سەرەتای ئەم مانگە لە دیمەشقی پایتەختی سوریا کۆبوونەوەى نێوان حکومەتی سوریا و شاندێکی ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەچوو
سبەى
شاندى ئیدارەى خۆسەر و حکومەتى دیمەشق هاوڕابوون لەسەر پەنانەبردن بۆ بژاردەى ئەمنى و سەربازى بۆ چارەسەرى کێشەکان، لەگەڵ ئەوەشدا بۆچوونیان لەبارەى تێکەڵکردنى دامەزراوە کارگێڕى و سەربازییەکان جیاواز بووە.
سەرەتای ئەم مانگە لە دیمەشقی پایتەختی سوریا کۆبوونەوەى نێوان حکومەتی سوریا و شاندێکی ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەچوو، کە بەیەکەم کۆبوونەوەى لەو شێوەیە دادەنرێت لەدواى روخانى رژێمى بەشار ئەسەد لەکۆتایی ساڵى رابردوودا.
گفتوگۆکان لەسەر پێکهێنانی لیژنەی لاوەکى بوو بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنەى کە لەنێوان ئەحمەد شەرع سەرۆکی کاتی سوریا و مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) بە سەرپەرشتی ئەمەریکا واژۆ کرا.
دوای جەژن لیژنە لاوەکییەکان پێکدەهێنرێن
فەوزە یوسف، ئەندامى دەستەى سەرۆکایەتى پەیەدە و ئەندامى شاندى ئیدارەى خۆسەر بە رۆژنامەى شەرقولئەوسەتى راگەیاند، کۆبوونەوەکان ئەرێنی بوون و بە ئاگاداری و پشتیوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەمەریکا و زلهێزەکانی ناوچەکە بەڕێوەچوون. بڕیاردراوە دوای پشووی جەژنی قوربان لیژنە لاوەکییەکان پێکبهێنرێن.
لەنێو ئەو لیژنانەی کە بڕیارە پێکبهێنرێن، "لیژنەی کارگێڕی" هەیە بۆ چۆنیەتی تێکەڵکردنی دامەزراوەکان لە پێکهاتە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی دەوڵەتدا، لیژنەی دووەمیش پەروەردەیە بۆ یەکخستنى قوتابخانە و کۆمەڵگە پەروەردەییەکان لە وەزارەتی پەروەردە و داننان بە بڕوانامەکانیان، لەگەڵ لیژنەیەکی تایبەتمەند بۆ چۆنیەتی تێکەڵکردنی هێزەکان لە وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆ، بەپێی رێککەوتنەکەى شەرع و عەبدى کە یەکخستنى دامەزراوە مەدەنییەکانیش لەخۆدەگرێت.
ناوچەکانی ئیدارەی خۆسەر بەسەر چوار پارێزگاری سوریادا دابەشبوون، کە دەکەونە بەشی باکوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە: رۆژهەڵاتی حەلەب، باکور و ڕۆژهەڵاتی دێرەزور، ناوەندی شاری رەقە و تەبقە، جگە لەپارێزگای حەسەکە و شاری قامیشلۆ کە حەوت ئەنجوومەنی مەدەنی ناوخۆیی بەڕێوەی دەبەن.
جیاوازى بۆچوونى ئیدارەى خۆسەر و دیمەشق
فەوزە یوسف ئاشکرایکرد، بۆچوونیان لەگەڵ دیمەشق جیاوازە لەبارەى شێوازى تێکەڵکردنى دامەزراوە مەدەنى و سەربازییەکان، بەجۆرێک حکومەت یەکخستن بە هەڵوەشاندنەوەى ئیدارەى خۆسەر و هەڵوەشاندنەوەى هێزەکەى دادەنێت، "لەکاتێکدا ئێمە پێمانوایە دەبێت دامەزراوەکانى ئێستا بەردەوامبن لەکارەکانیان و پڕۆسەکە بەڕێوەببەن و لەداهاتوودا ببنە بەشێک لە دەوڵەت".
سەبارەت بە یەکخستنی هێزە سەربازی و ئەمنییەکان لە وەزارەتی بەرگری وەک یەک قەوارە، وێڕای پاراستنی تایبەتمەندی و دابەشبوونی جوگرافیای خۆیان، فەوزە یوسف دەڵێت "ناتوانرێت لە ڕووی ژمارە و کوالێتی و چەک و ئەزمونی شەڕەوە، هەسەدە بەراورد بکرێت بە گروپەکانى دیکە، ئەوان لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا مەشق و ڕاهێنانیان پێکراوە و دەبێت ڕۆڵی پێشەنگ ببینێت لە سوپاى سوریادا".
ئاماژەی بەوەشکرد، لایەنی حکومەت جددیەتى خۆی نیشانداوە لە جێبەجێکردنی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە و ڕەتکردنەوەی بژاردى سەربازیی و چارەسەرى ئەمنی.
بەشداریکردن لە پەرلەمان
فەوزە یوسف ئاشکراشیکرد، لەگەڵ حکومەت تاوتوێی بەشداریکردنیان لە پێکهێنانی پەرلەمانی سوریادا کردووە، کە لەئێستادا ئامادەکاری بۆ دەکرێت. پێدەچێت دوای پشووی جەژن گفتوگۆ دەستپێبکەن. هەروەها شاندی ئیدارەى خۆسەر ڕەخنەی خۆیان سەبارەت بە ڕاگەیاندنی دەستووری گەیاندووەتە دیمەشق.
ئاماژەی بەوەشکرد، "بە وردی دەستمان خستە سەر لامەرکەزیەت و بەشداریکردن لە پەرلەمان و ڕاگەیاندنی دەستوری، بەڵام کۆبوونەوەکە سەرەتایی بوو، لەکۆبوونەوەکانی دواتردا گفتوگۆی قووڵ دەکەین".
ئەو شاندەى چوونە دیمەشق، بەپێی بڕیارى کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کوردی پێکهێنرا کە کە لە ٢٦ی نیسانی ٢٠٢٥د لە شاری قامیشلۆی باکووری و ڕۆژهەڵاتی سووریا ئەنجام درا.
لە کۆنفرانسەکەدا بڕیاردرا کە شاندێکی ١٠ کەسی دروستبکرێت کە لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق دانوستان بکات. شاندەکە لەنوێنەرانی پەیەدە، ئەنەکەسە، ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری، پارتەکانی دیکەی کورد، تەڤگەری ژنان و نوێنەرانی سەربەخۆ پێکدێت.
ئاڵدار خەلیل ئەندامی دەستەی هاوسەرۆکایەتی پەیەدە و ئەندامى شاندەکە دەڵێت، ئەو بەڵگەنامەیەی کە لە کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کوردییدا پەسەند کرا، بنەمای سەرەکی کارى شاندەکەیە. ئەم بەڵگەنامەیە هەم چارەسەری پرسی کورد و هەم بویاتنانی سوریایەکی دیموکراتی لەخۆ دەگرێت.
دەشڵێت، شاندەکە سیاسەتێکی نوێ پەرەپێنادات؛ ئەو بەڵگەنامەیە دەپارێزێت. چونکە هەموو هێزە کوردییەکان لەسەر ئەم بەڵگەنامەیە ڕێککەوتوون.
ئاڵدار خەلیل جەختیکردەوە، چارەسەری پرسی کورد بە چارەسەرکردنی پرسەکانی هەموو گەلانی سووریا پێکەوە بە دیدێت. دەبێت ئامانجی سوریایەکی دیموکراتی و ناناوەندی بێت، کە دیموکراسی، ئازادی و یەکسانی نەک تەنها بۆ کوردان، لە هەمانکاتدا بۆ دروز، عەلەوی، و سوننەی ئۆپۆزسیۆن و پێکهاتەکانی دیکەش مسۆگەر بکرێت.