سبەى
پزیشکانی نیشتەجێى خولاوی ساڵی یەکەم و دووەم لە هەرێمى کوردستان بایکۆتى دەوامیان لەسەرجەم نەخۆشخانەکانى فریاکەوتن راگەیاند و بە دوو مەرج ئامادەن بایکۆت بشکێنن.
پزیشکانى نیشتەجێى خولاوی ساڵی یەکەم و دووەمى هەولێر، سلێمانی، سۆران، کۆیە، ڕاپەڕین و گەرمیان سەبارەت بە بایکۆتکردنی دەوام لە راگەیەنراوێکدا جەختیان کردەوە، ماوەی شەش مانگە دۆخێکی چەقبەستوو درووستبووە بەهۆی دانەمەزراندنی پزیشکانی تازە دەرچوو، بەجۆرێک سەرجەم پزیشکانی ساڵی یەکەم و دووەم و سێیەم تا پزیشکانی پایە بڵند بەو هۆیەوە ماوەی شەش مانگە لەدەرەوەی ناونیشان و ئەرکی پزیشکیمان خزمەتدەکەین و لە شوێنەکانی خۆمان ماونەتەوە.
ئەو پزیشکانە پێشتر بەیاننامەیەکیان پێشکەشی لایەنی پەیوەندیدار کرد لەو بارەیەوە. بەڵام وەک خۆیان دەڵێن وەزارەتی تەندروستی وەڵامى نەداونەتەوە و هیچ پلانێکی نییە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە.
پزیشکانى نیشتەجێى خولاو، وەزارەتى تەندروستى تۆمەتبار دەکەن بەوەى "بەبێ حسابکردن بۆ ڕای پزیشکان، تاک لایەنانە هەستاون بەشێواندنی سیستەمی پلەبەندی پزیشکی، بەجۆرێک کە پزیشکانی ساڵی یەکەم و دووەم ناچار دەکات دەوامی سێ خولی پزیشکی بخەنە ئەستۆی خۆیان، بەبێ هەڵسەنگاندنێکی ورد و حیسابکردن بۆ لێکەوتە وکورتخایەن و درێژخایەنەکان، و ئەو لۆدە زۆرەی کە دەکەوێتە سەر پزیشکان".
دەشڵێن، تا جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بایکۆتى دەوامیان کردووە و داواکارن لە سەرۆکی حکومەت و لایەنی پەیوەندیدار هەرچی زووە چارەسەر بۆ ئەو دۆخەی ئێستا بدۆزنەوە و سیستەمی تەندرووستی کوردستان بپارێزن لە ڕوخان.
داواکارییەکانى پزیشکان بریتین لە: وەستاندنی سیستەمی نوێی شیفتکردن بۆ پلەبەندی، بەشێوەیەکی فەرمی کاتێک دیاریبکرێت بۆ دامەزراندنی پزیشکانی نوێ.
بەپێی ئامارەکان پزیشکانی نیشتەجێى خولاو لە هەرێمى کوردستان ژمارەیان نزیکەى پێنج هەزار پزیشکە، زیاتر لە 700 پزیشکیش دواى دەرچوونیان لە زانکۆ هێشتا دانەمەزراون. سەربارى راگرتنى پلەبەرزکردنەوەى پزیشکان لە سەرەتاى ئەمساڵەوە.