عەباس و ماکرۆن
سبەی
لەگەڵ قوڵبوونەوەی قەیرانی مرۆیی لە كەرتی غەززە و بەردەوامیی هێرشەكانی ئیسرائیل، مەحمود عەباس سەرۆكی دەسەڵاتدارێتیی فەڵەستین لەپەیامێكدا بۆ ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا "پشتیوانی چەكداماڵینی حەماس دەكات".
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی فرانس پرێس، مەحمود عەباس، سەرۆكی دەسەڵاتدارێتیی فەڵەستین، لە پەیامێكدا كە بۆ ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسای ناردووە دەڵێت "پشتیوانی ئەوە دەكات كە حەماس هیچ رۆڵێكی لە حوكمی غەززەدا نەبێت و لە چەک دابماڵرێت".
مەحمود عەباس، هەروەها پشتیوانی دەسەڵاتدارێتیی فەڵەستینی بۆ بیرۆكەی بوونی هێزێكی عەرەبی و نێودەوڵەتی بۆ گرەنتیكردنی سەقامگیری غەززە دەربڕیوە.
سەرۆكی دەسەڵاتدارێتی فەڵەستین هێرشی حەوتی ئۆكتۆبەری 2023 كە حەماس بۆسەر چەند نیشتەجێگە و بنكەیەكی سەربازیی ئیسرائیل لە دەوروبەری غەززە ئەنجامیدا، نا "پەسەند" ناودەبات.
لەو پەیامەدا كە هاوكات ئاراستەی محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیەشی كردووە، كە بڕیارە بەشداری لە كۆنگرەی چارەسەری دوو دەوڵەت لە نیویۆرك بكات كە لەنێوان 17 بۆ 21 ی ئەم مانگەیە و ئیمانویڵ ماكرۆنیش بەشدار دەبێت، مەحمود عەباس دەڵێت "ئامادەم بۆ پێشوازی لە بیرۆكەی بوونی هێزی عەرەبی و نێودەوڵەتیی بۆ پاراستنی ئاسایشی غەززە و بەپێی بڕیارێك لە ئەنجومەنی ئاسایشەوە".
عەباس داوای دەستبەجێ ئازادكردنی بارمتە ئیسرائیلیەكان لە حەماس دەكات و دەشڵێت "ئەوەی لە حەوتی ئۆكتۆبەر كردتان لە كوشتن و بە بارمتەگرتنی خەڵكی سڤیل ناپەسەند بوو".
چەند مانگێكە مەحمود عەباس سەرۆكی دەسەڵاتدارێتیی فەڵەستین پشتیوانی ئەوە دەكات دەسەڵاتی فەڵەستین بۆ غەززە بگەڕێتەوە، لە كۆنگرەی لوتكەی عەرەبییش كە مانگی رابردوو لە بەغداد بەڕێوەچوو، جەختیكردەوە كە "پێویستە دەسەڵاتی فەڵەستین بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی غەززە وەربگرێت".
بەرپرسانی بزووتنەوەی فەتح پێشتر هەمان قسەكانی مەحمود عەباسی سەرۆكیان كردووە، بەتایبەت دوای ئەوەی بەهۆی دۆخیی مرۆیی غەززەوە وەك ئەوان دەڵێن "مافیای چەكدار پەیدا بووە و دۆخەكە لەدەست دەرچووە".
بەڵام بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بەتەواوەتی دژی ئەو بیرۆكەیەی مەحمود عەباس سەرۆكی دەسەڵاتدارێتیی فەڵەستینە، ئەو دەڵێت "دوای تەواوبوونی جەنگ ئیسرائیل لە غەززە ناكشێتەوە و حوكمی غەززە لەژێر دەسەڵاتیدا دەمێنێتەوە".