سبەى
نرخى کارتى دەنگدان لە عێراق گەیشتووەتە 400 هەزار دینار، لەکاتێکدا کۆمسیۆن جەختدەکاتەوە هەر کارتێک بەبێ بوونى دەنگدەرەکە و سەلماندنى خاوەندارێتى لەرێگەى پەنجەمۆرەوە بێ بەهایە.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رۆژى چوارشەممە رایگەیاند، "سزای تا یەک ساڵ زیندانی بەسەر هەرکەسێکدا دەسەپێندرێت کە کارتی دەنگدان لە دەنگدەران بکڕێت".
قسەکانى وتەبێژى کۆمسیۆن دواى بڵاوبوونەوەى کڕین و فرۆشتن بەکارتى دەنگدانەوە هات کە بەپێی میدیا عێراقییەکان نرخى هەر کارتێک گەیشووەتە 400 هەزار دینار.
جومانە غەلای پرسیارى ئەوەیکرد، کە بۆچى کارتى دەنگدان دەکڕدرێت، لەکاتێکدا تەنها دەنگدەران دەتوانن بە کارتەکانیان دەنگ بدەن و هیچ کەس و قەوارەیەک ناتوانن لەجیاتى دەنگدەران دەنگ بدەن.
جەختیشیکردەوە، کڕینى کارتى دەنگدان هیچ سوودێکی نییە، دەنگدەر دەتوانێت سکاڵا لەسەر کڕیارەکە تۆماربکات، دادگاکان چاوەڕوانى سکاڵاى هەر کەسێکن لەو بارەیەوە، بۆیە فرۆشتنی کارت بەهەر نرخێک بێمانایە، بەو پێیەی 10 پەنجەی دەنگدەر لەکاتی پرۆسەی هەڵبژاردندا پێویستە تا بتوانێت بەو کارتە دەنگ بدات.
بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، پێویستە دەنگدەران ببنە خاوەنى کارتى بایۆمەترى و ئەوانەى تا ئێستا نەبوونە خاوەنى ئەو کارتە، تا 15 ى حوزەیران دەتوانن سەردانى ناوەندەکانى کۆمسیۆن بکەن.
بڕیارە لە رۆژی 11ـی تشرینی دووەمی 2025 هەڵبژاردنی پەرلەمانى عێراق بەڕێوەبچێت.
هەڵبژاردنی ئەمجارە، دەبێتە شەشەمین هەڵبژاردن لە دوای ساڵی 2004ـەوە، سیستمى یەک بازنەیی و دواتر فرەبازنەیی لەسەر ئاستی پارێزگاکانە چوار هەڵبژاردندا پەیڕەوکرا، لە کاتێکدا دوایین هەڵبژاردنى ساڵی 2021 بەپێی سیستمى فرە بازنەیی ئەنجامدرا و عێراق بۆ سەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دیاری کرا.
لەگەڵ نزیکبوونەوەى هەڵبژاردن پرسی کڕینى دەنگ و هەوڵى لایەنى ناوخۆیی و نێودەوڵەتى لەو بارەیەوە بووەتە پرسێکى گەرم.
نورى مالیکى سەرۆکى هاوپەیمانى دەوڵەتى یاسا سەرەتاى ئەم هەفتەیە رایگەیاند، وڵاتێک لایەنێکى بەشدار لە هەڵبژاردنى ئاڕاستەکردووە بۆ کڕینى کورسی لە هەڵبژاردنى داهاتووى پەرلەمانى عێراق.
مالیکى لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفزیۆنیدا ئاماژەى بەوەکرد، "من وڵاتێکی دیاریکراو دەناسم کە پەیوەندی بە هێزێکی سیاسییەوە کردووە و ئاڕاستەیکردووە کە هەر کورسییەک بە یەک ملیۆن دۆلار بکڕن. واتە 100 کورسی بە 100 ملیۆن دۆلار، بەمەش دەیانەوێت ئیرادەی میللەت بکڕن. هەموو وڵاتێک بەدوای کۆنتڕۆڵکردنی پەرلەمانەوەیە چونکە دڵى پڕۆسەی سیاسییە"، بەبێ ئەوەى ناوى وڵاتەکە و لایەنەکە بهێنێت..
وتیشى هەڵبژاردنی داهاتوو لەژێر زەبرى پارەدا بەڕێوەدەچێت، کێبڕکێی داراییش دەبێت. بە درێژایی هەڵبژاردنەکانی پێشوو، هەرگیز شاهیدی دۆخى لەم شێوەیە نەبوون کە پارەیەکی وەها گەورە بۆ هەڵبژاردن خەرجبکرێت. لەوانەیە ئەم پارەیە لە گەندەڵی یان پارەی دەرەکییەوە هاتبێت، بەڵام ئەوەی پارەی حەڵاڵى هەیە با خەرجی بکات، ئەوەش هیچ پەیوەندییەکی بە ئەوانەوە نییە.
داواشى لە هاوڵاتیان کرد، دەنگەکانیان بە 50 دۆلار یان 100 دۆلار نەفرۆشن و خاوەن لیستەکانیش خۆیان لەم شێوازە بەدوور بگرن، چونکە بەم کارە کەسانی لاواز دەبنە ناو پەرلەمانەوە.
بەگوێرەی ئاماری کۆمسیۆن، ژمارەی ئەو لایەنانەی خواستى خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان دەربڕیوە، 118 لایەنە. ئەوەش زیاترە لە ژمارەی حزبەکان (لە دەرەوەی هاوپەیمانی) لە ساڵی 2021 کە 109 حزب بوون، هەرچەندە هەڵبژاردن بە سیستمى فرە بازنەیی بەڕێوەچوو.
هەروەها کۆمسیۆن دەڵێت، 25 هاوپەیمانی خواستی خۆیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکان دەربڕیوە، 11 هاوپەیمانی تریش هێشتا چاوەڕێی پەسەندکردن، لەکاتێکدا لە هەڵبژاردنی پێشوو، 21 هاوپەیمانی بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکاندا کردبوو.