منداڵێک تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بەکاردەهێنێت
سبەی
چەند دەوڵەتێكی ئەوروپا، لەوانەش فەرەنسا و یۆنان، هەوڵدەدەن سنورێك دابنێن بۆ دەستراگەیشتنی منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی بە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان.
هۆكاری ئەو بریارەی بەشێك لەوڵاتانی ناو یەكێتی ئەوروپا، بۆ ئەو بڵاوكراوانە دەگەڕێتەوە، كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان زیان بە منداڵان دەگەیەنن و هەروەها رق بڵاودەكەنەوە، ئەمە جگە لە هەڕەشەی ئەلكترۆنی بۆسەر منداڵان.
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسی، یەكێتی ئەوروپا لەكاتێكدا توندترین یاساكانی جیهانی هەیە پەیوەست بە رێكخستنی كۆمپانیا دیجیتاڵییە گەورەكان، بەڵام هێشتا دەنگی ناڕەزایەتی بەرزبووەتەوە و دەیانەوێت زیاتر كۆت و بەند بكەنە سەر تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان و ئینتەرنێت تا منداڵان دەستراگەیشتنیان بە بڵاوكراوە خراپەكان كەمتر بێت، لەنێوان هەر 27 ئەندامەكەی یەكێتی ئەوروپا دەنگی ناڕەزایی هەیە و دەیانەوێت بەزوویی یاسای توندتر جێبەجێ بكرێت.
بڕیارەكەی وڵاتانی ئەوروپا دوای ئەوەدێت كە بەشێك لە توێژینەوەكان ئەوەیان ئاشكراكردووە، تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان كاریگەری خراپیان لەڕووی تەندروستی دەروونی و جەستەییەوە بۆ منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی دەبێت.
هەریەك لە فەرەنسا و یۆنان و ئیسپانیا پێشنیازیان كردووە، بەكارهێنانی تۆرە كۆمەڵایەتیەكان بۆ منداڵان رێكبخرێتەوە و ترسەكەشیان لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە بەشێكی زۆری منداڵان بە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان ئاڵودە دەبن.
بڕیار وایە ئەو وڵاتانە رۆژی هەینی لە لۆكسەمبۆرگ، لەمیانی كۆبوونەوەی وەزاریدا پێشنیازەكانیان بخەنەڕوو.
فەرەنسا لە پێشەنگی ئەو وڵاتانە دێت كە دەیەوێت تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان رێكبخاتەوە، لە ساڵی 2023 پرۆژە یاسایەكی لەوبارەیەوە پێشكەش كرد، كە داوا دەكات كۆمپانیاكان رەزامەندی دایكان و باوكانی ئەو منداڵانە وەربگرن كە تەمەنیان خوار 15 ساڵە تا تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بەكاربهێنن، بەڵام ئەو پێشنیازە تا ئێستا لە یەكێتی ئەوروپا پەسەند نەكراوە.
فەرەنسا ئەمساڵ پێگە "پۆرنۆگرافی" یەكانی ناچاركرد لە تەمەنی بەكارهێنەر بكۆڵنەوە، بۆ ئەوەی منداڵان دەستیان پێی نەگات، ئەمەش وایكرد بەشێك لەو پێگانە تۆڕەكانیان لە فەرەنسا دابخەن، وەك ناڕەزایەتیەك لەبەرامبەر بڕیارەكە.