سبەى
قەیس خەزعەلى ئەمیندارى گشتى عەسائیبى ئەهلى حەق هۆکارى کێشەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم دەگەڕێنێتەوە بۆ رادەستنەکردنى نەوت و داهاتى گومرگ و باج و دەروازەکان لەلایەن هەرێمى کوردستانەوە بە بەغداد.
خەزعەلى لە وتارى نوێژى جەژندا ئاماژەى بەوەکرد، مشتومڕ و قسەى زۆر دەکرێت لەبارەى کێشەى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان، لەکاتێکدا بەهۆى دابیننەکردنى موچەوە فەرمانبەران لە دۆخێکى سەختدان.
دەشڵێت هەمووان دەیانەوێت ئۆباڵەکەى بخەنە ئەستۆى یەکتر، بەڵام کاتێک کاتێک سەیرى ئامار و نوسراوى فەرمى دەکەن شتێکى تر دەبینن.
جەختیشیکردەوە، ماف و بەرپرسیارێتى پێویستە هاوبەش بێت، هیچ کەس و لایەن و پێکهاتەیەک، نابێت مافى هەبێت بەبێ بوونى ئەرک و بەرپرسیارێتى، چونکە ئەوە پێچەوانەى دادپەروەرییە.
خەزعەلى پرسیارى ئەوەشدەکات کە ئایا بەرپرسانى هەرێمى کوردستان بەو بنەمایەوە پابەند بوون، لەکاتێکدا داواى ماف دەکەن؟
"پێویستە هەرێمى کوردستان سامان و نەوت داهاتى دەروازە سنورییەکان، باج، پێویستە هەموو ئەوانە رادەستى حکومەتى فیدراڵى بکات، لەسەر حکومەتى فیدراڵیش پێویستە هەموو مافێکى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان بدات، تەنانەت بڕى مووچەکە ئەگەر مەنتیقش نەبێت پێویستى بە داهاتى زیاتر بێت، بەڵام کاتێک ئەوان هیچ شتێک رادەست ناکەن و داواى هەموو شتێک دەکەن، ئەوە نامەنتیقى و ناڕاستە"، خەزعەلى وایوت.
بەوتەى خەزعەلى، کێشەى ئێستا هۆکارەکەى ئەوەیە، حکومەتى هەرێم داهاتى نەوت رادەستناکات، لانیکەم 400 هەزار بەرمیل نەوت بە قاچاخ دەبرێت، بە نزیک لە نرخى خۆڵ دەفرۆشرێت، بەهۆى رادەستنەکردنى بە سۆمۆنرخى هەر بەرمیلێک بە 30-35 دۆلار دەفرۆشرێت، لەکاتێکدا ئەگەر نەوت رادەستى سۆمۆ بکەن بە 70-75 دۆلار دەفرۆشرێت.
لەبارەى تۆمەتبارکردنى بە هۆکارى بڕینى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم، خەزعەلى دەڵێت هەوڵدان بۆ ئەوەى بەرپرسیارێتییەکە بخەنە ئەستۆى کەسێک، هەوڵدانە بۆ بە کەسیکردنى پرسەکە و شێواندنى راى گشتى.
رۆژى 28 ى ئایار، وەزارەتى دارایی عێراق ناردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانى راگرت، بە پاساوى تەواوبوونى پشکى هەرێم لە بودجە، بەڵام حکومەتى هەرێم ئەوە رەتدەکاتەوە و بڕیارەکە بە "سیاسی" دادەنێت.
هۆشیار زێباری، وەزیری پێشووی دەرەوەی عێراق كە هاوكات ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستانە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ "سكای نیوز" رایگەیاند:"بڕیاری راگرتنی ناردنی پارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بڕیارێكی سیاسییە و ستەمكارانەیە، لەكاتێكی خراپدا بوو پێش جەژنی قوربان".
هۆشیار زێباری دەشڵێت "ئەو بڕیارە پەراوێزخستنی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستانە و بێبەشكردنیانە لە مافێكی سروشتی و دەستوری، هۆكاری قەیرانەكەش لاوازكردنی هەرێمی كوردستانە، لەگەڵ لاوازكردنی ئەو فیدراڵیەتە دەستوریەی لەساڵی 2003 ەوە لە عێراق هەیە".
زێباری جەختدەكاتەوە "پەیوەندیەكانی نێوان بەغداد و هەولێر خراپە، بڕیاری راگرتنی ناردنی مووچەش ناڕەوا و بە ئەنقەستە، وایكردووە رای گشتیی كورد لەدەوری یەكتر كۆببێتەوە و هاوسۆز بێت لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان".
سەبارەت بە تۆمەتباركردنی هەرێمی كوردستان بەوەی نەوت بە قاچاغ دەفرۆشێت و دەینێرێتە وڵاتانی دراوسێ و بەتایبەتیش توركیا، زێباری دەڵێت "ناڵێم بەقاچاغبردن نییە، بەڵام سنوردارە، نەوتی هەرێم لە رێگەی بۆری و بەشێوەی فەرمی دەچێتە توركیا".