شێخ مەنسور؛ "شەیتانێك" لە بەرگی فریشتەدا

#ئیمارات#شێخ مەنسور بن زاید ئالنهیان#ئالنهیان#سودان#لیبیا#نیویۆرک تایمز
6 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 5 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
جێگر تەیب
پوختە :
  • بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمەریكی، خێزانی ئالنهیان، بە رووكەش دەسەڵاتدارێكی باش دەردەكەون، جگە لە راپەڕاندنی كارەبارەكانی وڵاتی خۆیان، سەرقاڵی كاری بازرگانی دیكەشن، وەك كڕین و سەرپەرشتیكردنی یانەی وەرزشی وەك مانچستەر سیتی، هەروەها ملیاران دۆلاریان لە چەکدارکردنی ژمارەیەک گرووپ لە وڵاتانی ئەفریقی بە سەرپەرشتی شێخ مەنسور ئالنهیان تەرخان کردووە.
Primary Asset

شێخ مەنسور

سبەی

پێش ساڵەكانی 1960 و دۆزینەوەی نەوت، ئەو خێزانە وەك هەر خێزانێكی دیكەی ئیمارات سەرقاڵی كشتوكاڵ، بەخێوكردنی حوشتر و راوەماسی بوون. دوای دۆزینەوەی نەوت ژیانیان بۆ هەتاهاتەیە گۆڕدرا، بوون بە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ خۆیان و خراپترین دێوەزمە بۆ وڵاتانی دیكە، ئەوەش خێزانی دەسەڵاتدارانی ئیماراتە.

بەپێی راپۆرتێكی رۆژنامەی نیویۆرك تایمزی ئەمەریكی، خێزانی ئالنهیان، بە رووكەش دەسەڵاتدارێكی باش دەردەكەون، جگە لە راپەڕاندنی كارەبارەكانی وڵاتی خۆیان، سەرقاڵی كاری بازرگانی دیكەشن، وەك كڕین و سەرپەرشتیكردنی یانەی وەرزشی وەك مانچستەر سیتی، هەروەها ملیاران دۆلاریان لە چەکدارکردنی ژمارەیەک گرووپ لە وڵاتانی ئەفریقی بە سەرپەرشتی شێخ مەنسور ئالنهیان تەرخان کردووە.

بەپێی ژمارەیەك خەمڵاندن، خێزانی ئالنهیانی ئەبو زەبی دووەم دەوڵەمەندترین خێزانی جیهانن دوای خێزانی "واڵتۆنس" لە ئەمەریكا. خێزانی ئالنهیان لە 1970ـەوە تا ئێستا دەسەڵاتی یەكەم و بێڕكابەرن لە ئیمارات. خێزانی ئالنهیان كە شێخ زاید بن سوڵتان ئالنهیان باوكی خێزانەكەیە، شەش كوڕی هەیە، سێ لەو كوڕانە بە تەواوی هەموو جومگەكانی دەسەڵات و بازرگانیان لە ئیمارات قۆرخ كردووە.

برا گەورەی خێزانەكە كە ناوی شێخ موحەمەد بن زاید-ە و تەمەنی 64 ساڵە، ماوەی دوو دەیەیە بە دیفاكتۆ دەسەڵاتداری یەكەمی ئیماراتە.

شێخ محەمەد ئالنهیان

كوڕی دووەم كە ناوی شێخ تەحنون بن زاید-ە و تەمەنی 56 ساڵە بە "شێخ سیخوڕ" ناسراوە، بەردەوام چاویلكەی رەشی لە چاوە و راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی ئیماراتە، ئارەزوویەكی زۆری بۆ وەرزشكردن هەیە، هەروەها زۆر ئارەزووی یاری شەترەنج دەكات لەسەر یەختە زەبەلاحەكەی. هاوڕێیەتییەكی نزیكیشی لەگەڵ مارك زوكەربێرگ خاوەنی مێتا هەیە.

شێخ مەنسور و شێخ تەحنوون

كوڕی سێیەمی خێزانەكە كە ناوی شێخ مەنسور-ە خاوەنی یانەی وەرزشی مانچستەر سیتییە، بەراورد بە براكانی دیكەی بەناوبانگ نییە، بەڵام زۆر كارایە و دەستی هەیە لە چەندین كاری نامرۆڤانە لە وڵاتانی هەژاری وەك سودان و لیبیا.

شێخ مەنسور

پۆستە حوكومییەكەی شێخ مەنسور، جێگری سەرۆك وەزیران و جێگری سەرۆكە، كۆنترۆڵی ژمارەیەك سێكتەری جیاوازی لە ئیمارات كردووە، وەك سێكتەری بانكیی و كۆمپانیای نەوتی.

شێخ مەنسور كەسایەتیی سەرەكییە بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵاتی جیهانی لە رێگەی نەرمە هێزەوە، وەك بنیاتنانی ئیمپراتۆرییەتێكی میدیایی. مەنسور هاوبەشی هەریەك لە سكای بەریتانی و سی ئێن ئێن-ی عەرەبییە. لە ماوەكانی رابردوودا بڕی یەك ملیار دۆلاری بەخشیوە بە سی ئێن ئێن لەپێناو بەدەستهێنانی ئیمپراتۆریەتی میدیایی لە سەرانسەری جیهاندا.

لە 2006 ئیماراتییەكان رووبەڕووی ئاستەنگی زۆری میدیایی دەبوونەوە و وێنەیەكی ناشرینیان هەبوو لە جیهاندا، لەو كاتەوە هەوڵەكانی شێخ مەنسوور بۆ جوان نیشاندانی ئیمارات لە چاوی جیهاندا دەستی پێكرد.

لە 2008 بە بڕی نزیكەی 330 ملیۆن دۆلار یانەی مانچستەر سیتی كڕییەوە، دواتر پارەیەكی زۆری خستە بەردەم یانەكە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی یانەكە، سەركەوتووبوو لەو كارەیدا، ئێستا یانەكە یەكێكە لە باشترین یانەكانی جیهان. ئەوەش وای كرد وێنەی ئیماراتییەكان لە شاری مانچستەر بدرەوشێتەوە.

دوای یانەی مانچستەر، شێخ مەنسور ژمارەیەك یانەی وەرزشی دیكەی كڕییەوە، وەك مێلبۆرن، مومبای و یۆكۆهاما.

هەرچەندە وا دەردەكەوێت كە شێخ مەنسور، ئارەزوویەكی زۆری بۆ وەرزشی تۆپی پێ هەبێت، بەڵام لە ماوەی 17 ساڵدا كە خاوەنی یانەی مانچستەر سیتییە، تەنها دوو جار ئامادەی یارییەكانی یانەكەی بووە.

بۆ یەکەمجار شێخ مەنسور لە یارییەکی مانچستەر سیتیدا ئامادەدەبێت

بەهاری عەرەبی 2011

بەهاری عەرەبی بۆ خێزانی ئالنهیان خاڵی وەچەرخان بوو.

بەهاری عەرەبی بووە هۆی رووخانی ژمارەیەك لە سەركردەی وڵاتانی عەرەبی و دروستبوونی پشێوی لە ناوچەكە. بەهاری عەرەبی كە بەهارێكیش بوو بۆ گرووپە ئیسلامییەكان، بە تایبەت ئیخوان موسلمین، ترسی زۆری لە دڵی خێزانی ئالنهیان دروست كرد، چونكە دەترسان هاوڵاتیانی ئیماراتیش وەك وڵاتانی دیكە داوای رووخانی ئیمپراتۆریەتی ئالنهیان بكەن.

بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو مەترسییانە لەسەر خێزانی دەسەڵاتداری ئیمارات، شێخ محەمەد بە رۆژئاواییەكانی راگەیاند، دەترسێت لە بەهێزبوونی گرووپە ئیسلامییە سیاسییەكان، بە تایبەت ئیخوان موسلمین و داوای هاوكاریی لە وڵاتانی رۆژئاوا كرد بۆ راگرتنی گرووپە ئیسلامییەكان.

هەر ئەو ترسەیان لە لەدەستدانی دەسەڵات، وایلێكردن بە توندی دەستوەردان لە كاروبارەكانی سودان، میسر، لیبیا و یەمەن بكەن و پشتیوانی ئەو لایەنانە بكە هێزی سەربازیی دەجوڵێنن و دژی گروپە ئیسلامییەکانن.

دەستوەردانی شێخ مەنسور لە كاروباری وڵاتان

بەپێی وتەی بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكا، بە فەرمان وەرگرتن لە شێخ محەمەدی برای، شێخ مەنسور رۆڵێكی نوێی بەبێ دەركەوتن، بەڵام وەك پیاوێكی بەهێز پێدرا، لە چەندین وڵاتی جیاواز.

لیبیا كە دوای روخانی حكومەتەكەی موعەمەر قەزافی ئاژاوە و پشێوی سەریهەڵدا، شێخ مەنسور لە لیبیا پشتیوانی خەلیفە حەفتەری دەكرد، هەفتەر دژی گروپە ئیسلامییەكان بوو.

لە 2015ـەوە دەزگای هەواڵگریی ئەمەریكا بۆیان دەركەوت، شێخ مەنسور بەردەوام قسە لەگەڵ حەفتەر دەكات، بەبێ دەنگی پەیوەندییەكانی لەگەڵیدا بەرەوپێش دەبات، هەروەها بە پێدانی پارە هاوكاریی پیاوە لیبییەكە دەكات.

جگە لە پارە، پەیوەندییەكەی حەفتەر و مەنسور، بووە هۆی ئەوەی دروستبوونی كێشە لە نێوان ئەمەریكا و ئیمارات، چونكە ئەو چەكانەی ئەمەریكا بە ئیماراتی بەخشیبوو، بە دەستی چەكدارەكانی حەفتەرەوە بووە و بەكاریان هێناوە. لە 2020 پێنتاگۆن رایگەیاند لە ئیماراتییەكان پارەیان بەخشیوە بە گرووپی ڤاگنەر بۆ ئەوەی لە لیبیا لە سودی حەفتەر شەڕ بكەن.

خەلیفە حەفتەر لەلایەن ئەمەریكییەكانەوە بە تاوانباری جەنگ ناسراوە و دەستی هەیە لە كوشتنی هەزاران هاوڵاتیی سڤیلدا، هەموو ئەوانەشی بە هاوكاریی ئیمارات و شێخ مەنسور كردووە.

خەلیفە حەفتەری لیبیا

مەنسور لە سودان

سودان یەكێكی دیكەیە لەو وڵاتانەی مەنسور لە پشت پەردەوە كاری لەسەر دەكات.

لە سودان، عومەر حەسەن بەشیر، سەرۆكی سودان، بۆ ماوەكی زۆر هاوپەیمانی ئێران بوو، هەروەها ئێران ركابەرێكی سەرسەختی بەشێكی زۆر لە وڵاتانی عەرەبییە، لە نێویاندا ئیمارات. لەپێناو بەدەستهێنانی هاوپەیمانێتی سەرۆكی سودان، شێخ مەنسور لە 2017 ژمارەیەك كۆبوونەوەی لەگەڵ ناوبراودا ئەنجامداوە، تەنانەت بەشیر سەردانی دوبەی پایتەختی ئیماراتی كردووە.

شێخ مەنسور سەركەتوو بوو لە بەدەستهێنانی هاوپەیمانێتی عومەر بەشیر، دواتر ملیاران دۆلاری ئیمارات داباری بەسەر حكومەتەكەی بەشیردا.

سەردانی عومەر بەشیر بۆ دووبەی

عومەر بەشیر بەهۆی ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و جینوساید لە دارفۆر، لەلایەن دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەكانەوە داواكراوە، بەڵام بۆ ئیماراتییەكان تەنها بەدەستهێنانی ئامانجەكە گرنگ بوو. لە بەرامبەر پێدانی ملیاران دۆلار بە عومەر بەشیر، ژمارەیەكی زۆر لە سەربازانی سودانی رەوانەی یەمەن كران بۆ شەڕكردن دژی حوسییەكانی یەمەنی هاوپەیمانی ئێران.

ئەوەش سەرەتای دروستكردنی پەیوەندییەكی نوێی ئیمارات بوو لەگەڵ جەراڵ حەمدان. جەنەراڵ حەمدان دوای ئەوەی بوو بە هاوپەیمانێكی نزیكی شێخ مەنسور.

جێفری فیڵتمان، نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ ئەفریقا لە 2021 و 2022 رایگەیاند، "هەموو كات زانیومانە، شێخ مەنسور لە پشت پەردەی رووداوەكانی سودانەوەیە."

