وەك وەڵامێك بۆ هێرشەكانی كیێڤ؛ روسیا هێرشی بەرفراوانی كردەسەر چەند پێگەیەكی سەربازیی ئۆكراینا

#روسیا#ئۆکراینا
16 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • وەزارەتی بەرگریی روسیا لە مۆسكۆی پایتەختی روسیاوە رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: وەك وەڵامێك بۆ هێرشە "تیرۆریستی" یەكانی ئۆكراینا، شەوی رابردوو هێزەكانی روسیا هێرشێكی بەرفراوانی ئاسمانییان كردەسەر چەند ئامانجێك لە ئۆكراینا.
Primary Asset

دیمەنێکی هێرشەکە

سبەی

وەزارەتی بەرگریی روسیا رایگەیاند، هێرشێكی بەرفراوانیان بە موشەك و فرۆكەی بێفڕۆكەوان بۆسەر ئۆكراینا ئەنجامداوە، ئەمەش وەك وەڵامێك بۆ هێرشەكانی ئەمدواییەی ئۆكراینا كردیە سەر روسیا.

وەزارەتی بەرگریی روسیا لە مۆسكۆی پایتەختی روسیاوە رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: وەك وەڵامێك بۆ هێرشە "تیرۆریستی" یەكانی ئۆكراینا، شەوی رابردوو هێزەكانی روسیا هێرشێكی بەرفراوانی ئاسمانییان كردەسەر چەند ئامانجێك لە ئۆكراینا.

وەك وەزارەتی بەرگریی روسیا دەڵێت "هێرشەكان نوسینگەكانی دیزاین و پلاندانان، كۆمپانیاكانی وەبەرهێنان و چاككردنەوەی چەك و پێداویستی سەربازیی ئۆكراینای گرتووەتەوە، لەگەڵ وەرشەی درۆن و ناوەندی راهێنان لەسەر فرۆكە و كۆگای چەك وتەقەمەنی.

بەوتەی وەزارەتی بەرگریی روسیا سەرجەم ئامانجەكانیان لە هێرشەكەدا پێكاوە.

راگەیەندراوەكەی وەزارەتی بەرگریی روسیا لەكاتێكدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، دەسەڵاتدارانی ئۆكراینا رایانگەیاند شەوی رابردوو روسیا هێرشێكی بەرفراوانی موشەكیی و درۆنی كردووەتە سەر كیێڤی پایتەخت، كە بەهۆیەوە چەندین تەقینەوەی گەورە روویانداوە و سێ كەسیش كوژراون.

هێرشەكە دوای هۆشدارییەكەی ڤلادمیر پوتین سەرۆكی روسیا بوو، كە لەمیانی قسەكردنی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاندبوو، بەوەی مۆسكۆ وەڵامی هێرشەكەی كیێڤ دەداتەوە بۆسەر فرۆكە ستراتیژییەكانی لە قوڵایی روسیا كە لە رێگەی درۆنەوە ئەنجامدرا.

بەوتەی ڤۆلۆدمیر زێلینیسكی سەرۆكی ئۆكراینا، لە هێرشەكانی شەوی رابردووی روسیا بۆسەر ناوچە جیاوازەكانی ئۆكراینا، 49 كەس برینداربوون. داواش لە هاوپەیمانە رۆژئاواییەكانی دەكات فشار بخەنە سەر روسیا تا جەنگ بوەستێنێت.
 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی