دادگای فیدراڵی
سبەی
بەڕێوەبەرێكی گشتیی لە سەرۆكایەتی كۆماری عێراق رایدەگەیەنێـت، هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەكانی دادگای باڵای فیدراڵی دەستپێدەكاتەوە.
هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان لە سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی دادگای فیدڕاڵی رایگەیاند:"لە دوای كۆتاییهاتنی كێشەكانیان هەفتەی داهاتوو دادگای باڵای فیدراڵی دانیشتنەكانی دەستپێدەكاتەوە و پێویستە یەكەم دانیشتنیان تایبەت بێت بە مووچە".
هاوڕێ تۆفیق وتیشی "پێش دەستلەكاركێشانەوەی ئەندامەكانی دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیاربوو لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمەوە كۆببنەوە و فەرمانسالاری دەربكەن، بۆیە دەبێت یەكەم دانیشتنیان بۆ ئەو پرسە تەرخانبكەن".
بەوتەی ئەو بەڕێوەبەرە گشتییەی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق " هەموو بۆچوونەكان بەو ئاراستەیەن، كە دادگا فەرمانسالارییەك لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەربكات".
سەرۆكی دادگای فیدراڵی خانەنشین كرا
وتەكانی هاوڕێ تۆفیق لەكاتێكدایە، دوێنێ دادوەر جاسم عەبوود لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقەوە بڕیاری خانەنشینی پەسەندكرا، ئەنجوومەنەكە دادوەر مونزیر ئیبراهیم حوسێن، جێگری سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی و ئەندامی یەدەگی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقی بۆ سەرۆكی دادگاكە دیاریكرد.
چاوەكان لەسەر دادگای فیدراڵی بوون كە پرسی مووچە یەكلابكەنەوە، دوای ئەوەی لە كۆتایی مانگی ئایار تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بە نوسراوێك هەرێمی كوردستانی ئاگاداركردەوە كە چیتر مووچە نانێرێت و پشكی هەرێم لە بودجەی سێ ساڵی كۆتایی هاتووە، بەڵام پێنجشەممەی رابردوو نۆ دادوەری دادگای فیدراڵی عێراق دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەشكرد.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بەرزترین دادگای عێراقە كە كارەكەی "پشكنینی دەستورییە بۆ یاسا و رێسا دەرچووەكانی پەیوەست پێیەوە لە عێراق، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسا و بڕیارانەی ناكۆكن لەگەڵ دەستور".
سەرەڕای راگەیەندراوەكەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری كە هۆكاری خانەنشینبوونی سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی گەیاندووەتەوە بۆ دۆخی تەندروستی، بەڵام هۆكاری سەرەكیی ململانێی نێوان جاسم عومەیری و فائیق زەیدان سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەرییە، كە لە كۆتاییدا بە دوورخستنەوەی عومەیری كۆتایی هات و جێگرەكەی وەك سەرۆك دیاری دەكرێت.
بڕیاری دادگای فیدراڵی
رۆژی 21 ی شوباتی 2024 دادگای فیدراڵی دوای چەند دانیشتنێك سكاڵایەكی یەكلاكردەوە و مووچەی فەرمانبەرانی لە ناكۆكییە سیاسییەكان جیاكردەوە و هەردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق و هەرێمی پابەندكرد بە تەوتینی موچەی سەرجەم موچەخۆرانی هەرێم لە بانكە حكومییەكانی عێراق.
بڕیارەكە لەدوای دەرچوونی بەبڕیارێكی مێژوویی دانرا لەلایەن بەشێكی زۆر لە موچەخۆران و لایەنە سیاسییەكانەوە، بەڵام لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە پێشوازی لێنەكرا و جەختیكردەوە كە هەر پڕۆسەیەكی لەو شێوەیە دەبێت لە رێگەی هەرێمەوە بێت، بۆ ئەوەش جەختی لەپڕۆژەی هەژماری من كردەوە لەجیاتی تەوتینی موچە.
پێشتر ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە رێككەوتن لەگەڵ بەغداد كردەوە
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە كۆبوونەوەی چوارشەممەی رابردوویدا جەختی لە رێككەوتن لەگەڵ بەغداد كردەوە بۆ چارەسەری كێشەی مووچە، دوای ئەوەی لە راپۆرتی وەزارەتی دارایی تایبەت بە هەڵسەنگاندنی بارودۆخی دارایی دەركەوت كە ناتوانرێت بە داهاتی ناوخۆ مووچە دابەش بكرێت.
دوای كۆبوونەوەكە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند "ئێمە بژاردەی دیكەمان لەبەردەستە لە ئەگەری نەگەیشتن بە رێككەوتن و هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكە دەدەین، ئێمە ئامادەین لە ڕێگەی كۆمپانیا سۆمۆوە نەوت هەناردە بكەینەوە".
راگرتنی نەوتی هەرێم
رۆژی 25ـی ئازاری ساڵی 2023، هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان بە بڕیاری دادگای ناوبژیوانیی پاریس راگیرا، بەو پێیەی عێراق لە سكاڵایەكیدا لەو دادگایە، توركیای تۆمەتباركردبوو بە پێشێلكردنی "رێككەوتننامەی هێڵی گواستنەوەی نەوت"ـی ناسراو بە (كەركوك - جەیهان) كە ساڵی 1973 لە نێوان هەردوو وڵاتدا واژوكراوە.
حكومەتی عێراق لە دادگای ناوبژیوانیی پاریس رایگەیاندبوو، توركیا بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغداد، نەوتی هەرێمی كوردستانی گواستووەتەوە بۆ بەندەری جەیهان و لەوێوە نەوتەكە بە كەمتر لە نرخی خۆی (كە بە تێكڕا 10 دۆلار كەمتر بوو بۆ هەر بەرمیلێك) فرۆشراوە.
جگە لە راگرتنی هەناردەكردنی نەوت، عێراق داوای قەرەبووكردنەوەی لە توركیا دەكرد، دادگاش ئەنقەرەی پابەندكرد 1.5 ملیار دۆلار بدات بە بەغداد.
راگرتنی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بۆرییەوە، دوای زیاتر لە نۆ ساڵ لە هەناردەكردنی نەوت بوو، بەو پێیەی سەرەتای مانگی كانونی دووەمی ساڵی 2014 بۆ یەكەمین جار نەوتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی بۆرییەوە هەناردەی دەرەوە كرا.
نەوتەكە بۆ ماوەی نۆ ساڵ و سێ مانگ دەگەیەندرایە بەندەری جەیهانی توركیا و لەوێوە رەوانەی بازاڕەكانی جیهان دەكرا كە لە ساڵانی كۆتایی پرۆسەكەدا، ئەو نەوتەی هەناردە دەكرا بڕەكەی 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە بوو.
مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، چاوەڕوان بوون پێش جەژنی قوربان مووچەی مانگی پێنج (ئایار) وەربگرن، هاوشێوەی چەند مانگی پێشوو لە چاوەڕوانی هات و نەهاتی مووچەدا هێڵرانەوە، تا ئەوەی لە كۆتایی مانگی ئایار، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بە نوسراوێك بۆمبەكەی تەقاندەوە و راگەیاند: ئامادەنییە چیتر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت.
بەپێی نوسراوەكەی وەزارەتی دارایی عێراق كە رۆژی (28ـی ئایاری 2025) بە واژۆی تەیف سامی ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان كراوە، تەرخانكراوی دارایی هەرێم بەڕێژەی 12.67 لە یاسای بودجەی سێ ساڵی كۆتایی هاتووە، بەو پێیەی بڕی 13 ترلیۆن و 547 ملیار دیناری رادەستكراوە لەكۆی خەرجی كردەیی.
لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان لەكۆی 19.9 ترلیۆن دیناری داهاتی نەوتی و نانەوتی لە ساڵی 2023ـەوە تا مانگی نیسانی ئەمساڵ، تەنها 598.5 ملیار دیناری رادەستی بەغداد كردووە.
لەبەرامبەردا وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، رێكارەكانی عێراق بۆ دەستنیشانكردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان پاڵپشت بە خەرجی بەكاربردن بە دژی دەستور ناوبرد و لە رونكردنەوەیەكدا رایگەیاند: لە كۆی نزیكەی 13 تریلیۆن و 334 ملیار و 587 ملیۆن دیناری پشكی هەرێم بۆ ساڵی دارایی 2025، بەغداد بڕی 4 تریلیۆن و 223 ملیار و 625 ملیۆن و 165 هەزار دیناری ناردووە، ئەوەی كە لە ئەستۆی عێراق ماوەتەوە، 9 تریلیۆن و 110 ملیار و 961 ملیۆن و 835 هەزار دینارە.
دواین مووچە كە بەغداد ناردی
دوایین مووچە كە بە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان درا، مووچەی مانگی نیسان بوو كە رۆژی 14ـی ئایاری 2025 و بە سێ رۆژ بەسەر سەرجەم وەزارەت و دەستەكان و خانەنشینان دابەشكرا، مووچەی مانگی ئازاریش لە 27ـی ئازار بەهەمان شێوە بە سێ رۆژ دابەشكرا، مووچەی مانگی شوباتیش لە 31ـی ئازار و بە چوار رۆژ دابەشكرا، مووچەی مانگی كانوونی دووەمیش لە 5ـی شوباتی 2025، دابەشكرا.
رێككەوتنی پێشوو زۆری نەخایاند
رۆژی 3ـی شوباتی 2025، وەزارەتی دارایی و ئابوری هەرێمی كوردستان رایگەیاند: شاندی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ لەسەر شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم گەیشتنە رێككەوتن. بەڵام ئەو بەڵێن و رێككەوتنەش لەنێوان هەرێم و بەغداد تەنها یەك مانگ بڕی كرد و پرسی مووچە هاتەوە خاڵی سەرەتا.