بەسەر دیواری ماڵی ترەمپدا سەرکەوت بۆ ئەوەی داوای هاوسەرگیریی لە نەوەیەکی بکات

#رییس#کای ترەمپ#هاوینەهەوار#دۆناڵد ترەمپ#هاوسەرگیریی
2 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
سبەی
پوختە :
  • بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، پۆلیسی ئەمەریکا گەنجێکی تەمەن 23 ساڵی دەستگیرکرد، کە بەسەر دیواری هاوینەهەواری مارالاگۆ سەرکەوتبوو کە تایبەتە بە شوێنی حەسانەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئەوەی داوای هاوسەرگیریی لە نەوەیەکی ترەمپ بکات.
Primary Asset

سبەی

بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە، پۆلیسی ئەمەریکا گەنجێکی تەمەن 23 ساڵی دەستگیرکرد، کە بەسەر دیواری هاوینەهەواری مارالاگۆ سەرکەوتبوو کە تایبەتە بە شوێنی حەسانەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا بۆ ئەوەی داوای هاوسەرگیریی لە نەوەیەکی ترەمپ بکات.

گەنجەکە ئینجیلێکی بەدەستەوە بوو دەیویست خۆی بگەیەنێتە ژوورەکەی کای نەوەی دۆناڵد ترەمپ و دەستی هاوسەرگیریی بۆ درێژ بکات.

گەنجەکە بە ناوی تۆماس رییس، لەلایەن خزمەتگوزاریی نهێنی سەرۆکایەتی ئەمەریکاوە دەستگیرکرا و رادەستی پۆلیسی باڵم بیچی کالیفۆڕنا کراوە.

بەپێی راپۆرتی پۆلیس، رییس بە ئەفسەری لێکۆڵینەوەی پۆلیسی وتووە: ئامانجی ئەوە بووە لە شوێنی مانەوەی دۆناڵد ترەمپ خۆی بگەیەنێتە کای مادیسۆن ترەمپی تەمەن 17 ساڵ و بە پەیامی ئینجیل داوای هاوسەرگیریی لێ بکات.

رییس کەسێکی نامۆ نییە لای خزمەتگوزاریی نهێنی و پۆلیسی ناوچەکە، چونکە چەند جارێکی تریش هەوڵیداوە خۆی بگەیەنێتە شوێنی مانەوەی سەرۆکی ئەمەریکا لە هاوینەهەواری مارالاگۆ، لە شەوی سەری ساڵی رابردودا، ئەوکاتەی دۆناڵد ترەمپ لەناو کۆشکەکەی لەگەڵ خێزان و منداڵ و نەوەکانی سەرقاڵی ئاهەنگی پێشوازیی لە ساڵی نوێ بوون. پۆلیسی ناوچەکە، بە تۆمەتی هەڵکوتانە سەر ماڵان دەستگیری کرد.

پێشووتریش رییس هەوڵیدابوو پەرژینی هاوینەهەوارەکە ببڕێت لە نیوەشەودا، دوای بەرزبونەوەی دەنگی وریاکردنەوە لەلایەن خزمەتگوزاریی نهێنییەوە دەستگیرکرا بەبێ هیچ بەرگرییەک و رادەستی پۆلیس کرا. بەڵام لەوکاتەدا دۆناڵد ترەمپ لە واشنتن و کۆشکی سپی بوو.

سەرەتا لەلایەن پۆلیسەوە بڕی 1000 دۆلار وەک سزاکەی دیاری کرا، دواتر بەرزکرایەوە بۆ 50 هەزار دۆلار، لەکاتی دووبارەکردنەوەی تاوانەکە و سەپاندنی سزای زیاتر تا ئاستی بەندکردن.

تائێستا زانیارییەکی ئەوەتۆ لەسەر کای مادیسۆن ترەمپ، نەوەی گەورەی دۆناڵد ترەمپ نییە، بەڵام ماوەیەکی کەم پێش هەڵبژاردنەوەی دۆناڵد ترەمپ بە سەرۆکی ئەمەریکا، نەوەکەی رایگەیاندبوو: جارێکی دیکە باپیری دەگەڕێتەوە کۆشکی سپی، بەهۆیەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەتایبەتی تۆڕی یوتیوب ملیۆنان گەڕان بۆ ئەو کچە هەرزەکارە تەمەن 17 ساڵە ئەنجامدرابوو.

کای، ئارەزویەکی زۆری لە یاری گۆڵف هەیە، دۆناڵد ترەمپ بە رکابەر و جێگرەوەی خۆی لەو یارییە دایدەنێت و بایەخێکی زۆری پێدەدات.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی