاكانی عێراقیان وتووە:"لەمیانی سەردانكردنی خێزانەكان بۆ ئەوەی لە پرۆسەی سەرژمێری گشتیی تۆمار بكرێن و زانیاریی لەبارەیانەوە كۆبكرێتەوە، زۆربەی ژنە هاوسەردارەكان پێیان وتووین (سەیر بكە بزانە هاوسەرەكەم ژنی دیكەی بەسەر هێناوم یان نا)".
پرسیاری ئەو ژنانە دوای ئەوەدێت كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان هەواڵی ئەوە بڵاوبووەوە كە سەرژمێری گشتیی ئەو پیاوانە ئاشكرا دەكات كە هاوسەری دیكەیان هەیە بەبێ ئاگاداری هاوسەری یەكەمیان، ئەمەش هانی ژنانی داوە پرسیار لەبارەی ژنی دیكەی هاوسەرەكانیان بكەن.
ڕۆژانی 20 و 21 ی ئەم مانگە سەرژمێری گشتیی لە عێراق بەڕێوەدەچێت، بەوهۆیەشەوە قەدەغەی هاتوچۆ لەسەرتاسەری عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە ڕاگەیەندراوە.
بۆ تۆماركردنی زانیاریی خێزانەكان و ئەنجامدانی سەرژمێری لە سەرتاسەری عێراق، زیاتر لە 120 هەزار بژمێر سەردانی ماڵان و خێزانەكان دەكەن، ئەوەی پێشبینی كراوە ئەو پرسیارانەی ژنان لە بەسرە كردوویانە لە سەرجەم پارێزگاكانی دیكەی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە كرابن.
لەدوای ساڵی 1997 ەوە هیچ سەرژمێرییەك لە عێراق ئەنجام نەدراوە، لەهەرێمی كوردستانیش لە ساڵی 1987 ەوە هیچ سەرژمێرییەك نەكراوە، ئەم سەرژمێرییە دەبێتە دەیەم سەرژمێری كە لە عێراق بكرێت، لە هەرێمی كوردستانیش دەبێتە نۆیەم سەرژمێری.
#
سبهی
بهپێی ڕاپۆرتێكی ئاژانسی ئهسۆشیهیتد پرێسی ئهمهریكی، دهرئهنجامهكانی سهرژمێریی دانیشتووان دهبنههۆی پاشهكشێكردن و كهمبوونهوهی دهسهڵاتی سیاسی و دهستكهوتی ئابوریی پێكهاته و كهمینهكانی عێراق.
هۆكاری كهمبوونهوهی دهسهڵات و پێگهی سیاسی و دهستكهوتی ئابوریی كهمینهكان، ئهوهیه كه له ساڵانی ڕابردوودا ئهو خهمڵاندنانهی بۆ ژمارهی پێكهاتهكان كراون، لهسهر بنهمای داتا و ئامار و زانیارییهكانی سهرژمێرییهكانی پێشوو بونیادنراون، بهڵام ئێستا ژمارهی هاوڵاتییانی سهر به پێكهاته و كهمینه ئایینی و نهتهوهییهكان كهمبووهتهوه، وهك ڕاپۆرتهكه ئاماژهی بۆ دهكات.
ئهگهرچی حكومهتی عێراق و وهزارهتی پلاندانان جهختدهكهنهوه لهوهی كه له قۆناغی دواتردا سهرژمێریی بۆ ڕهوهندی عێراقی و هاوڵاتییانی نیشتهجێی دهرهوهی وڵاتیش دهكرێت، بهڵام ڕاپۆرتهكه ئاماژه بۆ ئهوه دهكات كه كهمبوونهوهی ژمارهی هاوڵاتییانی سهر به پێكهاتهكان بههۆی جهنگ و كۆچكردنهوه، كاریگهریی دهبێت له دابهشكردنی دهرامهتهكان و تهرخانكردنی بودجه و دابهشبوونی سیاسی له عێراقدا.
لهو بارهیهوه عهلی عهریان بهڕێوهبهری جێبهجێكاری فهرمانگهی سهرژمێری له وهزارهتی پلاندانان ڕایگهیاندووه، ئهو هاوڵاتییانهی بههۆی جهنگ و ساڵانی شهڕی ناوخۆوه ئاوارهی ناوچهكانی دیكه بوون، لهو ناوچانهی تیایاندا جێگیر بوون سهرژمێریی دهكرێن، نهك له ناوچه ڕهسهنهكانی خۆیان.
ڕاپۆرتهكهی ئاژانسی ئهسۆشیهیتد پرێس ئاماژه بۆ ئهوه دهكات كه بههۆی فرهپێكهاتهیی پارێزگاكانی كهركوك و نهینهوا و دیالهوه، پرۆسهی سهرژمێریی دانیشتووان لهو پارێزگایانه وردبینیی زیاتر و چڕتری تیادا دهكرێت به مهبهستی دهرخستنی ژمارهكان به ڕاستی و دروستی.
له دوای ڕووخاندنی ڕژێمی پێشووی عێراق له ساڵی 2003ـهوه، ههزاران ئێزدی و كریستیان كوژراون و دهیان ههزاریشیان ئاوارهی وڵاتان بوون، تا ئێستاش ژمارهی ئهوانهیان كه له عێراقدا ماونهتهوه به دروستیی نازانرێت.
سبەی
سەرژمێری گشتی لە عێراق لە قۆناغی سێیەمیدایە، کە دوای زیاتر لە سێ دەیە ئەنجام دەدرێت و بە گرنگترین سەرژمێری لە مێژووی عێراقی نوێ دادەنرێت، چاوەڕوان دەکرێت دەرەنجامەکەی رەنگدانەوەی لەسەر دۆخی سیاسی و پەرلەمانی و پشک پشکێنەی سیاسی و حزبی درووست بکات.
پڕۆسەکە دوای زیاتر 17 ساڵ و چەند جارێک دواخستن، دواجار لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولەوە دەست بە پڕۆسەی گەمارۆسازی و ژمارە لێدان کرا و لە 16ی ئەم مانگە پڕۆسەی تۆماری خێزانی دەستی پێکرد، لە دوێنی چوارشەممەوە لە رێ و شوێنی قەدەغەی هاتوچۆدا بە کردەیی تۆماری خێزانی بۆ سەرجەم دانیشتوان دەکرێت و تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو سەرجەم قۆناغەکان تەواو دەکرێت.
سەرژمێری و گۆڕانی تەرازوی هێز
لەگەڵ بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە، ترسێک هەیە کە داتا و زانیارییەکانی ئەو سەرژمێرییە کاریگەریی لەسەر دۆخی سیاسی و پەرلەمانی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دروست بکات و کاریگەریی هەبێت لەسەر پشکی نوێنەرایەتی و دابەشکردنی پۆستەکان و ئیمیتیازەکان لەنێوان پێکهاتە و لایەنە جیاوازەکاندا.
دوای سەرژمێری گشتی لە ساڵی 1987 لە سەرتاسەری وڵاتەکە ئەنجامدراوە، هەرچەندە ساڵی 1997 سەرژمێری لە پارێزگاکانی عێراق، جگە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، بەڵام وەک سەرژمێرییەکی دان پێدانراو ئەژمار ناکرێت، بەهۆی بەشداریی نەکردنی سێ پارێزگاکەی هەرێمەوە (هەولێر، سلێمانی، دهۆک)، ئەمە یەکەم سەرژمێری گشتییە کە لە عێراقی نوێ ئەنجام بدرێت و هەموو چاوەکان لەسەر دەرەنجامەکانین، کە دوای 48 کاتژمێر لە تەواوبوونی کۆی پڕۆسەکە ئەنجامێکی سەرەتایی رادەگەیەندرێت.
بە مانا سادەکەی، ئامانجی سەرژمێریی بۆ کۆکردنەوەی داتای ئابوریی و گەشەپێدانە، وەزارەتی پلاندانان لە رێگەی وەزیر و وتەبێژەکەیەوە جەختی لەوە کردوەتەوە، کە بۆ هیچ مەرام و مەبەستێکی سیاسی ئەنجام نادرێت و ئامانج لێی گەشەپێدان و پەرەپێدانی عێراقە لەسەر بنەما زانیارییە کۆکراوەکانە، بە ماناکەی دیکەی دەرکەوتنی نەخشەی نوێی سیاسی و ئاینی و دووبارە گۆڕانی هاوکێشە سیاسییەکان و هاوپەیمانییەکانە.
ریزبەندی نوێی سیاسی
چاودێرانی سیاسی، پێیانوایە سەرەڕای ئامانجی سەرەکی سەرژمێرییەکە کە گەشەپێدانە، ئەنجامەکانی دۆخێکی نوێی سیاسی دەهێنێتە ئاراوە، ئەوەش پەیوەستە بە دابەش بوونی دانیشتوان لە پارێزگاکان و ناوچە جیاوازەکان، کە بەشێوەیەکی راستەوخۆ کاریگەریی دەبێت لەسەر پشکی سیاسی نێوان پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق، لەگەڵ ئەوەی دڵنیایی دراوە کە سەرژمێری بۆ خزمەتگوزاریی گەشەپێدان و چارەسەرکردنی کێشە بنەڕەتییەکانی پەیوەست بە ژیانی هاوڵاتیانە.
لایەنێکی دیکەی سەرژمێری ئەوەیە، کە ئەنجامەکانی گۆڕانکاریی گەورە دەکات لە پێکهاتەی دانیشتوانی بەشێک لە پارێزگاکان، ئەوەش کاریگەریی لەسەر هاوسەنگی ئێستای سیاسی دەبێت، بەتایبەتی هەموارکردنەوەی پشکی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی هەر پارێزگایەک بەپێی ژمارە دانیشتوان، بۆ ئەوەش دەبێت دووبارە کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق دابەش بکرێتەوە بەسەر پارێزگاکاندا، دەرەنجامەکەشی ئەوەیە ریزبەندی هێزە سیاسییەکان لەچەند ناوچەیەک دەگۆڕێت و هاوسەنگی هێزی پەرلەمانی دەگۆڕێت.
بودجە و داهات
لایەنێکی دیکەش ئەوەیە، دەرەنجامی سەرژمێری کاریگەریی دەبێت لە دابەشکردنی داهات و بودجە، چونکە ئەگەر دەرەنجامەکان، کەم یان زیاتربوونی ژمارەی دانیشتوان لە پارێزگا یان ناوچەیەکی، گۆڕانکاریی لە پشکەکەی دەکات لە بودجە و قەرەبووە داراییەکان و شایستە و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان، هەروەک کاریگەرییشی دەبێت لەسەر هەموارکردنەوەی هاوپەیمانییە سیاسییەکان، چونکە بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان بەپێی گۆڕانکاریی دانیشتوان هاوپەیمانییەکانی دیاری دەکات.
زیادبوونی ژمارەی کورسی پەرلەمان
بابەتێکی دیکەی پەیوەست بە پرسی سەرژمێری گشتی، دیاریکردنی ژمارەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە، کە بەپێی یاسای هەڵبژاردن بۆ هەر 100 هەزار کەسێک، یەک کورسی پەرلەمان تەرخان دەکرێت، لەماوەی رابردوودا بەپێی خەمڵاندنی وەزارەتی پلاندانان و وەزارەتی بازرگانی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان دانراوە و لە دوو هەڵبژاردنی رابردوودا بە 329 کورسی جێگیر کراوە، بەپیی پێشبینییەکان ژمارەی دانیشتوانی عێراق لەم سەرژمێرییە نزیک دەبێتەوە لە 43-45 ملیۆن کەس، ئەگەر یاساکە هەموار نەکرێتەوە و گۆڕانکاریی نەکرێت، ئەوکات ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان دەگاتە 450 کورسی.
تێکچوونی هاوسەنگی هەرێم و ناوەند
گەشەی نائاسایی و زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق بەراورد بە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، مەترسی لەسەر ژمارەی کورسییەکان کورد هەیە لە پەرلەمانی عێراق و ئەگەری هەیە بە رێژەیەکی بەرچاو کەمبێتەوە لە چوارچێوەی کۆی کورسییەکاندا و بەوەش هاوسەنگیی و سەنگی کورد لە بەغداد گۆڕانکاریی لەسەردا دێت و مەترسی لەسەر کەمبونەوەی هەیە.
سەرژمێری و 140
هەرچەندە ئەم سەرژمێرییەی عێراق جیاوازە لە سەرژمێرییەکانی دیکە و خانەی نەتەوە و مەزهەب لابراوە و تەنها خانەی ئاین هەیە، بۆیە دەرکەوتنی ژمارەی راستەقینەی نەتەوە سەرەکییەکانی عێراق (عەرەب، کورد، تورکمان) و مەزهەبەکانی (شیعە و سوننە) دەرناکەون، بەو پێیەش ناتوانرێت گۆڕانکارییە دیمۆگرافییەکان و بەتایبەتی لە ناوچەکانی سنوری مادەی 140 دەستنیشان بکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا حکومەتی فیدراڵ لە رێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی هەرێم جەختی کردوەتەوە کە سەرژمێری هیچ کاریگەرییەکی لەسەر قۆناغەکانی جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستوری تایبەت بە کەرکوک و موسڵ و سەڵاحەدین و ناوچە کێشە لەسەر و ناکۆکەکان نابێت، کە قۆناغی دووەمی جێبەجێکردنی ماددەکە سەرژمێرییە و دواتر راپرسی، بەڵام ئەنجامی سەرژمێریی ئاماژەی ناڕاستەوخۆ لەسەر ژمارەی ئەو پێکهاتە و مەزهەبانە دروست دەبێت بەتایبەتی دابەشبوونی ژمارەی دانیشتوان بەسەر پارێزگاکاندا.
خاڵی جەوهەریی ئەوەیە کە ئەنجامی سەرژمێری هەرچۆنێک بێت گۆڕانکاریی لە ئایندەی پشک پشکێنەی سیاسی لە عێراق دەبێت، بەتایبەتی ئەگەر ئەنجامەکان پێشبینی نەکراو نەبن و گۆڕانکاریی دروست بکەن.
سبەی
بەوتەی بەشێك لە بژمێرەكان و دەستەی تەكنیكی ئاماری هەرێمی كوردستان، ئەو كەسانەی پێیان دەوترێت "قەرەج" و لە هەرێمی كوردستان و بەشێكی زۆری وڵاتان هەن، لە پرۆسەی سەرژمێری تۆمار دەكرێن.
"سبەی" بەدواداچوونی بۆ تۆماركردنی "قەرەجەكان" كرد لەو سەرژمێرییەی 20 و 21 ی ئەم مانگە قۆناغی دووەمی لە سەرتاسەری عێراق بەڕێوەچوو، بڕیاریشە تا 10-12-2024 بەردەوام بێت.
لە بەدواداچوونەكەدا "سبەی" قسەی لەگەڵ بەشێك لە بژمێرەكان كرد كە ئایا ئەو "قەرەج" انە وەكو چی تۆمار دەكرێن، بەشێك لە بژمێرەكان باسیان لەوەكرد بەشێكی قەرەجەكان ناسنامەیان هەیە و بەشێكیشیان نییانە، بەڵام هەموویان تۆمار دەكرێن وەك دانیشتوویەكی هەرێمی كوردستان.
لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان و بەتایبەتیش هەرێمی كوردستان، قەرەجەكان هەن، بەڵام تەنها ئەوەیان لەبارەوە دەزانین كە گەڕۆكن و كاری تایبەت بە خۆیان هەیە.
قەرەج یاخود "هوستا" لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بڵاوبوونەتەوە بە تایبەت لە كیشوەرەكانی ئەوروپا و ئاسیا، ئەوەشی كۆیان دەكاتەوە نەبوونی ناسنامەیە، بەڵام لە هەرێمی كوردستان بەپێی زانیارییەكان بەشێكی زۆریان خاوەنی ڕەگەزنامەی عێراقین، تەنها بەشێكی كەمیان نەبێت كارتی نیشتمانیان نییە، ژمارەی قەرەجەكان لە هەرێمی كوردستان لە نێوان 15 بۆ 20 هەزار كەس دەبێت و بەسەر شار و شارۆچكەكاندا دابەشبوون بەهۆی ئەوەی لە شوێنێكی دیاریكراویش زۆر نامێننەوە لە شوێنەكاندا داتایەكی ورد لەسەر ژمارەیان نییە.
قەرەجەكان خەڵكانێكی گەڕۆك و بێنیشتمانن، بە هەموو كیشوەرەكانی جیهاندا بڵاوبوونەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دابونەریتی تایبەت بە خۆیان هێشتووەتەوە و پشت بە كۆمەڵێك شت دەبەستن بۆ بژێویان، ئەوانیش بازرگانیكردن، بەختگرتنەوە، مۆسیقاژەنین، دەرۆزەكردن و پیشەی سادە.
رۆژی هەشتی مانگی نیسانی هەموو ساڵێك بە رۆژی جیهانی قەرەجان دیاریكراوە، ئەو رۆژەی قەرەجەكانی هەرێمی كوردستان بە هۆكاری هاوكارینەكردنیان هیچ ساڵێك نەیانتوانیوە چالاكی تێدا ئەنجامبدەن.
بنەڕەتی قەرەج چییە؟
هەندێك پێیان وایە كە قەرەجەكان لە مەجەر یان ڕۆمانیاوە سەریانهەڵداوە، هەندێك توێژەری دیكەش دەڵێن كە بنەڕەتەكەیان بۆ كۆمەڵەیەكی سەربازیی هەمەچەشن دەگەڕێتەوە، كە لە چەند سەدەی ڕابردوودا، بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەوە لە ناوچەی پونجابی باكووری هندستان كشاونەتەوە بۆ ئێران و ئەرمینیا، لەوێشەوە چوونەتە نیمچەدوورگەی بەڵكان و وشەی سڕبی و ڕۆمانی تێكەڵی زمانەكەیان بووە.
قەرەجەكان بەسەر چەندین گرووپ و كۆمەڵەدا دابەشبوون و بە شێوەیەك لە ئەوروپا و باكووری ئەفریقادا بڵابوونەتەوە، لە سەرەتاوە پێشوازی لە كۆچكردنیان نەكرا و بەهۆی جیاوازیی زمان و جلوبەرگیان ڕووبەڕووی لێدان و بێزاركردن دەبوونەوە، هەر بۆیە گەڕۆكی و كۆچەریبوونیان هەڵبژارد.
ژیانی كۆمەڵایەتیی قەرەجەكان
قەرەجەكان زۆر توندن لە پەروەردەكردن و فێركردنی منداڵەكانیان، بە شێوەیەك كە ڕازی نابن منداڵەكانیان فێری زمانی دیكە ببن، لە ناو كۆمەڵگەی قەرەجدا دەیانهێڵنەوە و ڕێگەنادەن پەیوەندی لەگەڵ ناقەرەجدا ببەستن. منداڵەكانیان، منداڵی قەرەج تاوەكو تەمەنی 10 بۆ 11 ساڵی دەدرێتە بەر خوێندن و لە قوتابخانەكان دەردەهێنرێن.
ژن لە كۆمەڵگەی قەرەجدا پێگەیەكی گەورەی هەیە، چونكە دەتوانێت كاری بەختگرتنەوە بكات و پارەیەكی زۆری دەستبكەوێت، بەوپێیەی سەرچاوەیەكی سەرەكی داهاتی خێزانە و كاری پیاویش سەرچاوەیەكی دارایی دووەمە.
قەرەجەكان باوەڕیان وایە كە خێزان یەكەیەكی ئابوورییە و نەوەكانیان لە تەمەنی هەرزەكاریدا لە یەك دەخوازن، دایك و باوكەكانیش ئەم هاوسەرگیرییانە ڕێكدەخەن.
بژێوی ژیانی قەرەجەكان
بەهۆی ڕاگواستنیانەوە، قەرەجەكان هەوڵیان دەدا كارێك بدۆزنەوە كە لەگەڵ شێوازی ژیانیاندا بگونجێت، وەك كاری كانزاگەری و و دارتاشی و داربڕینەوە و بازرگانیكردن بە ئەسپەوە. بەپێی گرووپە نەژادییەكانیان، پیشەكانیان جیاواز بووە، بۆ نموونە قەرەجەكانی ڕۆمانیا ئاژەڵانیان ڕاهێناوە و كاری سێركیان كردووە، بەڵام قەرەجی هەندێك ناوچەی دیكە پشتیان بە بەختگرتنەوە بەستووە.
بەگشتی، قەرەجەكان لە سەرتاسەری جیهان بە سەماكردن و گۆرانی وتن و مۆسیقاژەنین ناوبانگیان دەركردووە، هەر ئەوانیش بوون لە ئیسپانیا سەمای فلامینگۆیان داهێنا، بەڵام لەگەڵ بەرەوپێشچوونی كاتدا، قەرەجەكان لە كانزاگەری و مسگەرییەوە كارەكانیان بۆ ئیشی خشڵ و كاتژمێر گۆڕا، بازرگانیكردن بە ئەسپیش گۆڕا بە بازرگانیكردن بە ئۆتۆمبێل و چاككردنەوەی.
دابەشبوونی قەرەجەكان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
ژمارەی قەرەجەكان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگاتە دوو ملیۆن و 563 هەزار كەس، بەسەر چەند گرووپێكدا دابەشبوون و لە ناوچەكانی نێوان ئاسیای ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبیدا دەژین، واتە لە نێوان ئێران و میسر و فەڵەستین و ئوردن و عێراق و سوریا، تەنانەت پاكستان و ئۆزبەكستانیش.
گرووپەكانیش بریتین لە نەور، غەربەتی، مەهتار، لەولی، حەلەب، زەت، كەراتچی، تەچووریی والی، یورك، مەزنووق و بەراكی.
#
بەپێی ئامارێكی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان، كۆی گشتی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان تا مانگی سێی ئەمساڵ هەشت ملیۆن و 668 هەزار و 975 كەس بووە، لەو ژمارەیە ملیۆنێك و 22 هەزار و 293 كەس ئاوارە و پەنابەر بوون.
بەپێی ئەو ئامارە كە دەستەی ئاماری سەر بە وەزارەتی پلاندانانی هەرێمی كوردستان تا مانگی ئاداری ئەمساڵ كۆی كردووەتەوە، ژمارەی ئاوارەكان گەیشتووەتە 746 هەزار و 174 كەس، ژمارەی پەنابەرانیش گەیشتووەتە 276 هەزار و 119 كەس.
ئامارەكە بەوردەكاری ژمارەی ئەو خێزانانەی تێدایە كە گەیشتوونەتە هەرێمی كوردستان، لەوانە 42 هەزار و 400 خێزان بۆ هەولێر كە دەكاتە 247 هەزار و 338 كەس، لە سلێمانی 23 هەزار و 953 خێزان كە دەكاتە 139 هەزار و 355 كەس، لە دهۆك 67 هەزار و 929 خێزان كە دەكاتە 359 هەزار و 481 كەس.
ئەو ئامارە لەكاتێكدایە 20 و 21 ی ئەم مانگە قۆناغی دووەمی سەرژمێری گشتیی دانیشتوان لە عێراق بەڕێوەچوو، ئەنجامی سەرژمێرییەكەش دوای 48 كاتژمێر ڕادەگەیەنرێت و ئەوەی تائێستاش پێشبینی كراوە ژمارەی دانیشتوانی عێراق دەگاتە 45 ملیۆن كەس.
بەپێی ئەو ئامارە لە 37% ی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان تەمەنیان لە خوار 15 ساڵ و 29% لە تەمەنی 15 بۆ 30 ساڵدان، ڕێژەی بە پیتبوون لە هەولێر 3.1 و لە سلێمانی 2.8 و لە دهۆك 3.7 ە بۆ هەر ژنێك، ئاستی بە پیتبوون لە دهۆك نزیكە لە ئاستی بەپیتبوونی عێراق كە 3.7 منداڵە بۆ هەر ژنێك، لە پارێزگای سلێمانی ئاستی بەپیتبوون بەشێوەیەكی بەرچاو نزمترە.
هەرچەندە لەناوچەكانی دیكەی عێراق كەمترە، بەڵام هەرێمی كوردستان بەراورد بە وڵاتانی دراوسێ ئاستێكی بەرزتری بە پیتبوونی هەیە، لە ئێران ئاستی بەپیتبوون 2.2 ە بۆ هەر ژنێك، لە توركیا ئاستی بە پیتبوون 2.1 ە بۆ هەر ژنێك.
#
سبەی
بەهۆی تەواو نەبوونی تۆماری خێزانی، بە بڕیاری سەرۆک وەزیران و لیژنەی باڵا، تا ئێوارەی ئەمڕۆش سەرژمێری گشتی بەردەوام دەبێت، تائێستاش زیاتر لە 95% پڕۆسەکە تەواو بووە.
سەعات 12ی شەوی رابردوو دوا وادەبوو بۆ تەواکردنی تۆماری خێزانی سەرجەم دانیشتوانی عێراق لە پڕۆسەی سەرژمێری گشتیدا کە بۆ ماوەی دوو رۆژ قەدەغەی هاتوچۆی بۆ راگەیەندرا، بەهۆی تەواو نەبوونی کۆی پڕۆسەکە لە چەند پارێزگایەکی عێراق، سەرۆکی وەزیرانی عێراق و لیژنەی باڵای سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق بڕیاریاندا، پڕۆسەکە تا ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی بەردەوام بێت، قەدەغەی هاتوچۆی ناو پارێزگاکان و ناو شارەکان هەڵگیرا، بەڵام قەدەغەی هاتوچۆی نێوان پارێزگاکان تا سەعات 12ی ئەمشەو بەردەوام دەبێت، بۆ تەواوکردنی قۆناغی دووەمی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان و ئاوایی لە عێراق.
دوای زیاتر لە سێ دەیە، دەیەمین پڕۆسەی سەرژمێری گشتی سەرتاسەریی لە عێراق ئەنجام دەدرێت، قۆناغەکانی سەرەتایی پڕۆسەکە تەواو کراون و بڕیارە تا ناوەڕاستی مانگی داهاتوو بەردەوام بێت، زیاتر لە 120 هەزار بژمێر لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بەشداریی پڕۆسەکەیان کرد و تائێستاش بەردەوامە.
مەحمود عوسمان جێبەجێکاری سەرژمێری گشتی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بە "سبەی" راگەیاند: دوای تەواوکردنی پڕۆسەی تۆماری خێزان، لە رۆژی هەینییەوە بژمێرەکان بۆ ماوەی پێنج رۆژ دەگەڕێندرێنەوە ناوەندەکانی ئامار بۆ مەشق و راهێنان و دواتر قۆناغی کۆکردنەوەی زانیاری ورد دەست پێدەکات کە خۆی لە وەڵامدانەوەی 70 پرسیاری ئاماریی دەبینێتەوە لەلایەن خێزانەکانەوە.
وتیشی :"لە پڕۆسەکەدا دەبێت هیچ خێزان و کەسێک و هیچ باڵەخانەیەک نەمابێتەوە تۆمار نەکرابێت، تا ئەوکاتەش پڕۆسەی سەرژمێری گشتی بەردەوام دەبێت".
ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق، نیوەشەوی رابردوو دوای تەوابوونی وادەی تۆماری خێزانی لە پڕۆسەی سەرژمێری گشتی لە سەعات 12ی شەو رێژەی تۆمارکردنی لە سەرژمێری گشتی لەسەرجەم پارێزگاکان راگەیاند بەمشێوەیە:
بەغداد 80.48%
نەینەوا 98.60%
هەولێر 96.31%
سلێمانی 94.76%
بەسرە 89.85%
بابل 94.78%
دیالە 98.10%
زیقاڕ 86.84%
نەجەف 92.27%
کەرکوک 97.74%
ئەنبار 95.99%
سەڵاحەدین 98.16%
کەربەلا 95.81%
واست 98.68%
دیوانیە 95.33%
دهۆک 95.25%
میسان 91.23%
موسەننا 94.73%
#بەتەمەنترین
#چەمچەماڵ
#124ساڵ
سبەی
قائیمقامی چەمچەماڵ رایگەیاند: بە تەمەنترین هاوڵاتی عێراق لە چەمچەماڵە و تەمەنی 124 ساڵە.
رەمک رەمەزان قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ بڵاوی کردەوە: ئێوارەی رۆژی پێنج شەممە دوای ئەوەی هەواڵی ژنێکی تەمەن 124 ساڵم بیست بەناوی (مەنیجە حمە غریب حمەخان) کە لە 1/7/1900 لە دایک بووە، دەست بەجێ لەگەڵ بەڕێوەبەری فەرمانگەی ئامار بەرەو ماڵەکەیان ڕۆیشتین لەناحیەی شۆڕش بۆ بەسەرکردنەوە و هەواڵپرسینی پورە مەنیجە و خانەوادەکەی.
لە پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان تائێستا ژمارەیەک هاوڵاتی بەتەمەن تۆمارکراون، ژنێکی تەمەنی 119 ساڵ لە دوجەیل و ژنێکی تەمەن 122 ساڵ لە تەلعفەر بوون، بەڵام تائێستا هیچ کەسێکی تەمەن 124 ساڵ تۆمار نەکراوە.
#سەرژمێری گشتی
#تێچووی دارایی
#قەدەغەی هاتووچۆ
سبەی
هەرچەندە حکومەتی عێراق رایگەیاندووە: تێچووی سەرژمێری گشتی 459 ملیار دینارە، شارەزایەکی ئابووریی تێچووەکەی بە دوو هێندە و زیاتر دەخەمڵێنێت.
نەبیل مەرسومی، شارەزای ئابوریی ئاشکرای کرد: تێچووی دارایی و ئابوریی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق گەیشتوەتە 951 ملیار دۆلار.
ئاماژەی بەوەکردوە: تەرخانکراوی دارایی بۆ سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق لەلایەن حکومەتەوە 459 ملیار دینارە، بەڵام راگرتنی دەوامی فەرمی دەوڵەت و دوو رۆژ قەدەغەی هاتووچۆ تێچووەکەی 492 ملیار دینارە، بەوەش کۆی تێچووی سەرژمێری گشتی گەیشتوەتە 951 ملیار دینار.
ئەو شارەزا ئابورییە زیاتر رونکردنەوەی داوە: تێچووی ئابوریی بەهۆی راوەستانی چالاکی ئابوری گشتی و تایبەت زیانی زۆریان پێگەیشتووە، بەتایبەتی تاکەکان ئەوانەی زۆر هەژارن و ژیانیان لەسەر کاری رۆژانەیە و هیچ پاشەکەوت و پارەیەکی یەدگیان نییە بۆ رۆژانی پشوو و قەدەغەی هاتووچۆ.
مەرسومی پێیوایە؛ دەکرا سەرژمێری گشتی دانیشتوان ئەنجام بدرایە بەبێ قەدەغەی هاتووچۆ، تەنانەت ئەگەر ماوەی پێویست بۆ کۆکردنەوەی داتا و زانیاریی و تۆماری خێزان و باڵەخانەکان چەند هەفتەیەکیشی پێویست بوایە، ئەوەش بۆ رەچاوکردنی بارووگوزەرانی کەسانی کەمدەرامەت و کارمەندانی کەرتی تایبەت.
پێشتر لیژنەی باڵای سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق بڵاوی کردەوە: لەسەر ئاستی عێراق و لە هەر 19 پارێزگاكە 120 هەزار بژمێر بەشداری لە پرۆسەكەدا دەكەن و بودجەی تەرخانكراو لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ سەرژمێری 459 ملیار دینارە.
هەرچەندە سەعات 12ی شەوی رابردوو دوا وادەبوو بۆ تەواکردنی تۆماری خێزانی سەرجەم دانیشتوانی عێراق لە پڕۆسەی سەرژمێری گشتیدا کە بۆ ماوەی دوو رۆژ قەدەغەی هاتوچۆی بۆ راگەیەندرا، بەهۆی تەواو نەبوونی کۆی پڕۆسەکە لە چەند پارێزگایەکی عێراق، سەرۆک وەزیرانی عێراق و لیژنەی باڵای سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق بڕیاریاندا، پڕۆسەکە تا ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی بەردەوام بێت، قەدەغەی هاتوچۆی ناو پارێزگاکان و ناو شارەکان هەڵگیرا، بەڵام قەدەغەی هاتوچۆی نێوان پارێزگاکان تا سەعات 12ی ئەمشەو بەردەوام دەبێت، بۆ تەواوکردنی قۆناغی دووەمی پڕۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان و ئاوایی لە عێراق.
مەحمود عوسمان جێبەجێکاری سەرژمێری گشتی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بە "سبەی" راگەیاند: لە پڕۆسەکەدا نابێت هیچ خێزان و کەسێک و هیچ باڵەخانەیەک مابێتەوە تۆمار نەکرابێت، تا ئەوکاتەش پڕۆسەی سەرژمێری گشتی بەردەوام دەبێت".
ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق، نیوەشەوی رابردوو دوای تەوابوونی وادەی تۆماری خێزانی لە پڕۆسەی سەرژمێری گشتی لە سەعات 12ی شەو رێژەی تۆمارکردنی لە سەرژمێری گشتی لەسەرجەم پارێزگاکان راگەیاند بەشێوەیەکی گشتی رێژەی 95%ی تێپەڕاندوە.
لەسەر ئاستی کەرکوک و سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان (پارێزگای هەڵەبجە لە سەرژمێرییدا بەشێک بوو لە پلانی پارێزگای سلێمانی) رێژەی تۆمارکردن لەسەرژمێری گشتی دانیشتوان بەمشێوەیە بوو:
هەولێر 96.31%
سلێمانی 94.76%
کەرکوک 97.74%
دهۆک 95.25%
#ئەنجامی سەرەتایی
#سەرژمێری گشتی
سبەی
دەستەی باڵای سەرژمێری گشتی دانیشتوان کۆتایی هاتنی قۆناغی دووەمی سەرژمێری راگەیاند و ئاشکرای کرد ئەم هەفتەیە ئەنجامی سەرژمێری گشتی رادەگەیەندرێت.
لە راگەیەندراوێکدا، دەستەی باڵای سەرژمێری بڵاوی کردەوە: قۆناغی دووەمی سەرژمێری دانیشتوان تەواو بووە کە قۆناغی تۆماری خێزانییە و سێ رۆژ بەردەوام بووە، لەو قۆناغەدا ئەنجامی گەورەی بۆ عێراق و عێراقییەکان بەدەستهاتووە سەرەڕای ئەو ئاڵنگارییانەی روبەڕوویان بوەتەوە.
ئاماژەی بەوەکردوە، رێژەی تۆماری ئەندامان و خێزان و باڵەخانەکان نزیکە لە رێژەی 100%، کە ئەوەش بەرزترین رێژەیە لە مێژوی عێراق و وڵاتانی ناوچەکە تۆمار کرابێت، دەستکەوتەکەش هەوڵی بەردەوامی تیمەکانی مەیدانییە بۆ بەدەستهێنانی ئەو ئامانجە باڵایە.
لەکاتێکدا دەستەی باڵای سەرژمێری جەخت دەکاتەوە لە سەرکەوتنی قۆناغی دووەمی پڕۆسەکە، راشیدەگەیەنێت کە ئەم هەفتەیە ئەنجامی سەرەتایی سەرژمێری گشتی دانیشتوان بڵاودەکرێتەوە.
دەستەی باڵای سەرژمێری گشتی دانیشتوان رایگەیاندووە: سەرکەوتنی پڕۆسەی سەرژمێری و ئەنجام و دەرهاویشتەکانی کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر رێڕەوی گەشەپێدان و پەرەپێدانی وڵات و ئاستی خزمەتگوزاریی و بەدیهێنانی گەشەی ئابوریی.
قۆناغی دووەمی سەرژمێری ڕۆژی چوارشەممە و پێنجشەممە و هەینی (21 و21و22)ی ئەم مانگە، بەڕێوەچوو و پڕۆسەکەش تا 10ی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
لەسەر ئاستی عێراق و لە هەر 18 پارێزگاکە (هەڵەبجەش وەک بەشێک لە پلانی پارێزگای سلێمانی بەشداریی سەرژمێری کرد) 120 هەزار بژمێر بەشداریی لە پرۆسەكەدا دەكەن و بودجەی تەرخانكراو لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ سەرژمێری 459 ملیار دینارە.
قۆناغی یەكەمی سەرژمێری گشتی ژمارەلێدان و گەمارۆسازیی بوو لەگەڵ پرۆسەی جیاكردنەوەی زۆنەكان، بە بەكارهێنانی تەكنەلۆجیای مانگی دەستكرد و هەر گەڕەكێك بۆ پێگەیەكی جوگرافی ورد دیاریكرا.
ئەو قۆناغەیان لەیەكی ئایاری ئەمساڵ دەستیپێكرد و تا یەكی ئەیلول بەردەوام بوو، کە زیاتر لە 40 هەزار فەرمانبەر بەشدارییان كرد.
لە قۆناغی دووەمدا لەنێوان 16 بۆ 22 ی ئەم مانگە بژمێرەكان چوونەتە ناوچە جوگرافییە دیاریكراوەكان، بەپێی ئەو زۆنانەی جیاكراونەتەوە و هەوڵیان داوە هەر خێزانێك دیاری بكەن و بیناسن و زانیارییەكان تۆمار بكەن بۆ نمونە سەرۆكی خێزان و ژمارەیان و رێژەی نێر و مێ تێیاندا لەگەڵ تەمەنەكانیان.
پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق بۆ ساڵی 2024، جیاكردنەوەی تایبەتمەندی كۆمەڵایەتی و تەمەن و تەندروستی و ئەو كەلوپەل و شێوازە ژیانەی هەیانە دەگرێتەوە، جگە لە هەندێك زانیاریی دیكە كە لەلایەن بژمێرەكانەوە تۆمار دەكرێن لەسەر خێزانەكان و تاكی خێزانەكان و جۆری ژیان و ئەو پێداویستیانەی بەكاریدەهێنن.
#سەرژمێری دانیشتوان
#کورسییەکانی پەرلەمان
#دەستور
سبەی
پێشبینی دەکرێت، بە هۆی زۆربوونی ژمارەی دانیشتوانەوە، ژمارەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران زیاد بکرێن، لەو بارەیەوە، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، ئەستەمە بۆ خولی داهاتوو دەستکاری ژمارەی کورسییەکان بکرێت.
بە گوێرەی ماددەی 49 لە دەستوری عێراق، هەر 100 هەزار کەسێک یەک کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانیان بەردەکەوێت.
عەبدولکەریم عەبتان، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، ئەنجامی سەرژمێری دانیشتوان کاریگەری لەسەر ژمارەی کورسییەکانی نوێنەران نابێت.
وتیشی: ئەو ژمارەیەی کورسی نوێنەران، کە ئێستا هەن، لەسەر بنەمای خەمڵاندنی ژمارەی دانیشتوان دیاریکراون بۆیە ئەستەمە بەم زووانە دەستکاری ئەو ژمارەیە بکرێت.
هەروەها وتی: لە خولی داهاتووی نوێنەراندا ئەستەمە ژمارەکە زیاد بکرێت، چونکە زیادکردنی هەر کورسییەک بارگرانی دەخاتە سەر بودجەی گشتیی وڵات و ئەوەش لە هەلومەرجی دارایی ئێستای عێراقدا قورسە جێبەجێ بکرێت.
#ئەنجامی سەرەتایی
#سەرژمێری گشتی
#سەرژمێری 2024
سبەی
سەرۆک وەزیرانی عێراق، ئەنجامی سەرەتایی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی راگەیاند و ئاشکرای کرد، ژمارەی دانیشتوانی عێراق زیاتر لە 45 ملیۆن کەسە و گەشەی دانیشتوان 2.3%ـە.
محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ وەزیری پلاندانان، ئەنجامی سەرەتایی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی راگەیاند و ئاشکرای کرد، ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتوەتە 45 ملیۆن و 407 هەزار و 895 کەس.
بەپێی ئەنجامی سەرەتایی سەرژمێری گشتی دانیشتوان:
ژمارەی دانیشتوان: 45 ملیۆن و 407 هەزار و 895 هەزار
ژمارەی خێزان: حەوت ملیۆن و 898 هەزار و 588 خێزان
قەبارەی خێزان: بە تێکڕای گشتی 5.3 کەس بۆ هەر خێزانێک
سەرۆک خێزان: 88.67% پیاو، 11.33% ژن
ژمارەی نێر: 22 ملیۆن و 784 هەزار و 62 کەس، بە رێژەی 50.1%ی دانیشتوان
ژمارەی مێ: 22 ملیۆن و 623 هەزار و 833 کەس، بە رێژەی 48.8%ی دانیشتوان
کەسانی تەمەن سەروو 65 ساڵ 3.7%ی دانیشتوان پێکدەهێنن
تەمەنی 15-64 ساڵ 60.2%ی دانیشتوان پێکدەهێنن
خوار تەمەنی 15 ساڵ رێژەی 36%ی کۆی دانیشتوان پێکدەهێنن
ژمارەی یەکەکانی نیشتەجێ بوون: هەشت ملیۆن و 37 هەزار و 221 یەکە
یەکەی نیشتەجێ بوون: 92.1% خانوو
یەکەی نیشتەجێ بوون: 6.6% شوقە
یەکەی نیشتەجێ بوون: 4% خانووی لە قوڕ دروستکراو
ژمارەی شارنشین: 70.3%
گوندنشین: 29.7%
پڕۆسەی کرداریی سەرژمێری کە تۆماری خێزانەکان بوو، ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە و هەینی (21 و21و22)ی ئەم مانگە، بەڕێوەچوو و پڕۆسەکەش تا 10ی مانگی داهاتوو بەردەوام دەبێت.
لەسەر ئاستی عێراق و لە هەر 18 پارێزگاکە (هەڵەبجەش وەک بەشێک لە پلانی پارێزگای سلێمانی بەشداریی سەرژمێری کرد) 120 هەزار بژمێر بەشداریی لە پرۆسەكەدا دەكەن و بودجەی تەرخانكراو لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقەوە بۆ سەرژمێری 459 ملیار دینارە.
قۆناغی یەكەمی سەرژمێری گشتی ژمارەلێدان و گەمارۆسازیی بوو لەگەڵ پرۆسەی جیاكردنەوەی زۆنەكان، بە بەكارهێنانی تەكنەلۆجیای مانگی دەستكرد و هەر گەڕەكێك بۆ پێگەیەكی جوگرافی ورد دیاریكرا.
ئەو قۆناغەیان لەیەكی ئایاری ئەمساڵ دەستیپێكرد و تا یەكی ئەیلول بەردەوام بوو، کە زیاتر لە 40 هەزار فەرمانبەر بەشدارییان كرد.
لە قۆناغی دووەمدا لەنێوان 16 بۆ 22 ی ئەم مانگە بژمێرەكان چوونەتە ناوچە جوگرافییە دیاریكراوەكان، بەپێی ئەو زۆنانەی جیاكراونەتەوە و هەوڵیان داوە هەر خێزانێك دیاری بكەن و بیناسن و زانیارییەكان تۆمار بكەن بۆ نمونە سەرۆكی خێزان و ژمارەیان و رێژەی نێر و مێ تێیاندا لەگەڵ تەمەنەكانیان.
پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق بۆ ساڵی 2024، جیاكردنەوەی تایبەتمەندی كۆمەڵایەتی و تەمەن و تەندروستی و ئەو كەلوپەل و شێوازە ژیانەی هەیانە دەگرێتەوە، جگە لە هەندێك زانیاریی دیكە كە لەلایەن بژمێرەكانەوە تۆمار دەكرێن لەسەر خێزانەكان و تاكی خێزانەكان و جۆری ژیان و ئەو پێداویستیانەی بەكاریدەهێنن.
#سەرژمێری دانیشتوان
#دانیشتوانی هەرێم
سبەی
وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێم، ئەنجامی سەرەتایی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی هەرێمی کوردستانی راگەیاند، کۆی گشتی دانیشتوانی هەرێم گەیشتوەتە زیاتر لە شەش ملیۆن کەس کە دەکاتە رێژەی 14%ی دانیشتوانی عێراق.
دوای راگەیاندنی ئەنجامی سەرەتایی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە، لیژنەی باڵای سەرژمێری گشتی دانیشتوانی هەرێمی کوردستانیش ئەنجامی سەرەتایی ژمارەی دانیشتوان و وردەکارییەکانی بڵاوکردەوە.
دارا رەشید وەزیری پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی سەرەتای سەرژمێری گشتی دانیشتوان و ئاڤاهیی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند و ئاشکرای کرد هێشتا 4%ی خێزانی هەرێمی کوردستان لە سیستمی سەرژمێری بڵاونەکراوەتەوە.
وتیشی :"ژمارەی دانیشتوانی هەرێم، کەسانی خۆجێی و بیانی، جگە لە ناوچە هاوبەشەکانی وەک ناوەندی قەزای شێخان و هەندێک ناوچەی مەخمور و دیبەگە و مەلا قەرە و کۆکس و نەوجول و چەند ناوچەیەکی سەر بە کەرکوک، ئەژمار نەکراوە".
ژمارەی دانیشتوانی هەرێم: شەش ملیۆن و 370 هەزار و 668 کەس
ژمارەی خێزان: یەک ملیۆن و 379 هەزار و 163 خێزان
تێکڕای قەبارەی خێزان 4.6 کەس
ژمارەی نێر: سێ ملیۆن و 200 هەزار و 506 کەس
رێژەی نێر 50.2%
ژمارەی مێ: سێ ملیۆن و 170 هەزار و 162 کەس
رێژەی مێ 49.7%
سەرۆکی خێزانەکان، بە رێژەی ژنان 11.86% و پیاوان 88.14%
تەمەنی خوار 15 ساڵ رێژەی 31.9%
تەمەنی 15 بۆ 64 ساڵ، رێژەی 63.7%
تەمەنی سەروو 65 ساڵ 4.4%
تێکڕای گەشەی دانیشتوان 2.48%
ژمارەی یەکەی نیشتەجێ بوون: دوو ملیۆن و 28 هەزار 937 یەکە
رێژەی شارنشین: 84%
رێژەی گوندنشین: 16%
هەر ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئەنجامی سەرەتایی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی راگەیاند و ئاشکرای کرد، ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتوەتە 45 ملیۆن و 407 هەزار و 895 کەس.
بەپێی ئەنجامە سەرەتاییەکانی سەرژمێری گشتی دانیشتوانی عێراق، دانیشتوانی هەرێم رێژەی 14%ی دانیشتوانی عێراق پێکدەهێنێت.