وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند

#ئێران#ئەمەریکا#سزا
11 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • سزاكانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكا، 10 كەسایەتی و 27 كیانی ئێران دەگرێتەوە، كە دوانیان كۆمپانیان و پەیوەستن بە كۆمپانیای گواستنەوەی نەوتی ئێران. ئەمەش بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز.
Primary Asset

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا

سبەی

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكا ئەمڕۆ هەینی رایگەیاند، كۆمەڵێك سزای نوێیان بەسەر ئێراندا سەپاندووە.

سزاكانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریكا، 10 كەسایەتی و 27 كیانی ئێران دەگرێتەوە، كە دوانیان كۆمپانیان و پەیوەستن بە كۆمپانیای گواستنەوەی نەوتی ئێران. ئەمەش بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی رۆیتەرز.

سزا نوێیەكانی ئەمەریكا بۆسەر ئێران، چەند هاوڵاتییەكی ئێران و چەند كیانێك یاخود كۆمپانیایەك دەگرێتەوە كە بەشێكیان لە هۆنگ كۆنگ و ئیماراتن، ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ هەوڵەكانی ئیدارەی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئەنجامدانی رێككەوتنی ئەتۆمیی لەگەڵ ئێران.

سەپاندنی سزاكان لەكاتێكدایە، گفتوگۆكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران كە بەشێوەی ناڕاستەوخۆ بەڕێوەدەچوون، بەهۆی خواستی ئێران بۆ دەستبەردار نەبوون لە پیتاندنی یۆرانیۆم راگیراون.

تا ئێستا ئێران و ئەمەریكا پێنج خولی دانوستاندنیان بەڕێكردووەك كۆتایی هاتنی گەڕی پێنجەمی دانوستانەكان لەكاتێكدایە، ئەمەریكا داوا لە ئێران دەكات، بەتەواوەتی پیتاندنی یۆرانیۆم رابگرێت، ئەمەش وەك پێشهەنگاوێك بۆ رێگری بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمیی لەلایەن ئێرانەوە بەشێوەیەكی هەمیشەیی.

بەڵام ئێران ئەم داواكارییە رەتدەكاتەوە، هەرچەندە ئامادەیی خۆی پیشانداوە بۆ دانانی سنور بۆ بەرنامە ئەتۆمییەكەی و رێگەدان بە گرتنەبەری چەند رێوشوێنێك بۆ چاودێریكردنی.

سێ هەفتە لەمەوبەر، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رایگەیاند، پێشنیازێكیان داوەتە ئێران بۆ بەردەوامیی گفتوگۆكان سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی.

رێككەوتنامەی ئەتۆمی ئێران كە لەنێوان وڵاتانی بەریتانیا، ئەڵمانیا، چین، روسیا، ئەمەریكا، فەرەنسا و ئێران لە ساڵی 2015 ئەنجامدرا، بووە هۆی سوككردنی بەشێك لە گەمارۆ و سزاكانی سەر ئێران لەبەرامبەر سەپاندنی مەرج و كۆتوبەند بەسەر بەرنامە ئەتۆمییەكەی تاران.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە ویلایەتی یەكەمی سەرۆكایەتی لە ئایاری 2018 تاكلایەنە لە رێككەوتنەكە كشایەوە و سزاكانی لەسەر ئێران قورستر كرد.

دوای گەڕانەوەی بۆ كۆشكی سپی ئەمەریكا لەسەرەتای ئەمساڵ، دۆناڵد ترەمپ سیاسەتی ئەوپەڕی فشاری لەسەر ئێران خستەكار و دواتر دانوستان و گفتوگۆی نێوانیان بە نێوەندگیریی شانشینی عوممان دەستی پێكردەوە.

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی