سبەی
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرکۆماری تورکیا داوا لە سەرجەم پارتە سیاسییەکانی تورکیا دەکات لە پەرلەمانی تورکیا دەست لەناو دەست هەوڵەکانیان یەک بخەن بۆ رەخساندنی زەمینەسازیی یاسایی لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی و هۆشداریش دەدات لەوەی ڕێگە بە کەس نادەن پرۆسەکە لەبار بەرێت.
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی ئەمڕۆ یەکشەممە 13ـی تەمموزی 2025 لە گوتاری کۆتایی 32ـەمین کۆبوونەوەی ڕاوێژکاری و هەڵسەنگاندنی پارتەکەی کە لە ناوچەی کزڵجەحەمام لە ئەنقەرە بەڕێوەچوو، جەختی لە گرنگی ئەم پرۆسە نوێیە کردەوە کە بۆ کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری پەکەکە و چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە لە تورکیا دەستی پێ کردووە.
سەرکۆماری تورکیا باسی لەوە کرد کە دەبینن دۆست و براکانیان متمانە بە پەیامەکانیان دەکەن و لە بەرامبەریشدا ترس دەخەنە دڵی نەیار و ڕکابەرەکانیانەوە، دەڵێت: "هیوادارین سەرجەم ئەو پارتە سیاسیانەی کە لە پەرلەماندا فراکسیۆنیان هەیە، بە جدی پشتگیری لەو هەنگاوانە بکەن کە لەژێر چەتری پەرلەماندا دەنرێن (بۆ سەرخستنی پرۆسەکە)".
ڕێگە نادەین پرۆسەکە لەبار ببرێت
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان بە تیشک خستنە سەر ئەوەی کە هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە پڕۆسەکە پەک بخات و لەباری بەرێت، دەڵێت: "بەتایبەت نابێت کەس لە ڕوانگەی تەسکی بەرژەوەندیی تەسکی حزبییەوە بیر (لە پرۆسەکە) بکاتەوە".
ئەردۆغان بە تیشک خستنە سەر ئەوەی کە دەرگای سەردەمێکی نوێ بە ڕووی تورکیادا دەکرێتەوە، دەڵێت: "ئێمە هەنگاو بە هەنگاو گەیشتن بە ئامانجەکەمان کە 'سەدەی تورکیا'یە لە خەونەوە دەکەین بە ڕاستی."
سەرکۆماری تورکیا جەخت لەوە دەکاتەوە کە گەل لەوە خۆش نابێت دۆخێک بهێندرێتە ئارا کاریگەری نەرێنی بکاتە سەر یەکڕیزی و ئارامی هەر 86 هاوڵاتییەکەی تورکیا.
دوودڵی خەڵک دەڕەوێنینەوە
ئەردۆغان ئاماژە بەوە دەدات کە ئەوان لەو کەسانە تێدەگەن بە گومان و هەستیاری و دوودڵییەوە لە پرۆسەکە دەڕوانن و دەڵێت: "هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ڕەواندنەوەی دوودڵییەکەیان. بۆ ئەنجامدانی هەر کارێک ڕەچاوی هەستیاری و بەرژەوەندییەکانی داهاتووی سەرجەم هاوڵاتییان بەتایبەتی کەسوکاری شەهیدان و بریندارانمان دەکەین."
ئەردۆغان جەخت لەوە دەکاتەوە ئەوان لە ڕێگای ئەو میکانیزمەی لەژێر چاودێری دامەزراوەی هەواڵگریی تورکیا (میت) و سوپای تورکیا پێک هێندراوە، بە وردی چاودێری پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە دەکەن.
ئاک پارتی، مەهەپە و دەم پارتی سوورن لەسەرخستنی پرۆسەکە
سەرکۆماری تورکیا سەرنجیش دەخاتە سەر ئەوەی کە ئەوان وەک ئاک پارتی، مەهەپە و دەم پارتی سوورن لەسەر سەرخستنی پرۆسەکە.
ئەردۆغان تیشکیشی خستە سەر ئەوەی ئەوان ڕێز لە هەموو جۆرە بۆچوونێک دەگرن بە ئەرێنی و نەرێنییەوە، بە مەرجێک بابەتەکە نەکرێتە ئامراز بۆ ململانێی ئایدۆلۆژی و سیاسی.
دەویسترێت تورکیا بە ململانێی ناوخۆییەوە سەرقاڵ بکرێت
سەرکۆماری تورکیا بە ئاماژەدان بەوەی کە کارتەکان لە جیهان جارێکی دیکە تێکەڵ دەکرێنەوە، دەڵێت: "بۆ ئەمەیش دەویسترێت بە سەرقاڵکردنی تورکیا بە پرسە ناوخۆییەکانی خۆیەوە، لە دەرەوەی ئەم شەپۆلی گۆڕانکارییانەدا بهڵێدرێتەوە. دەزانین بەرەنگاری کام جۆرە هێزانە دەبینەوە. ئێمە بەرامبەر ئەوانە دەوەستینەوە کە داردەستەکان دەجوڵێنن، نەک داردەستەکانیان".
سەرکۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەیشدا لەم قۆناغە نوێیەدا کە گۆڕانکارییەکان شێوەیان پێ دەدرێتەوە بەرپرسیارێتیی گرنگ دەکەوێتە سەرشانی تەواوی پارتە سیاسییەکان نەک تەنیا ئاک پارتی، مەهەپە و دەم پارتی.