ناوەڕۆکی پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ کۆنگرەی 12ـی پەکەکە

#ئۆجەلان#پەکەکە#کۆنگرەی 12
2 ڕۆژ لەمەوپێش
|
لەمەوپێش 2 ڕۆژ نوێ کراوەتەوە
ڕاماڵ خونچە
پوختە :
  • عەبدوڵڵا ئۆجەلان:
  • - "پەکەکە کۆتایی بە سیاسەتی نکۆڵیکردنی کورد هێنا و شێوازی خەباتی لەپێناو کورد و کوردستاندا گۆڕی".
  • - "ئەگەر پەکەکە نەبووایە 30 ساڵ لەمەوبەر پارتی و یەکێتی نەدەمان".
  • - "لە دوای هەرەسی سۆسیالیزمی ڕاستەقینە، پەکەکەیش دووچاری قەیرانێکی قوڵی ئایدۆلۆژی بوویەوە، بەڵام بە هۆی خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەییەوە لەسەر پێی خۆی مایەوە".
  • - "بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، شتێکی نوێ نییە لەلای ئێمە، بەڵام کاتێک دەوڵەتی تورکیا داواکارییەکی لەم جۆرەی خستە ڕوو، بە دەمیەوە هاتین".
  • - "ئامانجی پەکەکە دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ و یەکگرتوو بوو لەسەر بنەمای مافی چارەی خۆنووسین و ئایدۆلۆژیای سۆسیالیزمی ڕاستەقینە، بەڵام هەرچەند دەوڵەتی نەتەوەیی لەسەر بنەمای سۆسیالیزمیش بونیاد بندرێت خزمەت بە سیستەمی سەرمایەداری دەکات و جۆرێک لە سەرمایەداری مۆدێرنە".
  • - "دەکرێت کۆمەڵگای دیموکرات بە دیالۆگ لەگەڵ دەوڵەتیش بونیاد بندرێت. ئەمەیش دەبێتە لێکتێگەیشتنی دیموکراتی".
Primary Asset

سبەی

لەو پەیامەی ئۆجەلان بۆ کۆنگرەی 12ـی پەکەکەی ناردووە کە بۆ خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتایی هێنان بە خەباتی چەکداری ئەنجامی دا، سەرنج خراوەتە سەر چەندین بابەتی گرنگ و هەستیار.

ڕۆژنامەی سەرخوەبوون لە دوایین ژمارەی خۆیدا تەواوی پەیامەکەی ئۆجەلانی لەبارەی کۆنگرەی 12ـی پەکەکە بڵاو کردەوە.

پەیامەکەی ئۆجەلان کە ڕێککەوتی 25ـی نیسانی 2025ـی لەسەر نوسراوە، زیاتر لە 12 هەزار وشەی لەخۆ گرتووە.

ئۆجەلان بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە لە کاتێکدا لە تورکیا باس لەوە دەکرا ئایا کورد هەیە یان نییە و تا کوێ دەتوانێت بوونی هەبێت، پەکەکە بۆ سەلماندنی بوونی گەلی کورد و کردنەوەی دەرگای ئازادی بە ڕووی کورددا هاتە مەیدانی خەبات و کۆتایی بە خەباتی نەریتی هێنا بۆ گەلی کورد.

 ئۆجەلان ئاماژە بەوە دەدات کە زۆر بە کەمی خەڵک لەو تێدەگەن، لە کاتێکدا ڕێبەرایەتیکردن لە پەکەکەدا خاڵێکی وەرچەرخانە لە مێژووی کورد و هێندەی هەستانەوەی کورد گرنگە، دەڵێت: "ئاپۆ مەسیحی ئاسمان نییە تا باوەڕی پێ بکرێت، بەڵکو ڕێبەرایەتییەکە بە ڕەنجکێشان و بە کۆمەڵایەتی بوون خۆی ئافراندووە. بونیادنانی ڕێبەرایەتی سۆسیالیستییە لە مێژووی کورد و کوردستاندا. ئاپۆ بونیادنانی کەسایەتییەک نییە لە ڕێبەرایەتیدا، بەڵکو بونیادنانی ڕێبەرایەتییەکی هاوبەشە".

ئۆجەلان ئاماژە بەوە دەدات کە 50 ساڵە هەوڵ دەدات خەڵک لەوە تێ بگات، بەڵام وێڕای هەوڵە بەردەوامەکانیشی نەیتوانیووە خەڵک لەوە تێ بگەیەنێت و دەڵێت: "تێنەگەیشتن لە ڕاستینەی ڕێبەرایەتی لە پەکەکەدا، تێنەگەیشتنە لە پەکەکە و کورد و کوردستانی ئازاد و پێداگیرییە لە دواکەوتوویی، بۆیە گەشە ناکەین و بە ڕێبەرایەتی نابین. بۆ ئەوەی ئێوە لەوە تێبگەیەنم 50 ساڵە بێپسانەوە لە هەوڵ و کۆششدام".

ئۆجەلان بە ئاماژەدان بەوەی کە دامەزراندنی پەکەکە لە کاتێکدا بوو کە چەندین ساڵ بوو شۆڕشەکانی کورد لە باکوری کوردستان بە توندترین شێوە سەرکوت کرابوونەوە و ڕاستینەی بوونی کورد لەگەڵ هاتنی مۆدێرنێتەدا نەمابوو و لە پارچەکانی دیکەی کوردستانیشدا دۆخەکە زۆر جیاواز نەبوو لەوە، دەڵێت: "گرنگترین سەرکەوتنی پەکەکە وەک جوڵانەوەیەکی مۆدێرن، زیندووکردنەوەی ئەو ڕاستینەیە بوو. پەکەکە هەم ڕاستینەی بوونی کورد و کوردستانی سەلماند و هەم پاراستیشی لە بەزاندن. لە جوڵانەوەکانی دیکەی کورددا هێزێکی لەم جۆرە نەبوو. پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزێکی نەریتی و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان وەک هێزێکی بۆرژوای بچوک نەیانتوانی باوەڕ بە خەڵک بهێنن بۆ ئەوەی دانیان پێدا بنێن. ئەگەر پەکەکە نەبووایە 30 ساڵ لەمەوبەر هیچیان نەدەمان".

ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەرخودانی مەزنی پەکەکە خەباتی سەلماندنی بوونی کورد و کوردستانی کردووەتە یەکجارەکی و دەڵێت: "داننان بە ڕاستینەی کورد و کوردستان لەلایەن دۆست و دوژمنەوە، ناوی ئەو سەرکەوتنە گەورەیەی پەکەکەیە".

 پەکەکە کۆتایی بە سیاسەتی نکۆڵیکردن لە کورد هێنا

ئۆجەلان سەرنج دەخاتە سەر ئەوەی کە هەرچەند لە ئەنجامی خەباتی پەکەکەدا دان بە بوونی کورددا نرا لە تورکیا و هۆشیاری خۆڕێکخستنی ئادیۆلۆژیانە بەدی هاتووە، بەڵام بەربەست لەبەردەم هەنگاوی ئازادبووندا دروست بووە.

ئۆجەلان وای دەبینێت ئایدۆلۆژیای سۆسیالیزمی ڕاستەقینە (سۆڤیەتی) و کاریگەرییەکانی ڕۆڵی هەبووە لەمەدا و دەڵێت: "سۆسیالیزم لە سەدەی 20دا دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت لە زۆرێک لە وڵاتان، بوو بە حوکمڕان لە یەک لەسەر سێی وڵاتانی جیهان. لەگەڵ هەرەسی سۆسیالیستی ڕاستەقینە، ئێمە نەکەوتین، بەڵام دوچاری تەنگەژەیەکی سەخت بووینەوە".

ئۆجەلان ئاماژە بەوە دەدات کە چارەسەری نەتەوەی دیموکراتیک دەبێتە بنەمای ئەو قۆناغە نوێی بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە لە تورکیا دەستی پێ کردووە و دەڵێت: "ڕوانگەی چارەسەری مۆدێرنێتەی دیموکراتی، نەتەوەی دیموکراتیکە. ئەمەم لە تێکستی کۆمەڵگای دیموکراتیک و ئاشتی (27ـی شوبات)دا گوت و هەردووکیان بە هەمان واتا دێن".

ئۆجەلان بە سەرنج خستنە سەر هاوپەیمانێتی کورد و تورک لە سەردەمی عوسمانییەکانەوە تا دامەزراندنی کۆماری تورکیا، دەڵێت: "کوردەکان دامەزرێنەری سەرەکی کۆماری تورکیا بوون، کەچی ساڵێک دوای دامەزراندنی کۆمار، نادیدە گیران و ناسنامەی کوردی قەدەغە کرا. بەم جۆرەیش بوونی کورد کە لە سەردەمی سومەرییەکانەوە ناوی لە تۆمارە مێژووییەکان هەیە، لەگەڵ کۆماری تورکیادا سڕدرایەوە. بەڵام پەکەکە بە تێکۆشانی مەزنی خۆی کۆتایی بەو سیاسەتی نکۆڵیکردنە هێنا".

هەرەسی سۆڤیەت بوو بە قەیرانی ئایدۆلۆژیا و لە گەردنی پەکەکە ئاڵا

ئۆجەلان بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە لە دوای شکستی سۆسیالیزمی ڕاستەقینە لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، پەکەکیش پاشخانی ئایدۆلۆژی خۆی لەدەست دا، دەڵێت: "چونکە پەکەکە بە ڕوانگەی خەباتی سۆسیالیستی خۆی ڕێک خستبوو، بەرنامە، ستراتیج و تاکتیکی پەکەکە لەسەر بنەمای سۆسیالیزمی زانستی داڕژابوو. بەم جۆرەیش پەکەکە لەو کاتەوە چووە ناو قەیرانی ئایدۆلۆژییەوە، کەچی بە هۆی خەباتی ڕزگاریخوازیی نەتەوەییەوە پەکەکە لەسەر پێی خۆی مایەوە".

ئۆجەلان ئاماژە بەوە دەدات کە ڕزگاربوونی پەکەکە لەو قەیرانە ئایدۆلۆژییەی بە دەستیەوە دەناڵاند چەندین ساڵی خایاند، کاتێکیش خۆی کتێبێکی پێنج بەرگی لە زیندانی ئیمڕاڵی نوسی، سەرلەنوێ خەباتی سۆسیالیستی پێناسە کردەوە و ئایدۆلۆژیا و ستراتیجیەتی پەکەکەی داڕشتەوە.

بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، شتێکی تازە نییە

ئۆجەلان جەخت لەوە دەکاتەوە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، شتێکی نوێ نییە لەلای ئەوان، بەڵام کاتێک دەوڵەتی تورکیا داواکارییەکی لەم جۆرەی خستە ڕوو، ئەوان بە دەمیەوە هاتن.

ئۆجەلان جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئامانجی پەکەکە دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ و یەکگرتوو بوو لەسەر بنەمای مافی چارەی خۆنووسین و ئایدۆلۆژیای سۆسیالیزمی ڕاستەقینە، بەڵام لە لایەکەوە هەرەسی سۆسیالیزمی ڕاستەقینە و دووچاربوونەوەی سۆسیالیزمی ڕاستەقینە بە دەوڵەتە نەتەوەیییەکان و چارەسەرنەکردنی ئەو کێشانە، سەلماندی کە ئەم مۆدێلەی سۆسیالیزم پەیوەندی نییە بە ڕزگاری نەتەوەیی و بە پێچەوانەوە هەرچەند دەوڵەتی نەتەوەیی لەسەر بنەمای سۆسیالیزمیش بونیاد بندرێت خزمەت بە سیستەمی سەرمایەداری دەکات و جۆرێک لە سەرمایەداری مۆدێرنە. 

لەبارەی دوا بانگەوازەکەیشیەوە کە بە ناوی کۆمەڵگای دیموکرات و ئاشتی لە 27ـی شوبات بڵاو کرایەوە ئۆجەلان دەڵێت: "ئەم بانگەوازە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی کۆماری تورکیا دراوە و گرنگە. ڕاستە ئەوەی لەپێناو ئاشتیدا لە بەرامبەری خەبات دەکەی لەوانەیە دەوڵەت بێت، بەڵام دەکرێت کۆمەڵگای دیموکرات بە دیالۆگ لەگەڵ دەوڵەتیش بونیاد بندرێت. ئەمەیش دەبێتە لێکتێگەیشتنی دیموکراتی".

کۆنگرەی 12ـەی پەکەکە و کۆتایی هێنان بە رێبازی تێکۆشانی چەکداریی

لە کۆتایی پەیامەکەی ئۆجەلاندا بۆ کۆنگرەی پەکەکە و کۆتایی هێنان بە رێبازی چەکداری نوسیویەتی:

دوای 52 ساڵ، مانگ و هەفتەیەک لە مێژویی تێکۆشانمان، بەشێوەیەکی فەرمی سەردەمێکی مێژویی لەدوای خۆمان جێ دەهێڵین. بە مانەیەکی کۆنکرێتی تر، دەمانەوێت لەو سۆسیالیزمەوە کە ئامانجی دەوڵەت-نەتەوەیە، تێپەڕین بەرەو قۆناغێکی مێژوویی و سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک. هەروەک چۆن هەمووشتێک سەرەتا و کۆتایی هەیە.

سەردەمێک، لەبەر چوار هۆکاری بنەڕەتی دەبێت تێپەڕنرێت:

1- لەبەر ئەوەی پەکەکە لە روی جەوهەرییەوە گەیشتووە بە تەمەنی سروشتی خۆی، پێویستە بە فەرمی کۆتایی بەو کارانە بێنێت کە بەناوییەوە کراون. مەبەست لەمەش کۆتایهاتنی سۆسیالیزمی بونیادنراوە بە هۆکاری ناوخۆی، پێویست بە کردنەوەی ڕێگەیەکی نوێی سۆسیالیزم، بارودۆخی داننان و پێکهاتنی ناسنامەی کوردە.

2- تێکۆشانی چەکداری وابەستەی ستراتیژێکە کە ئامانجەکەی دەوڵەت-نەتەوەیە، بۆ دەرچوون و تێپەڕاندنی ئەم ئامانجە لەناو بەرنامەی کۆمەڵگەی دیموکراتیکدا دەبێت خۆی بسپێرێتە یاسا و سیاسەتی دیموکراتیک، بۆیە پێویست بەوەدەکات دەستبەرداری تێکۆشانی چەکداری ببێت، پاداشت و وەڵامدانەوەی ئەمەش دانپێدانانی مافی سیاسەتی دیموکراتیکی و گەرەنتییەکەی یاسایی یەکگرتووی بەهێزە.

3-لەبەرئەوەی کۆبونەوە و دیالۆگ لەگەڵ دەوڵەتدا لەژێر فەرمییەتی پەکەکەدا قبوڵ ناکرێت، پێویستی بە کۆتایهێنان بەوکارانە هەیە کە بەناوی پەکەکەوە دەکرێت، کە وەک توخمێکی گرنگ بووە بە ڕۆژەڤ، ئەمەش وەک ئەنجامێک دەتوانرێت لە ڕای گشتییدا ببینرێت.

4- لە پێناو سەردەمێکی نوێدا، پەڕینەوە بۆ ناو قۆناغی 'ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک' پێویستییە. هەم لە روی ناوەڕۆکەوە هەمیش لە روی فۆرمەوە ئەمە وەک ئەڵتەرناتیڤی سەردەمی دەستپێک، لەو باوەڕەدام بڕیارەکانی کۆنگرە دەربارەی کۆتایهێنان بە کار و خەباتەکانی کە بەناوییەوە دەکران، کۆمەڵگەی دیموکراتیک، سیاسەت و یاسایی، مێژوویی دەبن و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم.

سوربوون لەسەر مرۆڤایەتی سوربوونە لەسەر سۆسیالیزم.

سۆسیالیزمی دەوڵەت-نەتەوە کۆتایی هاتووە، سۆسیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراتیک سەرکەوتووە.

25ـی نیسانی 2025

عەبدوڵا ئۆجالان

بگەرێ لە سبەی
    2025 هەموو مافەکان پارێزراوە بۆ سبەی