ئەحمەد شەرع و تۆماس باراک
سبەی
نێردەی ئەمەریكا بۆ سوریا لە توركیا چاوی بە ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریا كەوت، ستایشی هەنگاوەكانی شەرعی سەبارەت بە پەیوەندیەكان لەگەڵ ئیسرائیل و چەكدارانی بیانی كرد. ئەمەش یەكەم كۆبوونەوەی بەرپرسێكی باڵای ئەمەریكایە لەگەڵ سەرۆكی سوریا پاش هەڵگرتنی سزاكان.
تۆماس باراك، نێردەی ئەمەریكا بۆ سوریا، ئەمڕۆ شەممە لە ئیستانبوڵ چاوی بە ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریا كەوت، دواتریش لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند:"ئەمڕۆ لە ئیستانبوڵ چاوم بە ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریا و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە كەوت، بۆ جێبەجێكردنی بریاری ئازایانەی سەرۆك ترەمپ بۆ كردنەوەی رێگای ئاشتی و پێشكەوتن لە سوریا".
باراك وتیشی "جەختم كردەوە كە هەڵگرتنی سزاكان دەبێتەهۆی پاراستنی ئامانجە بنەڕەتیەكەمان، كە ئەویش تێكشكاندنی هەمیشەیی داعش و پێشكەشكردنی هەلی داهاتوویەكی باشتر بۆ گەلی سوریا".
نوێنەرەكەی ترەمپ ستایشی هەوڵەكانی ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریاشی كرد "كە هەنگاوی بەرجەستەی ناوە بۆ جێبەجێكردنی ئامۆژگارییەكان سەرۆك ترەمپ، پەیوەست بە چەكدارانی بیانی و بەرەنگاربوونەوەی داعش و پەیوەندیەكان لەگەڵ ئیسرائیل، هەروەها زیندان وكامپەكانی باكور و رۆژهەڵاتی سوریا".
تۆماس جەختیشی لە پابەندی ئەمەریكا كردەوە "بۆ كاركردنی هاوبەش لەپێناو گەشەپێدانی وەبەرهێنان لە كەرتی تایبەت لە سوریا و دووبارە بنیاتنانەوەی ئابوری".
لەلایەن خۆیەوە، سەرۆكایەتی كۆماری سوریا بڵاویكردەوە:"هەریەك لە ئەحمەد شەرع سەرۆكی سوریا و ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوە، لە پەراوێزی سەردانەكەیان بۆ توركیا و كۆبوونەوە لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، چاویان بە تۆماس باراك نوێنەری تایبەتی سەرۆكی ئەمەریكا بۆ سوریا كەوتووە".
رۆژی هەینی، ئەمەریكا هەلێكی یەكساڵەی پێشكەش بە سوریا كرد، ئەویش بە سوككردنی بەشێكی سزاكانی سەر ئەو وڵاتە، ئەمەش بەپێی راگەیەندراوی پێگەی ئەلكترۆنی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكا.
هەفتەی رابردوو، سەرۆكی ئەمەریكا لەمیانی سەردانەكەی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ریازی پایتەختی سعودیە بە ئامادەبوونی محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنشینی سعودیە، چاوی بە ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریا كەوت، هەر لەو سەردانەشدا بڕیاریدا سزاكانی سەر سوریا هەڵبگرێت.