راهێنان لەیەکێک لە کۆلێژە سەربازییەکان
سبەی
سەرۆكایەتی ئەركانی سوپای عێراق رایگەیاند، گۆڕانكارییان لە خشتەی كاتی راهێنانی خوێندكارانی كۆلێژی سەربازیی ئەنجامداوە، ئەوەش دوای گیانلەدەستدانی دوو خوێندكار.
وەزارەتی بەرگریی عێراق، رۆژی چوارشەممەی رابردوو رایگەیاند:"یەكێك لەو خوێندكارانە لە كۆلێژی سەربازیی پارێزگای زیقار بەهۆی گەرما و بەركەوتنی تیشكی خۆر بۆ ماوەیەكی زۆر، تەندروستی تێكچووە و گیانی لەدەستداوە، چەند خوێندكارێكیش خراونەتە ژێر چاودێری تەندروستییەوە".
بەپێی هەواڵی میدیای عێراقی، بەهۆی گیانلەدەستدانی ئەو دوو خوێندكارە و تێكچوونی تەندروستی چەند خوێندكارێكەوە، سەرۆكایەتی ئەركانی سوپای عێراق بریاریداوە لە نیوەڕوانی هاویندا بەهیچ شێوەیەك راهێنانی سەربازیی ئەنجام نەدرێت، هاوكات خشتەی راهێنانەكانیش گۆڕانكارییان تێدا بكرێت، بەشێوەیەك لەكاتژمێر شەشی بەیانی تا 10 ی پێشنیوەڕۆ و پاشانیش لە پێنجی ئێوارە بۆ نۆی شەو راهێنان ئەنجام بدرێت.
ئەو بڕیارە لەكاتێكدایە، دوای گیانلەدەستدانی دوو خوێندكار بەهۆی گەرمای زۆر لەكاتی راهێنانی سەربازییدا، محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاریدابوو لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە پێكبهێنێت و ئەوانەی كەمتەرخەم بوون سزا بدرێن، سەرئەنجام هەریەك لە سەرۆكی ئەكادیمیای سەربازیی و یاریدەدەرەكانی، لەگەڵ راگری كۆلێژی چواری سەربازیی و بەرپرسی ئەو فەوجە تایبەتەی دوو خوێندكارەكەی تێدا مردوون، لەكارەكانیان دووربخرێنەوە".