"ساختەكاری كراوە"؛ وتەبێژی كۆنفرانسی دامەزراندنی گۆڕان: كۆمسیۆن لەداهاتوو هەر بریارێك بدات پێوەی پابەندین

#کوردستان#گۆڕان#کۆنفرانس
10 کاتژمێر لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 10 کاتژمێر نوێ کراوەتەوە
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • ئەمڕۆ بڕیاربوو كۆنفرانسی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە هۆڵی ئاشتی لە سلێمانی بەڕێوەبچێت، بەڵام لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە كۆنفرانسەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.
Primary Asset

عەبدوڵڵا چۆمانی

سبەی

وتەبێژی كۆنفرانسی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان، لە كۆنفرانسەكە "بە بەڵگەوە ساختەكاری ئەنجامدراوە، هێزی چەكدار و كادیری لایەنی سیاسی بەشداربوون تێیدا، بۆیە كۆنفرانسەكە گرفتی تێكەوت و دواخرا".

ئەمڕۆ بڕیاربوو كۆنفرانسی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان لە هۆڵی ئاشتی لە سلێمانی بەڕێوەبچێت، بەڵام لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە كۆنفرانسەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخرا.

بەشێك لە بەشدارانی كۆنفرانسی ئەمرۆی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ   پەیامنێری "سبەی" قسەیان كردووە و یەكێكیان دەڵێت "بوو بە گرژی و ئاڵۆزی و كۆمسیۆن بڕیاریدا كۆنفرانسەكە دوابخات، خەڵكێكی زۆر هێنرابوویە ژوورەوە كە مافی بەشداریكردنیان نەبوو".

یەكێكی دیكە لە بەشدارانی كۆنفرانس بۆ "سبەی" دەڵێت "بەشدارانی كۆنفرانس زیادیانكردبوو بۆیە خەڵك قبوڵی نەكرد".

هەر لەوبارەیەوە، عەبدوڵڵا چۆمانی، وتەبێژی كۆنفرانسی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە مەكۆی سەرەكی لە گردی زەرگەتەوە لە سلێمانی رایگەیاند:" لە كۆنفرانسی ئەمڕۆ بە بەڵگەوە ساختەكاری ئەنجامدراوە، هێزی چەكدار و كادیری لایەنی سیاسی بەشداربوون تێیدا، بۆیە كۆنفرانسەكە گرفتی تێكەوت، دواجاریش ئێمە كۆنفرانسەكەمان جێنەهێشت، بەڵام لەلایەن كۆمسیۆنەوە هۆڵەكە چۆڵكرا".

وتیشی:"كۆمسیۆن هیچ بڕیارێكی یەكلاكەرەوەی لەبارەی زۆرینەی رەهاوە نەدا، جگە لەوەی كۆمسیۆن گرفتی تەكنیكی هەبوو كە واژۆ و ئامادەبوویان پێ جیا نەدەكرایەوە، جگە لەو كێشەیەی كە لەنێوان هێزە ئەمنیەكان و هەڵسوڕاوێكی گۆڕان دروستبوو، سەرئەنجام كۆنفرانسەكە بەپێی بەرنامەیەكی رێكخراو شكستیهێنا".

وتەبێژی كۆنفرانسی دامەزراندنی بزوتنەوەی گۆڕان دەشڵێت "لەچوارچێوەی یاسا بەركارەكان كۆمسیۆن لەداهاتوو هەر بڕیارێك بدات ئێمە پێوەی پابەندین".

مانگێك لەمەوبەر، بزوتنەوەی گۆڕان راگەیەندراوێكی فەرمیی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: بەهۆی تەواونەكردنی رێژەی یاسایی بۆ ئەنجامدانی كۆنفرانسی نیشتیمانی، بە هیچ شێوەیەك هیچ كەسێك بۆی نییە بە ناوی رێكخەر، بزوتنەوەی گۆڕان و لۆگۆی گۆڕان قسە بكات و هیچ كارێك ئەنجام بدات”.

‏‎بەپێی راگەیەندراوەكە: لە كۆنفرانسی نیشتیمانیدا، رێژەیی یاسایی (نصاب القانونی) ئەندامانی دەستەی گشتی كە (1064) ئەندامە ئامادە نەبوون و بگرە كەمتر لە 50% ئەو رێژە یاساییە ئامادە بوون. لێرەوە ئێمە ڕایدەگەیەنین:

‏‎یەكەم: بە بڕیار و نووسراوی فەرمی فەرمانگەی پارت و رێكخراوە سیاسیەكان، ژمارە (ش.ح/خ/857)، لە رێكەوتی 26ی 3ی 2025، پاڵپشت بە بە بڕیاری ئەنجومەنی كۆمسیاران ژمارە (1) لە كۆنووسی ئاسایی (9) رێكەوتی 4ـی 3ـی 2025، تایبەت بە دانانی رۆژی كۆنگرەی دامەزراندنی گۆڕان بەشێوەیەك لە 10ـی 4ـی 2025 تێنەپەڕێت و لە چوارچێوەی ئەو ماوەیەدا لە 5ـی 4ـی 2025 لە (گردی زەرگەتە) ئەنجامدا و كۆی مەرجە یاساییەكانی كۆمسیۆن لە پەسەندكردنی بەرنامەی سیاسی، دەستوری ناوخۆی و هەڵبژاردنی ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی ئەنجامدا.

‏‎دووەم: بە فەرمی داوامان كردووە كۆنفرانسی نیشتیمانی بزوتنەوەی گۆڕان كە رێكەوتی 5ـی 4ـی 2025 بە شێوەیەكی یاسایی ئەنجام درا پەسەند بكرێ.

سێهەم: بە نووسراوی فەرمی فەرمانگەی پارت و رێكخراوە سیاسیەكان، ژمارە (ش.ح/خ/957)، رێكەوتی 13ـی 4ـی 2025 و بە بڕیاری (1)، كۆنووسی نائاسایی (48) رێكەوتی 11ـی9ـی 2024 ماوەی شەش مانگی بۆ ئەو بەڕێزانە دانا، پاش پێدانی مانگێكی تریش، لە بەرواری 10ـی 4ـی 2025، ماوە یاساییەكانی كۆمیسیۆن كۆتایی هات. لەسەر ئەم بنەمایەش، ویلایەتی رێكخەری پێشووی گۆڕان و بریكارنامەكەی كۆتایی هاتووە.

‏‎چوارەم: بەهۆی تەواو نەكردنی رێژەی یاسایی بۆ ئەنجامدانی كۆنفرانسی نیشتیمانی، بە هیچ شێوەیەك كەسێك بۆی نیە بە ناوی رێكخەر، بزوتنەوەی گۆڕان و لۆگۆی گۆڕان قسە بكات و هیچ كارێك ئەنجام بدات.

‏‎لە كۆتایی راگەیەندراوەكەشدا هاتووە: جەخت دەكەینەوە كە بەرنامەی سیاسی گۆڕان و دەستوری ناوخۆی و رەوانشاد نەوشیروان مستەفا بنەمای كار و چەتری كاری رێكخراوەیمانە. داوا لە هەموو گۆڕانخوازانی دڵسۆز  دەكەین، بەو بەڕێزانەی لەو كۆنفرانەسەی ئەمڕۆ ئامادەبوون، گردی زەرگەتە ماڵی هەر هەموو ئەو بەرێزانەیە كە رۆژێك بۆ بزوتنەوەی گۆڕان تێكۆشاون، هێڵی سورمان لەسەر هیچ كەسێك نیە كە بڕوای بە گۆڕانكاری و دیموكراسیەتی حزبی هەیە و هەمومان ئەتوانین بەیەكگرتووی و یەكخستنی تواناكانمان بەیەكەوە كار بۆ ئامانجە رەواكانمان بكەین. ئێستا كاتی یەكخستنەوەی تواناكانمانە لە سایەی رێبازی راستەقینەی رەوانشاد نەوشیروان مستەفادا".

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی