چەند چەکدارێکی دروزەکان
سبەی
پارێزگای سوەیدا جارێكی دیكە بوەوە مەیدانی شەڕی نێوان حكومەتی نوێی سوریا و هێزەكانی سەر بە دروزەكان، بەپێی روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ لە پاشنیوەڕۆی ئەمرۆوە شەڕی سەخت دەستیپێكردووە و كوژراو و بریندار لە هەردوولا هەن.
روانگەی سوریا بۆ مافەكانی مرۆڤ ئاماژەی بەوەكردووە، لە دەروازەی پارێزگای سوەیدا و بەدیاریكراوی لەنزیك گوندی "سورە كەبیرە" لە باكوری پارێزگاكە، گروپێكی چەكداری هۆزەكان كە پێكهاتەی دروزن هێرشیان كردووەتەسەر خاڵی پشكنینی ئەمنیی ناوخۆیی حكومەتی سوریا.
بەوتەی سەرچاوەكانی ناوخۆیی سوریا، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە جموجوڵی نائاسایی هێز كۆكردنەوە هەبووە و حكومەتی سوریا هێزێكی زۆری هێناوەتەسەر رێگەی دیمەشق- سوەیدا، لە دیارترینیشیان میحوەری شارۆچكەی "بەراق" لە دەوروبەری دیمەشق، رێگاكانی هاتوچۆش بەرووی هاوڵاتیان داخراون، ئەمەش دوودڵی و ترسی لە ناوچەكە لێكەوتووەتەوە.
بەهۆی پێكدادانی نێوان هێزە ئەمنیەكانی حكومەتی سوریا و گروپە چەكدارە دروزەكان كە سەر بە چەند هۆزێكن، هەشت كەس كوژران و 30 كەسیش برینداربوون.
تائێستاش پێكدادانەكان بەردەوامن، حكومەتی سوریا هێز لە سوەیدا كۆدەكاتەوە و گروپە چەكدارەكانی سەر بە هۆزەكانیش هێزی زیاتر دەهێننە ناوچەكە.
پێكدادانەكە لەكاتێكدا سەریهەڵداوە كە هەریەك لە گروپەكانی سەر بە دروزەكان و حكومەتی سوریا لە چەند خاڵێكی پشكنین كەسی سەر بە یەكتریان دەستگیركردووە، بەڵام لایەنی دەستپێشخەر بەوتەی میدیا ناوخۆییەكان گروپەكانی سەر بە دروزەكان بوون كاتێك لە خاڵێكی پشكنین لە ناوچەی "مسمیە" گەنجێكیان دەستگیركردووە و ئەشكەنجەیان داوە، دواتریش كە ئازادیان كردووە لە دۆخێكی تەندروستی ناجێگیردا بووە.
لەبەرامبەردا هێزەكانی سەر بە حكومەتی سوریا ئەندامێكی هۆزەكانی دروزەكانیان دەستگیركردووە، ئەمەش رووداوەكانی گەیاندە ئاستێك جارێكی دیكە پێكدادانی چەكداری نێوان حكومەتی سوریا و دروزەكانی بەدوای خۆیدا هێنایەوە.
دوو مانگ لەمەوبەر، پێكدادانی توند لە نێوان هێزەكانی حكومەتی نوێی سوریا و دروزەكان لە سنووری دیمەشقی پایتەختی سووریا سەریهەڵدا، بەپێی ئامارەكان دەیان كەس كوژراون.
گرژی و ئاڵۆزییەكان دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارێكی دەنگیی "شێخێك" ی دروزەكان لە سوریا سەریهەڵدا، هەرچەندە تۆمارەكە ساختەبوو، بەڵام بەهۆی هێرشێكی گروپێكی چەكدار بۆسەر بنكە ئەمنییەكان لەناوچەی سەحنایا 11 كەس لە هێزە ئەمنیەكانی حكومەتی دیمەشق كوژران و دواتریش پێنج ئەندامی دیكەی ئەو هێزانە كوژران.