"فیدراڵیزم چارەسەرە"؛ پەیمانگەیەکى ئەمەریکى: سوریا پێویستە شوێنپێی عێراق هەڵبگرێت

#عێراق#سوریا#هەرێمی کوردستان#رۆژئاوای کوردستان
4 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش یەک کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
جێگر تەیب
پوختە :
  • هاوشێوەى عێراق فیدراڵیزم بۆ سوریا چارەسەرە و پێویستە ئەو وڵاتە سود لە ئەزموونى عێراقى دراوسێی وەربگرێت کە بەهۆیەوە کێشەکانى پەیوەست بە دابەشبوون و یەکێتى وڵاتەکەیان پاراست، ئەوەش بەپێی راپۆرتێكی پەیمانگەی برۆکینگس-ی ئەمەریکى
Primary Asset

کۆمەڵێک گەنجی سوری لەسەر تانکێکی تێکشکاو

سبەی

هاوشێوەى عێراق فیدراڵیزم بۆ سوریا چارەسەرە و پێویستە ئەو وڵاتە سود لە ئەزموونى عێراقى دراوسێی وەربگرێت کە بەهۆیەوە کێشەکانى پەیوەست بە دابەشبوون و یەکێتى وڵاتەکەیان پاراست، ئەوەش بەپێی راپۆرتێكی پەیمانگەی بروکینگس-ی ئەمەریکى.

لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، هەرچەندە دیمۆگرافیای عێراق و سوریا جیاوازە، هەردوو وڵاتەکە لە رووی پێکهاتەی نەتەوەیی و ئاینییەوە فرەیین، بەڵام خاڵی هاوبەشیان ئەوەیە هەردوو وڵات لە حوکمی بەعسیزم رزگاریان بووە. دوای رژێمی سەدام حسێن لە عێراق، عێراقییەکان بە هاوکاریی ئەمەریکا سیستمی سیاسی فیدراڵیان جێبەجێکرد و ئةو ولآتة تا رادەیەکی باش سەقامگیر بووە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێستای سوریا فیدراڵیزم رەتدەکەنەوە و وڵاتەکە زیاتر بەرەو ناوەندێتی دەبەن.

وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بارودۆخی عێراق دوای رژێمی سەدام، زۆر ناسەقامگیر بوو، رۆژانە لە شارەکانی عێراق چەندین کردەوەی خۆکوژی لەلایەن رێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە ئەنجام دەدرا، بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو ئاڵنگارییانە، عێراق توانی ریفراندۆم بکات بۆ دەستوور و هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانیش ئەنجامدرا. ئەوەش جگە لەوەی هەر لە 1992ـەوە لە هەرێمی کوردستان توانیان هەڵبژاردن بکەن و حکومەتی خۆیان پێکبهێنن.

ئاماژە بەوەشکراوە، سوریا بەشوێنپێی عێراقدا ناڕوات، لە دەستووردا مافی پێکهاتەکان پێشێل دەکات و هێرشیان دەکاتە سەر.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، بۆ عێراق فیدراڵیزم سیستمێکی نوێ بوو، هەروەها لە جێبەجێکردنیدا عێراق رووبەڕووی ئاڵنگاریی دەبوویەوە. سەرەڕای ئاڵنگارییەکان، لە دەستووردا مافی پێکهاتەکان بە شێوەیەکی باش پارێزراو بوو، بە تایبەت کورد. 

بەپێی راپۆرتەکەى پەیمانگەی بروکینگز، ئەمڕۆ سوریا رووبەڕووی هەمان ئاڵنگاریی عێراق دەبێتەوە. وەک عێراق، لە ئێستادا کوردانی رۆژئاوانی کوردستان، سیستمێکی خۆبەڕێوبەرییان هەیە، هاوشێوەی هەرێمی کوردستان، زۆر قورسە رۆژئاوای کوردستان قایلبکرێن بە دەستهەڵگرتن لە مافەکانیان.

کۆبوونەوەکانی نێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات، وەک نوێنەری رۆژئاوای کوردستان و ئەحمەد شەرع سەرۆکی سوریا راوەستاون، چونکە ئەو دوو لایەن رێککناکەون. شەرع داوای ناوەندێتی دەکات، مەزڵوم رەتی دەکاتەوە.

بەپێی راپۆرتەکەی پەیمانگەی برووکینگز، لە باشترین فۆرمیدا، فیدراڵیزم دەتوانێت مافە جیاوازەکانی پێکهاتەکان بپارێزیت و حکومەتێکی بەهێزی لۆکاڵی و کارامەی دروستبکرێت. فیدراڵیزم رێگە بە حکومەتە لۆکاڵییەکان دەدات، خۆیان بە کاری ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان ئەنجامبدەن بەبێ ئەوەی پێوستیان بە رەزامەندی پایتەخت هەبێت. بە ئەو رێگەیە، فیدراڵیزم دڵنایی لە ژیانێکی باشتر و مافەکانی هاوڵاتیبوون بپارێزرێت.

لە راپۆرتەکەی برووکینگزدا هاتووە، لە رووی مێژووییەوە فیدراڵیزم گرنگە بۆ گرووپە پەراوێزخراوەکان. بەپێی دەستووری عێراق، ژمارەیەک پێکهاتە و زمان، هەروەها زمانی کوردی بە فەرمی ناسێنراوە. ئەوانەش رەنگە وەک هەڵوێستێکی بچووک دەربکەوێت، بەڵام رەنگدانەوەی پابەندبوونی دەوڵەتە بە پاراستن و ناساندنی زمان و پێکهاتە جیاوازەکان کە ساڵانێک لەلایەن رژێمە یەکلەدوایەکەکانی عێراقەوە رووبەڕووی چەساندنەوە و جێنۆساید بوونەتەوە. وادەردەکەوێت حکومەتی کاتی سوریا، نکوڵی لە ئەو هێما سیموبۆلیانە بکات، بەڵگەش لەسەر ئەوە نەناساندنی نەورۆزە وەک پشووی فەرمی لە سوریا.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی