سبەى
ئیلۆن مەسك، خاوەنی كۆمانیای تێسلا و دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان خواستى خۆى بۆ پێکهێنانى پارتێکى سیاسی راگەیاند، ئەوەش دواى زیادبوونى ناکۆکى و گرژییەکانى لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمەریکا.
مەسک بە پشەبەستن بە ئەنجامى راپرسییەک کە لەتۆڕى ئێکس بڵاویکردبووەوە نوسیویەتى، خەڵک قسەى خۆیان کرد، پارتێکى نوێی سیاسی لە ئەمەریکا پێویستە بۆ ئەوەى نوێنەرایەتى 80%ى چینى مامناوەند بکات.
مەسک لە تۆڕى ئێکس 220 ملیۆن فۆڵۆوەرى هەیە و 80%ى بەشداربووانى راپرسییەکە بە بەبەڵێ وەڵامیان داوەتەوە لەبارەى پێویستى پێکهێنانى پارتێکى نوێ بەناوى "پارتى ئەمەریکا".
مەسک ئەندامى پارتى کۆمارییەکانە کۆتایی هەفتەى رابردوو ناکۆکییەکانى لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ تەقینەوە، دواى جێهێشتنى کۆشکى سپى.
لە کابینەى دۆناڵد ترەمپ، مەسک وەزیرى کارامەیی بوو، لە بانگەشەى هەڵبژاردنیشدا زیاتر لە 240 ملیۆن دۆلارى بۆ بانگەشەى هەڵبژاردنى ترەمپ خەرجکرد.
پێشتر و لە 2022 لە سەردەمی ئیدارەی جۆ بایدن، سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا، بۆ پاڵپشتیكردنی وزەی پاك، یاسایەكی تایبەت هەبووە بۆ لێخۆشبوونی بری 7500 دۆلار بۆ ئەو كەسانەی ئۆتۆمبێلی كارەبایی دەكڕن، ئەوەش سوودێكی زۆری هەبوو بۆ بەبازاڕكردنی زیاتری ئۆتۆمبێلی تێسلا، چونكە زۆرترین ژمارەی ئۆتۆمبێلی دەفرۆشت.
ئیدارەی ترەمپ بە پلانێكی تایبەتی باج بەناوی "پرۆژەیاسایەكی گەورەی جوان"، دەیەوێت یاسای تایبەتی پاڵپشتیكردن لە وزەی پاكی ئیدارەی بایدن هەڵبوەشێنێتەوە، ئەوەش تێسلا گەورەترین زیانی بەردەكەوێت.پرۆژە یاساكە ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەندی كردووە و چاوەڕێیە ئەنجوومەنی سینات-یش پەسەندی بكات، بەوەش دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.
بە پەسەندكردنی پرۆژە یاساكە، نرخی ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزدەبێتەوە. بە كاریگەریی بەرزبوونەوەی نرخی ئۆتۆمبێلە كارەباییەكان زیانێكی زۆر لە تێسلا دەكەوێت، وەك پڕفرۆشترین ئۆتۆمبێلی كارەبایی.
لەئێستادا ئیلۆن مەسك لە بڵاوكراوەكانیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی “ئێكس،” هێرش دەكاتە سەر بڕیارەكەی ترەمپ.