
سبەى
دەسەڵاتدارانى تەندروستی ئێران ئاشکرای دەکەن شێوازی ئالودەبوون بە ئایدز "گۆڕانکارییەکی گەورەی" بەسەردا هاتووە و حاڵەتەکانی تووشبوون لە ڕێگەی دەرزی پیسەوە کەمیکردووە، لە بەرانبەردا ئالودەبوون بە ئایدز لە ڕێگەی پەیوەندی سێکسییەوە زیادیکردووە.
لە ساڵانی رابردوو تووشبوون بە ئایدزلە ناو هاوڵاتییانی ئێراندا بە تایبەت لە ناو ژنان لە هەڵکشاندابووە و لە ئێستادا شێوازەکانی ئالودەبوونی هاوڵاتیان بەو نەخۆشییە کوشندەیە "گۆرانکاری گەورەى" بەسەردا هاتووە، ئەوەش بەپێی پێگەى بی بی سی فارسى.
"لە ئێران تووشبوون لە ڕێگەی پەیوەندی سێکسییەوە لە زیادبووندایە"
بە گوێرەی ئامارە فەرمییەکانی وەزارەتی تەندروستی ئێران سەبارەت بە تووشبوون بە ئایدز لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2025دا دەردەکەوێت کە تووشبوون لە رێگەی پەیوەندی سێکسییەوە لە زیادبووندایە و لەبەرانبەردا ئالودەبوون لە ڕێگەی دەرزى پیسەوە کەمیکردووە.
بەپێی ئامارەکان لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2025 بە بەراورد لەگەڵ ئامارە گشتییەکانی 10 ساڵی ڕابردوو، حاڵەتەکانی تووشبوون بە هەوکردن لە ڕێگەی دەرزی پیسەوە لە 52% بۆ 7% کەمیکردووە لە بەرانبەردا هەوکردن لە ڕێگەی پەیوەندی سێکسییەوە لە 29.3% بۆ 64% زیادیکردووە.
"لە سەدا 31ی ئەو کەسانەی تووشی ئایدز بوون ژنن"
لە ئێران لە سەدا 19ی ئەو کەسانەی کە تووشی ئایدز بوون ژنن و ئامارەکان دەریدەخەن لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا لەسەدا 31ی ئەو کەسانەی تووشی ڤایرۆسی ئایدز بوون ژن بوون، ئەمەش گۆڕانی شێوازی تووشبوون بە ئایدز پشتڕاست دەکاتەوە.
ژمارەی تووشبوان بە ئایدز لە ئێران گەیشتوەتە زیاتر لە 25 هەزار کەس"
لادەن عەباسیان، بەرپرسی ناوەندی لێکۆڵینەوەی ئایدز لە ئێران لە وتووێژێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی تەسنیم رایگەیاند، لە 6 مانگی یەکەمی ساڵی 2025دا، ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئێران تووشی ئایدز بوون گەیشتووەتە 25 هەزار و 870 کەس.
ئاماژەی بۆ ئەوەش دەکات کە زۆرێک لە تووشبووانی ئایدز لە ئێران پێیان وایە پەیوەندییەکی سێکسی دەرەوەی هاوسەرگیری دەبێتە هۆی تووشبوون بە ئایدز و ئەگەر کەسێک لە رێگەی شەرعییەوە (سیغە) پەیوەندی سێکسی بکات ئەوا تووشی ئایدز نابێت.
لەلایەکی دیکەوە باوەڕێکی هەڵە کە دەڵێت تەنها پیاوانی هاوڕەگەزباز و ژنانی کرێکاری سێکسی مەترسی تووشبوونیان بە ئایدز هەیە دەبێتە هۆی ئەوەی خەڵک پێویستی پشکنینی ڤایرۆسی ئایدز نەبینن و تەنانەت لەگەڵ ڤایرۆسە شاراوەکەدا بۆ ساڵانێک بژین و ڤایرۆسەکە بەبێ ئاگاداری بگوازنەوە بۆ کەسانی دیکە.
"لە ساڵی 2024 ڕۆژانە 570 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ئایدز لە جیهان تۆمارکراوە"
بەرنامەی هاوبەشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئایدز (یوان ئایدز) لە بەیاننامەی ساڵانەی خۆیدا هۆشداری داوە کە کەمکردنەوەی بودجەی جیهانی بۆ بەرنامەکانی ئایدز بووەتە هۆی گەورەترین پاشەکشەی بەرنامەکانی پێشگیری لە تووشبوونی ئایدز لە ماوەی دەیان ساڵی رابردوودا.
دەشڵێت"دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دوای هاتنەوە سەر دەسەڵات بەشێکی بەرچاو لە بودجەی بەرەنگاربوونەوەی ئایدزی لە جیهاندا بڕیوە و ئەوەش مەترسی گەورە بۆ پەرەسەندنی ئالودەبوون بە ئایدز بە یتایبەت لە وڵاتانی ئەفریقی و دواکەوتوو لێکەوتووەتەوە"
بەگوێرەی ئەو ڕێکخراوە، نەگەیشتن بەو ئامانجانەی کە تا ساڵی 2030 دانراون، ڕەنگە ببێتە هۆی تووشبوون بە 3.3 ملیۆن تووشبووی نوێی ئایدز.
بەپێی ئاماری یوان ئایدز هەڵوەشاندنەوەی بەرنامەکانی خۆپاراستن لە ئایدز کە بۆ ژنانی گەنج لە سەرانسەری جیهان داڕێژراون، ژمارەی تووشبوان بە ئایدز زیاتر دەکات.
بەگوێرەی ئاماری ڕێکخراوەکە، تەنها لە ساڵی 2024 ڕۆژانە 570 حاڵەتی نوێی تووشبوون بە ئایدز لەسەر ئاستی جیهان لە نێوان ژنان و کچانی تەمەن 15 بۆ 24 ساڵدا تۆمارکراوە، ڕێکخراوەکە دەڵێت "ژنان و کەمینە سێکسی و ڕەگەزییەکان زیاتر مەترسی تووشبوونیان بە ئایدز بە تایبەت لەو وڵاتانەی کە ڕێز لە مافەکانی مرۆڤ ناگیردرێت لەسەرە".
