سبەی
لە توێژینەوەیەکی نوێدا دەرکەوتووە وێڕای ئەنجامدانی وەرزشیش، ئەگەر مرۆڤ بۆ ماوەیەکی زۆر دابنیشێت، مێشکی بچوک دەبێتەوە.
هەرچەند تاکوو ئێستا دەگوترا لە ڕێگای ئەنجامدانی وەرزشی ڕۆژانەوە، دەتواندرێت قەرەبووی ئەو ماوە زۆرە بکرێتەوە کە مرۆڤ بە دانیشتنەوە بەسەری دەبات، بەڵام توێژینەوەیەکی نوێ شتی دیکە دەڵێت و زانایان هۆشداری دەدەن لە زۆر دانیشتن.
دەمێکە دەزاندرێت کە زۆر دانیشتن زیان بە تەندروستیی مێشک دەگەیەنێت و بە دانیشتنەوە چونی خوێن بۆ مێشک خاو دەبێتەوە.
بەم هۆیەیشەوە پەیوەندیی نێوان خانەکانی مێشک لاواز دەبێت و ناوچەی هیپۆکامپس'ی مێشک کە ئەرکی ڕێکخستنی یادەوەرییەکانە بچوک دەبێتەوە.
لەو توێژینەوە نوێیەدا کە لە گۆڤاری زانستیی Alzheimer's & Dementia بڵاو کراوەتەوە، دەرکەوتووە وەرزشی ڕۆژانە ناتوانێت قەرەبووی ئەو زیانانە بکاتەوە کە بە هۆی زۆر دانیشتنەوە بە مێشک دەگەن.
بۆ توێژینەوەکە بۆ ماوەی یەک هەفتە لە ئاستی چالاکییە جەستەیییەکانی 404 کەس کۆڵدراوەتەوە و دواتر بۆ ماوەی حەوت ساڵ لە ڕێگای پشکنینی توانای ناسینەوە و پشکنینەکانی مێشکەوە لە تەندروستیی مێشکی بەشداربووان کۆڵدراوەتەوە.
لە ئەنجامدا دەرکەوتووە وێڕای ئەوەی لە سەدا 87ی بەشداربووان هەفتانە زیاتر لە 150 خولەک وەرزشی مامناوەند چڕیان ئەنجام داوە، ئەمەیش هێندەی ئاستی پێشنیاز کراوە بۆ چالاکە جەستەیییەکان، بەڵام بە هۆی ئەوەی کاتێکی زۆریان بە دانیشتن بەسەر بردووە، توانای ناسینەوەیان بە بەراورد لەگەڵ بەشداربووەکانی دیکە کەمتر بووە.
هەروەها ناوچەی هایپۆکامپس'ی مێشکیشیان خێراتر بچووک بووەتەوە.
ئەی چار چییە؟
ماریسا گۆرگنیەد پسپۆڕی دەمارناس لە زانکۆی پیترسبێرگ و ئەندامی تیمی توێژینەوەکە ئاماژە بەوە دەدات ڕۆژانە تەنیا یەک جار ئەنجامدانی وەرزش بەس نییە بۆ کەمکردنەوەی مەترسی توشبوون بە زەهایمەر و دەڵێت: "ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر دابنیشین، ئەوا ئەنجامدانی وەرزشی ڕۆژانەیش دادمان نادات".
لە توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە ئەوانەی کێشەی بۆماوەیان هەیە، ئەگەری دواکەوتنی توانای ناسینەوەیان کەمتر دەبێت و بۆهێڵی APOE-ε4 بە زیادکردنی کاریگەری دانیشتن، لەناوچوونی مادەی خۆڵەمێشی'ی یادەوەریی مێشک و توانای بڕیاردانی مێشک زیاتر دەکات.
هەرچەند لە توێژینەوەکەدا بە ڕاستەوخۆیی پەیوەندی نێوان هۆکار و ئەنجام نەدۆزراوەتەوە، بەڵام دەرکەوتووە زۆر دانیشتن و پاڵدانەوە خێراتر مێشک پیر دەکەن.
پسپۆڕان پێشنیاز دەکەن جگە لە ئەنجامدانی وەرزش، مرۆڤ بۆ ماوەیەکی زۆر دانەنیشێت و ماوە ماوە هەستێتە سەر پێ و بجوڵێت.