لە ئەڵمانیا دوو هاوسەری عێراقی بە تۆمەتی بە كۆیلەكردنی دوو كچە ئێزدی دادگایی دەكرێن

#ئەڵمانیا#داعش#ئێزدی#شنگال#عێراق
17 کاتژمێر لەمەوپێش
سەرکۆ جەمال
پوختە :
  • دادگای هەرێمیی باڵا لە شاری میونشنی ئەڵمانیا، بەردەوامە لە دادگایی كردنی دوو هاوسەری عێراقی كە تۆمەتبارن بەوەی پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە، هەروەها دوو كچی ئێزدییان بە كۆیلە كردووە و دەستدرێژی سێكسییان كردووەتە سەریان، جگە لەوەی ناچاریشیان كردوون ببن بە ئیسلام، چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ هاوسەری پیاوەكە تۆمەتەكانی روبەڕوو بكرێتەوە.
Primary Asset

یەکێک لە تۆمەتبارەکان لە دادگا دەموچاوی خۆی شاردووەتەوە

سبەی

دادگایی كردنی ژن و پیاوێكی عێراقی كە هاوسەری یەكترن، بە تۆمەتی بە كۆیلەكردنی دوو كچی ئێزدی بەردەوامیی هەیە، جگە لەوەی تۆمەتباریش كراون بەوەی دەستیان هەیە لە كۆمەڵكوژی و بازرگانیكردن بە مرۆڤەوە.

دادگای هەرێمیی باڵا لە شاری میونشنی ئەڵمانیا، بەردەوامە لە دادگایی كردنی دوو هاوسەری عێراقی كە تۆمەتبارن بەوەی پەیوەندییان بە داعشەوە هەبووە، هەروەها دوو كچی ئێزدییان بە كۆیلە كردووە و دەستدرێژی سێكسییان كردووەتە سەریان، جگە لەوەی ناچاریشیان كردوون ببن بە ئیسلام، چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ هاوسەری پیاوەكە تۆمەتەكانی روبەڕوو بكرێتەوە.

پیاوەكە تەمەنی 43 ساڵە و هاوسەرەكەشی تەمەنی 29 ساڵە، لەلایەن دادگاوە تۆمەتی كۆمەڵكوژی و بازرگانیكردن بە مرۆڤ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتییان دراوەتەپاڵ.

بەپێی راگەیەندراوی داواكاری گشتیی، ئەو پیاوە لەساڵی 2015 كچێكی ئێزدی پێنج ساڵی وەك "مارەیی" بۆ هاوسەرەكەی كڕیوە، ئەمەش لەسەر داوای ژنەكە، زیاتر لە دوو ساڵ ئەو منداڵە كچە ئێزدییە لەلای ئەو دوو هاوسەرە "دیل" بووە، لەو ماوەیەشدا روبەڕووی توندوتیژی جەستەیی و سێكسی و سوكایەتی پێكردن بووەتەوە.

هەر ئەو ژن و پیاوە، لە تشرینی یەكەمی 2017 كچێكی دیكەی ئێزدی 12 ساڵیان كڕیوە، بە هەمانشێوەی كچە پێنج ساڵە ئێزدییەكەی كە سەرەتا كڕیویانە مامەڵەیان لەگەڵ كردووە، دواتر ئەو دوو كچە ئێزدیەیان داوە بە چەكدارانی دیكەی داعش.

خێزانی كچە گەورەكەیان، ئامادەبوون لەبەرامبەر پێدانی "فیدیە" كچەكەیان رزگار بكەن، بەڵام تائێستا چارەنوسی كچە منداڵەكە دیار نییە، كە ئێستا ئەگەر زیندوو بێت تەمەنی زیاتر لە 12 ساڵە.

ئەو دوو تۆمەتبارە عێراقییە لە نیسانی 2024 لە هەرێمی باڤاریای ئەڵمانیا دەستگیركراون و لەوكاتەشەوە لە زیندانن.

لە ئابی 2014 رێكخراوی تیرۆریستی داعش، هێرشێكی دڕندانەی كردەسەر كوردانی ئێزدی لە شنگال كە دەكەوێتە پارێزگای موسڵ لە باكوری عێراق، ئامانجیشی كۆتایی هێنان و كۆمەڵكوژكردنی تەواوەتی ئێزدییەكان بوو، بە كۆمەڵ ژن و پیاو و منداڵی ئێزدییان ڕفاند، دەستدرێژییان كردە سەر زۆربەی دەستگیركراوەكان و بەشێكی زۆری پیاوە دەستگیركراوەكانیشان كۆمەڵكوژ كرد، بەتایبەت ئەو پیاوانەی رەتیان دەكردەوە ببنە موسوڵمان.

 

 

 

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی