ژمارەی تووشبووان بە تای خوێنبەربوون لە عێراق هەڵدەكشێت

#تای خوێنبەربوون#عێراق
یەک ڕۆژ لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند:" لە پارێزگای زیقاڕ زۆرترین ژمارەی توشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆماركراوە، كە 30حاڵەتە‌، یەكێك لە تووشبووەكانیش گیانی لەدەستداوە".
Primary Asset

دەرمانکردنی چەند ئاژەڵێک بۆ خۆپاراستن لە تای خوێنبەربوون

سبەی

وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ژمارەی توشبووانی تای خوێنبەربوون بۆ 107 حاڵەت بەرزبووەتەوە، لەنێویاندا 16 حاڵەتی گیانلەدەستدان هەیە.

سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق ڕایگەیاند:" لە پارێزگای زیقاڕ زۆرترین ژمارەی توشبوون بە تای خوێنبەربوون تۆماركراوە، كە 30حاڵەتە‌، یەكێك لە تووشبووەكانیش گیانی لەدەستداوە".

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق وتیشی:"ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستی ڕاستەوخۆ سەرۆكایەتی لیژنەی باڵای تەندروستی نیشتمانی دەكات، كە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان لەخۆدەگرێت و بەردەوام چاودێری پرسی نەخۆشییە گوازراوەكان دەكات، دیارترینیان تای خوێنبەربوونە".

بەرپرسەكەی وەزارەتی تەندروستی عێراق، جەختی لە گرنگی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست كردەوە بۆ سنورداركردنی دیاردەی سەربڕینی نایاسایی و لەوەڕاندن و ئاژەڵداری.

لەبارەی ئاماری تووشبوونیشەوە سەیف بەدر وتی " لە سەرەتای ئەمساڵەوە ژمارەی توشبووانی تای خوێنبەربوون لە عێراق بۆ 107 حاڵەت بەرزبووەتەوە، لەنێویاندا 16 حاڵەتی گیانلەدەستدان هەیە".

تای خوێنبەربوون پەتایەكی ڤایرۆسییە و هەندێك نیشانەی پێشوەختەی هەیە، لەوانەش تا و ماندوویەتی و لاوازی هەست كردن بە ناڕەحەتی، ئازاری ماسولكە و جومگەكان، جگە لە سكچوون و ڕشانەوە.

بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی مەترسی بڵاوبونەوەی تای خوێنبەربوون زیاد دەكات، لایەنە تەندروستییەكان هۆشیاریی و رێنمایی دەدەنە هاوڵاتییان كە خۆپارێزیی زیاتر بكەن، بەتایبەتی لەو ناوچانەی نەخۆشییەكەی تێدا بڵاوبووەتەوە.

تای خوێنبەربوون لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، ئەو ڤایرۆسە لە زۆربەی ئاژەڵ و بەشێك لە مێرووەكانیشدا هەیە، پزیشكان ڕێنمایی خەڵك دەكەن دووربكەونەوە لە دەستلێدانی ئاژەڵ و مەڕ و ماڵات، جگە لەوەش ڕێگربن لەوەی مێرووەكان بچنە ناوماڵ و شوێنی كاركردن و دەرمانی قڕكەر و دژەمێروو لەناو ماڵەكان بەكاربهێنن.

بەشێوەیەكی گشتی چارەسەرێكی تایبەت بە تای خوێنبەربوون نییە، تووشبووانی ئەم نەخۆشییە چارەسەری پاڵپشتی وەردەگرن، لەوانە گیراوەكان و یارمەتیدان بۆ هەناسەدان و ئازارشكێن و دەرمانی دژە ڤایرۆسات بۆ چاكبوونەوە.

 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی