هۆشیار زێباری
سبەی
هۆشیار زێباری، وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق كە هاوكات ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانە، دەڵێت "پەیوەندیەكانی بەغداد و هەولێر خراپە". دان بەوەشدا دەنێت كە نەوت بە قاچاغ لە هەرێمەوە دەفرۆشرێت.
هۆشیار زێباری، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ "سكای نیوز" رایگەیاند:"بڕیاری راگرتنی ناردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بڕیارێكی سیاسییە و ستەمكارانەیە، لەكاتێكی خراپدا بوو پێش جەژنی قوربان".
هۆشیار زێباری دەشڵێت "ئەو بڕیارە پەراوێزخستنی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە و بێبەشكردنیانە لە مافێكی سروشتی و دەستوری، هۆكاری قەیرانەكەش لاوازكردنی هەرێمی كوردستانە، لەگەڵ لاوازكردنی ئەو فیدراڵیەتە دەستوریەی لەساڵی 2003 ەوە لە عێراق هەیە".
زێباری جەختدەكاتەوە "پەیوەندیەكانی نێوان بەغداد و هەولێر خراپە، بڕیاری راگرتنی ناردنی مووچەش ناڕەوا و بە ئەنقەستە، وایكردووە رای گشتیی كورد لەدەوری یەكتر كۆببێتەوە و هاوسۆز بێت لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان".
سەبارەت بە تۆمەتباركردنی هەرێمی كوردستان بەوەی نەوت بە قاچاغ دەفرۆشێت و دەینێرێتە وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەتیش توركیا، زێباری دەڵێت "ناڵێم بەقاچاغبردن نییە، بەڵام سنوردارە، نەوتی هەرێم لە رێگەی بۆری و بەشێوەی فەرمی دەچێتە توركیا".
"پرسی نەوت و غاز لەدەسەڵاتی تەواوەتی دەوڵەتی فیدراڵی نییە، لە ساڵی 2007 ەوە زیانمان بەردەكەوێت بەهۆی نەبوونی یاسایەكی تایبەت بە نەوت و غاز بۆ رێكخستنی ئەو پەیوەندییە، بەڵام ئەوان لایەنی رێگریكارن، بۆیە پێویستە لۆمەی خۆیان بكەن". وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق وا دەڵێت.
رۆژی پێنجشەممە (5ـی حوزەیرانی 2025) وەزارەتی نەوتی عێراق لە بەیاننامەیەكی رۆژنامەوانیدا بڵاوی كردەوە:" پابەند نەبوونی حكومەتی هەرێم بە دەستور و یاسا، دووجار زیانی گەورەی لە هەناردەی نەوتی خەزێنەی گشتی داوە، یەكەم رادەستنەكردن و هەناردەكردنی نەوتی بەرهەمهێنراوی هەرێم و سودوەرگرتن لە داهاتەكەی و زیانی دووەمیش بەر وەزارەتی نەوتی كەوتووە بۆ كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمی كێڵگەكانی دیكەی دەرەوەی هەرێم، ئەویش بەهۆی پابەندبوونی عێراق بە پشكی دیاریكراوی لە رێكخراوی ئۆپیك، كە بەرهەمی كێڵگەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر پشكی عێراق ئەژمار دەكرێت، سەرەڕای ئەوەی بە سەرپێچی بەرهەمدەهێنرێن".
ئەوەشی خستەڕوو:" بەوردی چاودێریی ئەو زانیارییانە دەكەین كە دەری دەخات نەوتی هەرێمی كوردستان بە قاچاخ دەچێتە دەرەوە و حكومەتی هەرێم بەپرسیارێتی یاسایی ئەو دۆسیەیە لە خۆدەگرێت، بە مافی خۆشمانی دەزانین رێكاری یاسایی لەوبارەیەوە بگرینەبەر".
بەیاننامەكەی وەزارەتی نەوتی عێراق لە كاتێكدایە، كە بۆ مانگی ئایاری 2025، وەزارەتی دارایی عێراق ئامادە نییە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بنێرێت، بە هۆی ئەوەی سەرجەم شایستە داراییەكانی بودجەی ساڵانی 2023-2024-2025ی هەرێمی ناردووە، لەبەرامبەردا حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەنییە داهاتە نەوتی و نانەوتییەكانی رادەستی حكومەتی فیدراڵ بكات.