دیمەنێکی دیمەشق
سبەی
دوو سەرچاوەی فەڵەستینی بۆ ئاژانسی فرانس پرێس ئاشكرایانكردووە، چەند سەرکردەیەکی گروپە فەڵەستینیەكان كە پێشتر نزیكبوون لە رژێمی پێشووی سوریا و لەلایەن ئێرانیشەوە پشتیوانی دەكران، سوریایان جێهێشتووە، دوای ئەوەی دەسەڵاتدارانی سوریا "تەنگیان پێهەڵچنیون".
یەكێك لە بەرپرسانی ئەو گروپە فەڵەستینیانە كە دیمەشقی جێهێشتووە، بەو مەرجەی ناوی نەهێنرێت قسەی بۆ فرانس پرێس كردووە و دەڵێت "زۆربەی بەرپرسانی گروپە فەڵەستینیەكان كە پێشتر لەلایەن دەسەڵاتی پێشووی سوریا و ئێرانەوە پشتیوانی دەكران دیمەشقیان جێهێشتووە و بەرەو چەند وڵاتێك چوون لەوانەش لوبنان".
ئەو بەرپرسەی یەكێك لە گروپە فەڵەستینیەكان دەشڵێت "ئەو بەرپرس و چەكدارە فەڵەستینانەی لەناو سوریا بوون پاش رووخانی رژێمەكەی ئەسەد چەكەكانیان رادەستی دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا كردووە". ئەم قسەیەش بەرپرسێكی دیكەی فەڵەستینیش لە سوریا پشتڕاستی كردووەتەوە.
مانگی رابردوو، چەند سەرچاوەیەكی فەڵەستینی لە دیمەشق ئەوەیان ئاشكراكردبوو، هێزە ئەمنییەكانی دەسەڵاتی نوێی دیمەشق دوو سەركردەی بزوتنەوەی "جیهاد" ی فەڵەستینیان بەناوەكانی خالید خالید و ئەبو عەلی یاسر دەستگیركردووە.
دەستگیركردنی ئەو دوو سەركردەیەی بزوتنەوەی جیهادی فەڵەستینی، تەنها دوای 48 كاتژمێر بوو لە سەردانی مەحمود عەباس سەرۆكی دەسەڵاتی فەڵەستین بۆ دیمەشق و چاوپێكەوتنی لەگەڵ ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریا.
بەپێی هەواڵی چەند میدیایەكی سوری، "خالید و یاسر" تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئێرانیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی دیمەشقەوە خراوەتەپاڵ.
مانگێك لەمەوبەر، "یەكینەكانی قودس" كە باڵی سەربازیی بزوتنەوەی "جیهادی ئیسلامی" یە ڕایگەیاند، خالد خالد بەرپرسی بزوتنەوەكە لە سوریا و یاسر زەفری بەرپرسی لیژنەی ڕێكخستنی ئەو بزوتنەوەیە پێنج ڕۆژە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سوریاوە دەستگیركراون.
ئەوەشی خستەڕوو "دەسەڵاتدارانی دیمەشق بەبێ ئەوەی هۆكارەكەی ڕوون بكەنەوە ئەو دوو سەركردەیەی جیهادی ئیسلامییان دەستگیركردووە، بە ڕێگایەكیش كە ئومێدی ئەوەمان نەبوو لە براكانمانی ببینین". داواشی كرد هەرچی زووە هەردوو سەركردەكەیان ئازاد بكرێن.
ئەوكات بەرپرسێكی وەزارەتی ناوخۆی سوریا بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز، دەستگیركردنی ئەو دوو سەركردەیەی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستینییان پشتڕاستكردووەتەوە، بەبێ ئەوەی هۆكاری دەستگیركردنەكەیان ئاشكرا بكات.
زانیاریی لەبارەی بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی
بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی یەكێكە لە "گرنگترین" گروپە چەكدارییەكانی فەڵەستین كە ڕێكخستنێكی نهێنی و ئاڵۆزیان هەیە، ئەویش هەم لەڕووی ئایدۆلۆجی و هەم مێژوەوە، ئەمەریكا و یەكێتی ئەوروپا وەك ڕێكخراوێكی تیرۆریستی ناساندوویانە، دووەم گەورەترین بزوتنەوەی چەكدارییە لە كەرتی غەززە و سێیەم گەورەترینە لە كەرتی ڕۆژئاوای فەڵەستین.
هەرچەندە یەكەم ڕاگەیەندراوی ئەو بزوتنەوەیە لە ساڵی 1987 بووە، بەڵام پێشتر بە نهێنی دامەزراوە و دەوترێت لە غەززە و لە ساڵی 1981 لەسەر دەستی چەند خوێندكارێكی فەڵەستینی دروستكراوە، كە هەرگیز پێشتر چەكیان هەڵنەگرتووە، بەڵام لەناكاو دەستیان دایە چەك دژ بە ئامانجەكانی ئیسرائیل لە ساڵی 1984 ، ئەمەش پێش پێنج ساڵ لە دەركەوتنی بزوتنەوەی حەماس.
بزوتنەوەكە بەهۆی سروشتی هێرشەكانی و توندوتیژی لە كردەوەكانیدا دژ بە ئیسرائیل بووەتە جێی مشتومڕ، دروشمەكەشی "ئیسلام، جیهاد، فەڵەستین" ە. تائێستاش سورە لەسەر سێ نەخێرەكەی ئەوانیش "نا بۆ گفتوگۆ" و "نا بۆ چارەسەری دوو دەوڵەت" و داننەنان بە ئیسرائیل.
بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی، لە چەقی ڕووداوەكاندایە
لە هەموو دۆخەكاندا، بزوتنەوەی جیهادی ئیسلامی، ئەمڕۆ لە چەقی ڕووداوەكاندایە، لەكاتێكدا پێشتر باسی ئەوەدەكرا بەشێكیان نزیكن لە ئیخوان و بەشێكیشیان دژین، بەڵام ئێستا بە ڕێكخستنێكی نزیك لە ئێران هەژمار دەكرێت، چونكە بەپێی ڕاپۆرتەكانی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئیسرائیل، ئێران هەم چەك و هەم پارەشیان پێدەدات، جگە لەوەی باس لە "شیعە" بوونی بەشێك لە سەركردەكانی دەكرێت، سەرەڕای ئەوەش هەماهەنگییان لەگەڵ حەماس نەپچڕاوە، پێشتریش لەگەڵ حەماس هەڵوێستیان لەبەرامبەر "شۆڕشی سوریا" یەك بوو، جیهادی ئیسلامی سودی لە ڕژێمی پێشووی سوریا وەرگرتبوو بەهۆی ئەوەی ئاسایشی بۆ مانەوەیان دابین كردبوو، لەكاتێكدا حەماس بەهۆی میزاجی نزیك لە ئیخوان موسلیمین لە ڕژێمی سوریا دووركەوتەوە.
حەماس و جیهاد پێكەوە هێرشی حەوتی ئۆكتۆبەری 2023 یان بۆسەر ئیسرائیل ئەنجامدا
سەرەڕای هەموو ئەو جیاوازیانە، حەماس و جیهاد پێكەوە هێرشی حەوتی ئۆكتۆبەری 2023 یان بۆسەر ئیسرائیل ئەنجامدا و چەندین ئیسرائیلییان بە بارمتەگرت.
لەگەڵ هاتنەسەر دەسەڵاتی ئەحمەد شەرع لەسوریا بە پشتیوانی گروپەكانی ئۆپۆزسیۆن، زیاتر پرسەكان ئاڵۆزبوون، بەوپێیەی زۆرێك لە ڕاپۆرتەكان ئاماژە بەوەدەكەن شەرع دەیویست ڕێككەوتنی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل بكات و لە حەماس و هاوشێوەكانی دووربكەوێتەوە، دیداریشی لەگەڵ مەحمود عەباس سەرۆكی دەسەڵاتی فەڵەستینی هەر لەو چوارچێوەیەدا دێت.
"بەدوور نییە لە میزاجی سیاسی شەرع"
دەستگیركردنی دوو سەركردەی جیهادی ئیسلامی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئیدارەی نوێی سوریا بەدوور نییە لە میزاجی سیاسی شەرع، كە بە ڕوونی دەیەوێت پەیوەندییەكانی لەگەڵ ئێران بپچڕێنێت، ئامانجیەتی لەو ڕێگەیەوە پشتیوانی هەرێمیی و نێودەوڵەتی بۆ سوریا بەدەست بهێنێت، لەوانەش هەڵگرتنی سزاكان و پەیداكردنی پارە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی سوریا و دەوڵەتەكەی لەدوای شەڕێكی وێرانكاریی كە 14 ساڵ بەردەوام بوو و ئێستاش ئاگرەكەی خامۆش نەبووە.
بەڵام دەستگیركردنی ئەو دوو سەركردەیەی جیهاد بەو مانایە نایەت كە ئەحمەد شەرع هەمان كار بەرامبەر حەماس لە سوریا دەكات، لانیكەم لەماوەی داهاتوودا، وەك ئەوەی موهەنەد حاجی عەلی جێگری بەڕێوەبەری ناوەندی كارنیگی بۆ پێگەی "حوڕرە" ئاماژەی پێداوە، بەڵكو دەڵێت " شەرع پەیوەندی مێژوویی لەگەڵ حەماس دەپارێزێت كە نوێنەرایەتی درێژكراوی پەیوەست بە ئیخوان موسلیمین دەكات".
"ئەگەر شەرع حەماسیش بفرۆشێت بە تەئكید داوای نرخێكی زۆر دەكات"
بەوتەی ئەو پسپۆڕە "ئەگەر شەرع حەماسیش بفرۆشێت بە تەئكید داوای نرخێكی زۆر دەكات بۆ ئەوە، بەڵام حەماس نایەوێت شەرع ئیحراج بكات و پابەند دەبێت بەوەی كە دەسەڵاتی نوێی سوریا لەو وڵاتە دەیەوێت، تەنانەت ئەگەر پچڕانی پەیوەندیش بێت لەگەڵ ئێران، جگە لەوەی دەكرێت حەماس لە داهاتوودا ڕۆڵی هەبێت لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی ئێران و دەسەڵاتی نوێی سوریا".
بڵاوبوونەوەی ئەو زانیارییانە لەكاتێكدان، ئاژانسی ڕۆیتەرز دوو مانگ لەمەوبەر بڵاویكردەوە، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لیستێكی مەرجی پێشكەش بە دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا كردووە كە پێویستە پێیەوە پابەند بن تا سزاكانیان لەسەر سوك بكات، كە وەك ڕۆیتەرز ئاماژەی پێداوە یەكێك لە مەرجەكان پەیوەستە بە دووركەوتنەوەی دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا لەو گروپە فەڵەستینیانەی ئێران پشتیوانییان دەكات.