پەیوەندییەكانی مەنسور و خەرتوم

ملیاران دۆلاری ئیمارات نەیتوانی بەشیر رزگار بكات، لە 11ـی نیسانی 2019 بەشیر لەلایەن عەبدولفەتاح بورهان و بە هاوكاریی موحەمەد حەمدان دەگالۆ لە دەسەڵات دوورخرایەوە. هاوپەیمانێتییەكەی بورهان و حەمدان زۆری نەخایاند و كێشە كەوتە نێوانییانەوە و شەڕی ناوخۆیی هەڵگیرسا.

عەبدولفەتاح بورهان

هەوڵی موحەمەد حەمدان دەگالۆ بۆ دەسەڵات گرتنە دەست ئەمەریكییەكانی توڕە كرد، چونكە بەهۆی ناكۆكی فەتاح و بورهان  ملیۆنان هاوڵاتیی سڤیل ئاوارەبوون، كە بووە هۆی قەیرانی برسێتی و جۆرەها كارەساتی دیكە.

محەمەد حەمدان

هەرچەندە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بورهان-یان وەك سەرۆكی سودان قبوڵ كردووە، بەڵام حەمدان بەشێكی زۆر خاكی سودانی كۆنترۆڵ كردووە، وڵاتەكە بەسەر دوو بەرەدا دابەشبووە.

ئەوەی پاڵپشتی حەمدان دەكات، شێخ مەنسور و ئیماراتە، كە بە چەندین شێواز هاوكاری پێشكەش بە حەمدان دەكەن. جگە لە پارە و هاوكاریی دارایی، بە چەندین رێگای جیاواز چەك و درۆن دەگەیەننە دەست حەمدان. بەو كارەیان ئاگری شەڕی ناوخۆیی سودانیان خۆش كردووە، ژمارەی قوربانیانی هاوڵاتیانی سڤیل بەردەوامە لە بەرزبوونەوە.

جگە لە دەستوەردانە سەربازییەكان، ئیمارات لەسەر رێگەی تێپەڕاندنی وەبەرهێنانی چین-ـییە لە ئەفریقا. كۆمپانیا ئیماراتییەكان كە لەلایەن خێزانی ئالنهیانەوە خاوەندارێتی دەكرێن، ملیاران دۆلاریان بۆ وەبەرهێنان لە كێڵگەی كانزا جیاوازەكان تەرخان كردووە، ئەوەش لە پێناو دەستكەوتنی داهاتی زیاتر لە رێگەی وەبەرهێنانی جیاوازی جگە لە نەوتەوە.

هەرچەندە ئیمارات رەتی دەكاتەوە پشتیوانی حەمدان بكات، ئەمەریكا لە سەرەتای شەڕی ناوخۆی نێوان فەتاح و حەمدان، زانیویەتی حەمدان لە دوبەی دەژی و بەردەوامە لە چەكداركردنی گروپەكانی سەر بە حەمدان.

هەناردەكردنی چەك و تەقەمەنی لەلایەن ئیماراتەوە بۆ سودان بە ئاشكرا قورسە. بۆیە شێخ مەنسور لە رێگەی دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی خێرخوازییەوە لە وڵاتی چادی دراوسێی لوبنان چەكەكان دەگەیەنێت بە دەستی چەكدارەكانی حەمدان، ئەوەش واتە مەنسور لە ژێر ناوی كاری خێرخوازی كاری هەناردەكردنی چەك دەكات بۆ وڵاتانی ئەفریقا.

ناردنی هاوکارییەکانی ئیمارات بۆ چاد

چەكدارەكانی حەمدان كە لەلایەن شێخ مەنسور ئالنهیانی ئیماراتییەوە هاوكاری دارایی و سەربازی دەكرێن تاوانبارن بە ئەنجامدانی دەستدرێژی سێكسی بە كۆمەڵ و ئەنجامدانی جینۆساید، لەسەر ئەو تاوانانە بەڵگەی زۆر بەردەستە.

دەرەنجام

شێخ مەنسور ئالنهیانی ئیماراتی كە بە رواڵەت وەك كەسێكی تەكنوكرات و بازرگان دەردەكەوێت، بەرپرسیارە لە كوشتنی ملیۆنان هاوڵاتیی سڤیل لە لیبیا، یەمەن و سودان. ئەو رووەی كە لە میدیا دەردەكەوێت، رەنگە رووە جوانەكەی پیاوە ئیماراتییەكە بێت، ئەوەی لە پشت پەردەوە روودەدات تەواو پێچەوانەی راستییەكانە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی