وێنەی نوسراوەکە و سەرۆکی پێشووی دادگای فیدراڵی
سبەی
وەزارەتی تەندروستی عێراق لە نوسراوێكدا "سەرۆكی پێشووی دادگای فیدراڵی بە نەگونجاو" بۆ پۆستەكەی ناودەبات و دەڵێت "بەوهۆیەوە رەوانەی خانەنشینی كراوە".
وەزارەتی تەندروستی عێراق لەوەڵامی نوسراوێكی دادگای فیدراڵی كە رۆژی 22-6-2025 رەوانەیان كراوە و رۆژێك دواتر وەڵامیان داوەتەوە و واژۆی سەرۆكی لیژنەی پزیشكی تایبەت بە كاروباری دادگاكانی لەسەرە، باس لەوەدەكات پشكنینان بۆ جاسم محەمەد عەبود سەرۆكی پێشووی دادگای فیدراڵی كردووە و پشكنینەكانی چەند كێشەیەكی تەندروستییان خستووەتەڕوو.
بەپێی پشكنینەكە "سەرۆكی پێشووی دادگای فیدراڵی فشاری خوێنی هەبووە و رێژەی چەوری زیانبەخشیشی لە خوێندا زۆر بووە، جگە لەوەش كێشەی درێژخایەنی بڕبڕەكانی ملی هەیە".
لە كۆتایی نوسراوەكەشدا وەزارەتی تەندروستی عێراق ئاماژەی بەوەداوە "جاسم محەمەد عەبود بۆ خزمەتكردن گونجاو نییە و رەوانەی خانەنشینی دەكرێت".
دوێنێ دادوەر جاسم عەبوود لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقەوە بڕیاری خانەنشینی پەسەندكرا، ئەنجوومەنەكە دادوەر مونزیر ئیبراهیم حوسێن، جێگری سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی و ئەندامی یەدەگی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراقی بۆ سەرۆكی دادگاكە دیاریكرد.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بەرزترین دادگای عێراقە كە كارەكەی "پشكنینی دەستورییە بۆ یاسا و رێسا دەرچووەكانی پەیوەست پێیەوە لە عێراق، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسا و بڕیارانەی ناكۆكن لەگەڵ دەستور".
بەپێی راگەیەندراوی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، لیژنەی تایبەتمەند بە هەڵبژاردنی سەرۆكی دادگا بەپێی ماددەی (3 یەكەم و دووەم) ە لە یاسای دادگای فیدراڵی باڵا، رەزامەندی دەربڕی بە رەوانەكردنی دادوەر جاسم محەمەد عەبود، سەرۆكی دادگاكە بۆ خانەنشینی بەهۆكاری تەندروستی، هەروەها كاندیدكردنی مونزیر ئیبراهیم جێگری سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی بۆ جێگرەوەی، بۆ ئەوەش داوا لە عەبدوللەتیف رەشید سەرۆك كۆماری عێراق كراوە بۆ دەركردنی مەرسومی كۆماریی بۆ دەستبەكاربوونی.
دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، بەپێی ماددەی 3- یەكەم، لە سەرۆك و جێگر و حەوت ئەندامی بنەڕەتی پێكدێن، لەنێوان دادوەرە پلە یەكەكان هەڵدەبژێردرێن كە هێشتا بەردەوامن لە خزمەت و خزمەتەكەیان لە 15 ساڵ كەمتر نییە.
سەرەڕای راگەیەندراوەكەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری كە هۆكاری خانەنشینبوونی سەرۆكی دادگای باڵای فیدراڵی گەیاندووەتەوە بۆ دۆخی تەندروستی، بەڵام هۆكاری سەرەكیی ململانێی نێوان جاسم عومەیری و فائیق زەیدان سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەرییە، كە لە كۆتاییدا بە دوورخستنەوەی عومەیری كۆتایی هات و جێگرەكەی وەك سەرۆك دیاری دەكرێت.
"ململانێی باڵەكان"
بەوتەی سەرچاوە دادوەرییەكان، "ململانێی باڵەكان" لەناو دەسەڵاتی دادوەری لەماوەی چەند مانگی رابردوودا لەنێوان فایەق زەیدان و جاسم عەبود عومەیری دا تەقیوەتەوە و لەكۆتاییدا بە زیانی دووەمیان كۆتایی هات.
لە 19ـی حوزەیران نۆ ئەندامی دادگای فیدراڵی دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەش كرد، جاسم عەبود سەرۆكی دادگاكەش یەكێك بوو لەوان، ئەمەش لەئەنجامی ململانێی كۆبوەوەی نێوان ئەنجومەنی دادوەری و دادگای فیدراڵی بوو، بەڵام لە بنەڕەتدا دەستلەكاركێشانەوەكە بۆ دوورخستنەوەی سەرۆكی دادگای فیدراڵی بوو لە پۆستەكەی و ئەندامانی دیكەی دادگاكە كە دەستلەكاركێشانەوەیان پێشكەش كرد، دەستلەكاركێشانەوەیان قبوڵنەكرا. بە دیاریكردنی سەرۆكی نوێی دادگاش رێگایان بۆ كرایەوە لە پۆستەكانیان بەردەوام بن.
“زۆر هەوڵیدا كێشەكەی لەگەڵ زەیدان لەبەرژەوەندی خۆی یەكلابكاتەوە”
لەماوەی 10 رۆژی دواییدا، عەبود زۆر هەوڵیدا كێشەكەی لەگەڵ زەیدان لەبەرژەوەندی خۆی یەكلابكاتەوە، بۆ ئەوەش پەنای بۆ سەرۆكی پەرلەمانی عێراق و سەرۆك كۆماری عێراق برد، بەڵام ئەوانیش نەیانتوانی فریای بكەون.
چونكە داواكەی عەبود ئەوەبوو كە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لەبارەی كێشەكانی دادگای فیدراڵی و دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی بانگهێشتی كۆبوونەوەیەك بكرێن، بە ئامادەبوونی پسپۆڕانی دەستوری، بەڵام داواكارییەكەی لەلایەن هەردوو سەرۆكەوە رەتكرایەوە، بە پاساوی ئەوەی پێچەوانەی ماددەی 87 ی دەستورە.
سەرەتای ناكۆكییەكان
سەرەتای سەرهەڵدانی كێشەكانی نێوان دادگای باڵای فیدراڵی و دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی كە دووەمیان فایەق زەیدان خۆی سەرۆكایەتی دەكات، بۆ مانگی نیسانی رابردوو دەگەڕێتەوە، هەرچەند بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی كۆتایین و تانەیان لێنادرێت، بەڵام هەرئەوكات دوای ئەوەی یاسای لێبوردنی گشتیی دەرچوو دادگای فیدراڵی بڕیاری جێبەجێكردنیدا و فەرمانسالاری بۆ دەركرد، بەڵام دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی فەرمانەكەی پشتگوێخست، بڕیارەكەی هەڵگرت بۆ دوای بڕیار لێدانی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمەش قەبارەی ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو دادگای باڵای فیدراڵی و دادگای پێداچوونەوەی فیدراڵی دەرخست.
لەوبارەیەوە، توێژەر و چاودێری سیاسیی د.سەنگەر سەید قادر، دەڵێت " لە دوای سەركەوتنی فایەق زەیدان بەسەر سەرۆكی دادگایی فیدراڵیدا، چاوەڕێ دەكرێت دادوەرانی دادگای فیدراڵی بگەڕێنەوە سەركار و دەست بە ئەنجامدانی ئامادەكارییەكان بكرێت بۆ هەڵبژاردن".
وتیشی:"فایەق زەیدان لە رابردوودا لەسەر باڵی ئێران هەژمار دەكرا و لە دەیان دۆسییەدا دەستێوەردانی كردووە لە بەرژەوەندی مالیكی و حەشد، بەڵام لە دۆسییەی ململانێكانیدا لەگەڵ سەرۆكی دادگایی فیدراڵی ئەمەریكییەكان پشتیوانی فایەق زیدانیان كرد، ئەمەش پەیوەستە بە نزیك بوونەوەی زیندان لە بەرەی ئەمەریكا، كە رەنگە ئەمە كاردانەوەی حەشد و مالیكی لێبكەوێتەوە بەو پێیەی زەیدان لەسەر بەرەی دەوڵەتی قوڵی ئێران لە عێراق هەژمار دەكرێت".
سەنگەر سەید قادر دەشڵێت: "مونزیر ئیبراهیم سەرۆكی نوێی دادگایی فیدراڵی لە باڵی فایەق زەیدانە و بەوەش لە ئێستادا زەیدان كۆنترۆڵی دەسەڵاتی دادوەری كردووە، لە دوای خزاندنی دادوەر جاسم عەبودی عومەیری ركابەری".